پرسیار: لەسەر ئافرەت واجبە سەلامی پیاو بداتەوە، یان دەبێت بە نهێنی وەڵام بداتەوە بێ دەنگ؟
وەڵام: سەرەتا زانایان دەڵێن خوای گەورە فەرمانی کردووە بە بڵاوکردنەوەی سڵام، واجبە وەڵامی سەلام بدرێتەوە، هەروەها سەلام لە یەکتر کردن یەکێکە لەو ھۆکارانەی خۆشەویستی دەکەوێتە نێوانیان.
سەلام کردن لە یەکتری گشتی یە ھەموو ئەمانە دەگرێتەوە:
١- پیاو سەلام لە پیاو بکات.
٢- ئافرەت سەلام لە ئافرەت بکات.
٣- پیاو سەلام لە ئافرەتی مەحرەم بکات، یان ئافرەت سەلام لە پیاوی مەحرەم بکات.
ئیلا ئافرەتی بێگانە نەبێت حوکمێکی تایبەتی ھەیە، ترسی تووش بوون بە فیتنەی تێدایە، ئافرەتی بێگانە دوو جۆرە:
یەکەم: ئافرەت ھەیە بە تەمەن داچووە و پیرە، ئەمەیان دەتوانی سەلامی لێ بکەیت.
دووەم: ئافرەت ھەیە گەنجە و بە تەمەن دا نەچووە، ئەمەیان سەلامی لێ نەکەیت باشترە، چونکە ئەگەر زۆری تووش بوون بە فیتنەی تێدایە.
پرسیار لە ئیمام مالک کرا ڕەحمەتی خوای لێ بێت: ئایا سەلام بکەم لە ئافرەت؟
فەرمووی: ئەگەر پیر بێت مەکروھ نییە "واتە دروستە"، بەڵام ئەگەر گەنج بێت پێم خۆش نییە سەلام لێی بکرێت.
ابن مفلح ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بە ئیمام ئەحمەدیان گوت: سەلام کردن لە ئافرەت؟
فەرمووی: ئەگەر پیر بێت ھیچی تێدا نییە.
صالح کوڕی ئیمام ئەحمەد دەڵێت: پرسیارم لە باوکم کرد سەلام لە ئافرەت بکەم؟
فەرمووی: ئەگەر بەتەمەن بێت ھیچی تێدا نییە، بەڵام ئەگەر گەنج بێت مەھێنە قسە، واتە داوای قسە کردنی لێ مەکە بە وەڵام دانەوەی سەلام). الآداب الشرعية (1/ 375).
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھاوەڵانی ئێمە دەڵێن: ئافرەت لەگەڵ ئافرەت وەک پیاو لەگەڵ پیاوە، بەڵام ئافرەت لەگەڵ پیاو، ئەگەر ئافرەتەکە خێزانی بوو یان جارییەی بوو یان مەحرەمێک بوو لە مەحرەمەکانی، ئەوە ئەو ئافرەتە وەک پیاو وایە بۆ سەلام کردن، سونەتە ھەردوو لا سەلام لە یەکتری بکەن، وە واجبە وەڵامی سەلام بدەنەوە، ئەگەر ئافرەتەکە بێگانە بوو، ئەگەر جوان بوو و ترسی تووش بوون بە فیتنەی تێدا بوو پیاو با سەلامی لێ نەکات، ئەگەر سەلامیش بکات دروست نییە وەڵامی بداتەوە، ئافرەتیش نابێت سەرەتا سەلامی لێ بکات، ئەگەر سەلامی کرد شایستەی وەڵام دانەوە نییە، ئەگەر وەڵامی داوە باش نییە بۆی.
ئەگەر ئافرەت پیر بێت و تووشی فیتنە نەبێت دروستە سەلام لەپیاو بکات، وە واجبە پیاوی وەڵامی سەلامی بداتەوە.
ئەگەر کۆمەڵێک ئافرەت بن پێکەوە پیاوەکان سەلامی لێ دەکەن، یان کۆمەڵێک پیاو سەلام لە ئافرەتێک دەکەن دروستە ئەگەر ترسی فیتنەی لەسەری یان لەسەریان نەبێت.
روى أبو داود (٥٢٠٤) عن أَسْمَاء ابْنَة يَزِيدَ قالت: مَرَّ عَلَيْنَا النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي نِسْوَةٍ فَسَلَّمَ عَلَيْنَا . صححه الألباني في صحيح أبي داود.
وروى البخاري (٦٢٤٨) عن سَهْلٍ بن سعد قَالَ: كَانَتْ لَنَا عَجُوزٌ تُرْسِلُ إِلَى بُضَاعَةَ (نَخْلٍ بِالْمَدِينَةِ ) فَتَأْخُذُ مِنْ أُصُولِ السِّلْقِ فَتَطْرَحُهُ فِي قِدْرٍ وَتُكَرْكِرُ حَبَّاتٍ مِنْ شَعِيرٍ (أي تطحن) فَإِذَا صَلَّيْنَا الْجُمُعَةَ انْصَرَفْنَا وَنُسَلِّمُ عَلَيْهَا فَتُقَدِّمُهُ إِلَيْنَا"). "الأذكار" لاپەڕە ٤٩٧.
سەبارەت بە وەڵام دانەوەی سەلامی پیاو لەلایەن ئافرەتەوە:
١-ئەگەر پیاوەکە مەحرەمی بوو واجبە سەلام بداتەوە.
٢-ئەگەر پیاوەکە پیاوەکە بێگانە بوو پیر بوو و ترسی تووش بوون بە فیتنەی نەبوو، کەسێکی بە ڕەوشت بوو، دەبێت وەلامی سەلامی بدەیتەوە.
٣- ئەگەر پیاوەکە بێگانە بوو گەنج بوو نابێت وەڵامی سەلامی بدەیتەوە گەنجەکە باش بێت یان خراپ، چونکە ئەگەری تووش بوو بە فیتنەی هەیە.
ئافرەت دەبێت ئاگادار بێت سەلام کردن یەکەم دەرگای ڕاکێشان و تووش بوون بە فیتنەیە، بە وەڵام دانەوەی سەلام و سەلام لەیەکتر کردن خۆشەویستی دەکەوێتە نێوان ژن و پیاوی بێگانە و تووشی فیتنە دەبن، هیچ جیاوازی نییە لەنێوان ژن و کچ و کوڕ و پیاوی خێزاندار.