سەردێری پرسیار:پشت کردن لە کەل و پەلی فەڕەنسی سوودی هەیە لەبەر ئەوە سوکایەتی بە پێغەمبەر کراوە؟ پەیامتان چییە بۆ ئەوانەی دەڵێن ئەمە بێ عەقلی یە؟

بەرواری دانان :2020-11-01 کۆدی پرسیار:2250

پرسیار:

پرسیار: ئایا پشت کردن لە کەل و پەلی فەڕەنسی سوودی هەیە لەبەر ئەوە سوکایەتی بە پێغەمبەر کراوە؟ پەیامتان چییە بۆ ئەوانەی دەڵێن ئەمە بێ عەقلی یە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: بەرگری کردن لە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم ئەمە دین و بیروباوەڕی موسلمانانە، موسلمان دەبێت پێغەمبەری خوای خۆش بوێت زیاتری هەموو دروستکراوەکان، چۆن دەبێت بەرگری لە خۆشەویست ترین کەس نەکەیت؟! هەروەها ئەمە داخلی فەرمان کردن بە چاکە و نەهی کردن لە خراپە دەبێت، هەروەها تەعن دان لە پێغەمبەری خوا موسلمان ئەگەر لەسەر ئەمە هەڵوێستی نەبێت ئەی لەسەر چی هەڵوێستی دەبێت؟! موسلمان ئەگەر بەرگری لە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نەکات ئەی ئیمان و بیروباوەڕ واتای چی؟!

هەڵوێستی موسلمان بەرامبەر بەم بێ ئەدەبییەی لە فەرەنسا کرا دەبێت بەم شێوەیە بێت لەم کاتە و سەردەمە:

١- ڕقی لەم کردەوەیە و لەوان ببێتەوە و زۆر تۆڕە ببێت لەسەر ئەو کردەوەیەی کراوە، چونکە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت خۆشەویسترین کەسە لای موسلمان دوای خۆشەویستی خوا، موسلمان دەبێت خۆشەویستی و ڕق لێ بوونەوەی لە پێناو خوای گەورە بێت.

٢- دوعا بکات خوای گەورە ئابووریان لاواز بێت، هەروەها بە کردەوەش بەرهەمەکانی ولاتی فەرەنسا نەکڕێت، چونکە بە لاواز بوونی ئابووریان باطل لاواز دەبێت، نەکڕینی کەل و پەلی فەڕەنسی زۆر کاریگەری لەسەر وڵاتەکەیان هەیە، بۆیە موسلمان دەبێت هەوڵ بدات بزانێت چ کەلوپەلێک فەرەنسی یە بە پێی توانا.

خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَقَالَ مُوسَىٰ رَبَّنَآ إِنَّكَ ءَاتَيۡتَ فِرۡعَوۡنَ وَمَلَأَهُۥ زِينَةٗ وَأَمۡوَٰلٗا فِي ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا رَبَّنَا لِيُضِلُّواْ عَن سَبِيلِكَۖ رَبَّنَا ٱطۡمِسۡ عَلَىٰٓ أَمۡوَٰلِهِمۡ وَٱشۡدُدۡ عَلَىٰ قُلُوبِهِمۡ فَلَا يُؤۡمِنُواْ حَتَّىٰ يَرَوُاْ ٱلۡعَذَابَ ٱلۡأَلِيمَ). [یونس:٨٨].

واتە: (جا کاتێک سته‌می فیرعه‌ون له سنوور ده‌رچوو) موسا نزای کردوو وتی: په‌روه‌ردگارا، به‌ڕاستی تۆ له ژیانی دنیادا ناز و نیعمه‌ت و ماڵ و حاڵ و جێگه و ڕێگه‌ی خۆش و ڕازاوه‌ت به‌خشیووه به‌فیرعه‌ون و داروده‌سته‌که‌ی، په‌روه‌ردگارا، ئه‌و شتانه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که (خه‌ڵکی) له ڕێبازو به‌رنامه‌ی تۆ وێڵ و گومڕابن، په‌وه‌ردگارا: ماڵ و سامانیان ته‌فرو تونا بکه‌و کوێری بکه‌ره‌وه‌، دڵیان بگوشه‌، (تا هه‌ست به‌خۆشی نه‌که‌ن)، ئه‌مانه باوه‌ڕ ناهێنن هه‌تا سزاو ئازاری به‌ئێش ئه‌بینن.

دکتۆر عبدالمحسن خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (لاواز کردنی باطل بە لاواز کردنی ئابورییان دەست پێ دەکرێت).

سلیمان بن ابراهیم بن عبدالله خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (دروستە دوعا لە کەسی گومڕابوو بکەیت ئەوانەی خەڵک لەسەر ڕێگای خوا لادەدەن بە لەناو چوونی مالیان، وە لەناو چوونی ئابوریان، بۆ ئەوەی سەر قال بن و واز لە فێل کردن لە ئیسلام و موسلمانان بهێنن، لەبەر وتەی موسا علیە السلام: (رَبَّنَا ٱطۡمِسۡ عَلَىٰٓ أَمۡوَٰلِهِمۡ)، پێغەمبەری ئێمە درود و سەلامی خوای لێ بێت کاتێک دوعای لە موشریکەکان دەکرد دەیگوت: "اللهم اجعلنا علیهم سنین کسني یوسف"). عون الرحمان في تفسیر القرٱن (۱۱/۱٤۱).

ئەم بێ ئەدەبی کردنە بەرامبەر پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت نیشانەی سەرکەوتنی ئیسلامە، نیشانەی ئەوەیە ئیسلام لە زیاد بوونە، بۆیە ئەوان ڕق و کینەیان هەستاوە. بێ عەقل ئەو کەس ئەوەیە کە هەلوێستی نەبێت بەرامبەر سوکایەتی کردن بە پێغەمبەری خوا، وەسف کردنی موسلمانان بە بێ عەقل کە هەلوێستی نوواندووە بەرامبەر سوکایەتی کردن نیشانەی نیفاقی کەسەکەیە، دەبێت کەسەکە نیشانەی پرسیار لەسەر ئیمانی خۆی دابنێت و تەوبە بکات.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام