سەردێری پرسیار:چی دەڵێن سەبارەت بە مەولود کردن، ئایا شەرعییە؟

بەرواری دانان :2020-10-25 کۆدی پرسیار:2241

پرسیار:

پرسیار: چی دەڵێن سەبارەت بە مەولود کردن، ئایا شەرعییە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن مەولود کردن داھێنراوێکە لە داھێنراوەکان، ئەگەر خێر و چاکە بوایا پێشینەکان دەیان کرد .

زانایان دەڵێن پرسیار لەوانە دەکەین کە مەولود دەکەن: ئایا مەولود پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت کردوویەتی یان نە؟

بۆ وەڵام ئەم پرسیارە دوو وەڵام ھەیە :

یەکەم: یان دەڵێن بەڵێ کردوویەتی، ئەگەر وا بڵێن دەڵێین گومانی تێدا نییە درۆیەکی ڕوون و ئاشکرایە، چونکە ھیچ بەڵگە نەھاتوون .

دووەم: یان دەڵێن نەخێر نەی کردووە، دەڵێین بۆچی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نەیکردووە؟ پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم زانیوویەتی کە مەولوود خێرە یان نە؟

دوو وەڵام ھەیە بۆ ئەم پرسیارە :

یەکەم: یان دەڵێن نەخێر پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نەی زانیووە کە مەولود خێرە، دەڵێین پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نەی زانیووە خێرە تۆ زانیووتە؟!

دووەم: یان دەڵێن بەڵێ پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم زانیوویەتی، دەڵێین ئەی بۆچی بە ئومەتی خۆی نەگووت کە مەولود خێرە؟! ئایا پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم خیانەتی کردووە پەنا بەخوا؟ ئایا ھەموو دینی نەگەیاند؟! ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (( یەکەم: شەوی مەولودی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم زانراو نییە بە شێوەی بڕاوە، بەلکو ھەندێک زانای سەردەم دەڵێن شەوی نۆی "ربیع الأول"ە، نەک شەوی دوازدە، ئەو کات یادی مەولود کردن لە دوازدەی ربیع الأول لە ڕووی مێژووەوە ھیچ ئەسڵ و ئەساس بۆی نییە .

دووەم: لەڕووی شەرعەوە یادی مەولود کردن ھیچ ئەسڵی نییە، ئەگەر شەرعی خوا بوایا پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بە کردەوە دەیکرد، یان بە ئومەتی خۆی دەگەیاند، ئەگەر کردبوایا یان گەیاندبوایا ئەوا نقل دەکرا و فەرموودە لەسەری دەھات و پارێزراو دەبوو، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت: "إنا نحن نزلنا الذكر وإنا له لحافظون"، ھیچ شتێک لەسەری نەھاتووە بەوە دەزانرێت کە دینی خوا نییە، ئەگەر دین خوا نەبێت نابێت بکەیت بە عیبادەت و لەخوا نزیک بیت پێی).

ئەوەی گرینگ بێت موسلمان برایەتی لەنێوان خۆیان بپارێزن، لەسەر مەولود کە شتێکی داھێنراویشە فیتنەی گەورە نەکەوێتە نێوانیان، چونکە ھەردوو لا مەبەستیان خوایە، ئەوەی مەولود دەکات بۆ خوا دەکات و لە خۆشەویستی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەیکات، ئەوەی مەولودیش ناکات لەبەر خوا نایکات و لەبەر خۆشەویستی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نایکات، چونکە خۆشەویستی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بە شوێن کەوتنە نەک پێش کەوتن .

موسلمان ئەگەر شوێن قورئان و سونەت بکەوێت بەسە بۆی، پێویست ناکات شوێن بیدعە بکەوێت یان شوێن شتێک بکەوێت گومانی لەسەرە، ھەروەک یەکێک لە ھاوەڵان دەڵێت: (شوێن قورئان و سونەت بکەون و شت دامەھێنن، چونکە ئەمە بەسە).

موسڵمانیش ئەگەر شوێن قورئان و سونەت بکەوێت و خۆی تووشی بیدعە و گومان نەکات باشترە بۆی، بۆچی کردەوەیەک دەکەیت قبول نابێت چونکە بیدعەیە یان گومانی لە قبول بوونی دا ھەیە؟! بۆچی کردەوەیەک ناکەیت دڵنیای لێی کە دینە و قورئان یان سونەت لەسەری ھاتووە و باسی کردووە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام