پرسیار: من شت لەبەر دەکەم بە نووسین، قورئان ئەگەر مەنووسم لەبیر دەکەم، دڵم نایەت قورئان بنووسم لەسەر کاغەز چی بکەم؟
وەڵام: لەبەرکردنی قورئان چ ڕێگایەکت لا ئاسان بوو دەتوانی هەلیبژێری، دەتوانی قورئان بە نووسین لەبەر بکەیت، دواتر پارچە کاغەزەکە یان دەسووتێنی یان دەنێژیت.
جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە لە ناو بردنی پەڕی كۆنی قورئان یان پەڕی دڕاو دوو وتە هەیە:
یەكەم: هەندێك زانا بۆ ئەوە چوون دەنێژرێت لە ژێر زەوی دا وەك مروڤ، كە ئەمە وتەی حەنەفی و حەنابلە.
حصكفی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (قورئان ئەگەر كۆن بوو وای لێ هات نەتوانرێت لە سەری بخوێنرێت دەنێژرێت لە ژێر زەوی دا وەك موسلمان). الدر المختار (١/١٩١).
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (قورئان ئەگەر دڕا بێت یان کۆن ببوو بە جۆرێک ناتوانی سوودی لێ وەربگریت ئەوە دەنێژرێت لە شوێنێک پارێزراو بێت، هەروەک ڕێزی لاشەی مرۆڤ دەنێژرێت لە شوێنێک پارێزراو بێت). مجموعە فتاوی ابن تیمیە (١٢/٥٩٩).
دووەم: هەندێك زانای تر بۆ ئەوە چوون دەسووتێنرێت كە ئەمە وتەی مالكی و شافعی.
ابن بطال ڕحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (عوسمان رەزای خوا لێ بێت فەرمانی دەركرد كە قورئانەكان بسوتێنن كاتێك قورئانی كۆكردەوە، كەواتە دروستە كتاب بسووتێنرێت كە ناوی خوای تێدا بێت یان لەسەر بێت، ئەوە وەك رێزگرتنە بۆ پاراستن لە پیس بوون و بۆ ئەوەی نەكەوێتە ژێر قاچەکان). شرح صحیح البخاری (١٠/٢٢٦).
زانایانی اللجنة الدائمة دەلێن: (قورئان یان كتێب یان پارچە كاغەز ئەگەر ناوی خوای لە سەر بێت كۆن بێت یان دڕابێت دەشاریەوە لە ژێر خۆڵ لە شوێنێكی باش و پاك دوور لە هاتووچۆی خەلك و شوێنی پیس، یان دەسووتێنی وەك پاراستن بۆی لەبەر كردەوەی خەلیفە عوسمان رەزای خوای لە سەر بێت، كە قورئانی سووتاندوە). فتاوی اللجنە الدائمة (٢/١٣٩).
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بەڵام دەبێت دوای سووتاندن پەڕی قورئان تێكەڵ بە یەكتری بكەی، چونكە هەندێك جار دوای سووتاندن وێنەی نووسینەكە هەر دەمێنێتەوە). فتاوی نور علی الدرب (١٦/١٤٨).
پوختەی وەلامی زانایان :
١- قورئان یان هەر كتێبێكی تر ناوی خوای گەورەی لەسەر بێت یان پارچە كاغەزێك كە ناوی خوای لەسەر بێت ئەگەر كۆن ببێت یان دڕا بێت دەبێت بسوتێنرێت یانیش بنێژرێت.
٢- ئەگەر سووتێنرا دەبێت تێکەڵ بەیەکتر بکرێت بۆ ئەوەی وێنەی قورئان بەدیار نەمێنێت.
٣- ئەگەر نێژرا دەبێت لە شوێنێكی پاك بنێژرێت و رێگای هاتووچۆی خەڵک نەبێت.