سەردێری پرسیار:نوێژ کورت کردن و کۆکردنەوە لە جومعە چۆن دەکرێت ؟

بەرواری دانان :2018-10-04 کۆدی پرسیار:223

پرسیار:

پرسیار // نوێژ کورت کردن و کۆکردنەوە لە جومعە چۆن دەکرێت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن ئەو نوێژانەی کورت دەکرێنەوە ئەم نوێژانەن :

(١) نوێژی نیوەڕۆ و عصر و عیشایە ، ئەمانە چوار رەكاعەتن دەبن بە دوو ڕەکاعەت ، وە نوێژی مغرب کورت ناکرێتەوە وەک خۆی دەمێنێتەوە کە سێ ڕەکاعەتە .

ئەو نوێژانەی جمع دەکرێن " کۆ دەکرێنەوە " ئەمانەن :

(١) نوێژی نیوەڕۆ لەگەڵ عصر کۆ دەکرێتەوە ، دەتوانی نیوەڕۆ لە کاتی عصر بکەیت یان عصر پێش بخەیت لە کاتی نیوەڕۆ بکەیت ، وە نوێژی مغربیش لەگەڵ عیشا بە ھەمان شێوە .

نوێژی بەیانی کورت ناکرێتەوە و کۆ ناکرێتەوە لەگەڵ نوێژی تر ، وە کورت کردنەوەی نوێژ تایبەتە بە سەفەر بەلام کۆکردنەوەی نوێژ تایبەت نییە بە سەفەر .

سەبارەت بە نوێژی جومعە ھەر کەسێک جومعە بکات ئایا دەتوانێ نوێژ نوێژی عصریش لەگەڵی کۆبکاتەوە ، جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان دوو وتە ھەیە :

یەکەم // هەندێک زانا دەلێن نوێژی جومعە کۆدەکرێتەوە لەگەڵ عصر ، کە ئەمە وتەی شافعی یە ، بەلگە :

(١) جومعە جێگرەوەی نوێژی نیوەڕۆیە ، ئەگەر دروست بێت لەسەفەر نوێژی نیوەڕۆ و عصر کۆبکەیتەوە ئەوە دروستە نوێژی جومعە و ئێوارەش کۆبکەیتەوە .

دووەم // هەندێک زانا دەلێن نوێژی جومعە کۆناکرێتەوە لەگەل ئێوارە ، کە ئەمە وتەی مالکی ، حنابلە ، ابن عثیمینه ، بەلگە :

(١) جومعە لەسەفەر ناکرێت بەلکو لە بێجگه لەسەفەر (حضر ) دەکرێت ، وە بەزۆری کۆکردنەوە لەسەفەرە کەواتە نابێت جومعە کۆبکەیتەوە لەگەڵ عصر .

(٢) ئەسل وایە عیبادات ڕێگری کراوە ئیلا بەلگە هاتبێت ، هیچ بەلگە نەهاتوون کە دروست بێت .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر یەکێک بلێت بەلگە چییە بۆ ڕێگری کردنی کۆ کردنەوەی نوێژی عصر لەگەڵ جومعە ؟

وەلام // دەلێن بەلگە چی یە بۆ ئەوەی کە دروست بێت ؟ چونکە ئەسڵ وایە نوێژی عصر بکەیت لە کاتی خۆی .... )) "مجموع فتاوى ابن عثيمين" (15/371-375) .

وتەی ڕاست بەرفراوانی تێدایە گومانی لەوەدا نییە ئەگەر کۆنەکرێتەوە و هەر نوێژێک لە کاتی خۆیدا بکرێت باشترە و لە جیاوازیش ڕزگار دەبیت ، بەلام ئەگەر کۆبکرێتەوە دەلێین نوێژی بەتاڵ نییە و نوێژی دروستە و بەرفراوانی تێدایە .

ابن تەیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیاری لێ دەکرێت ئایا کۆکردنەوەی نوێژ باشترە لە سەفەر یان کورت کردن ؟

دەفەرمووێت : (( کردنی هەموو نوێژێک لە کاتی خۆی دا باشترە لە کۆکردنەوە ئەگەر پێویستی پێی نەبێت ، بەزۆری پێغەمبەر سەلامی خوای بێت لەسەفەر نوێژی کردووە لە کاتی خۆی دا ، بەلکو نوێژی کۆکردۆتەوە چەند جاری کەم )) مجموعە فتاوی ابن تیمیە ج ۲٤ لاپەڕە ۱۹

هەروەها دەفەرمووێت : (( کۆکردنەوەی نوێژ سونەت نییە لەسەفەر بەلکو بۆ پێویستی یە ، بەلکو نوێژ کۆدەکرێتەوە بۆ پێویستی جا چ لەسەفەر بێت یان لە بێجگە لەسەفەر بێت )) مجموعە فتاوی ج۲٤ لاپەڕە ٦٤

پوختەی وەلامی زانایان :

(١) کورت کردنەوەی نوێژ تایبەتە بە سەفەر ، بەلام جمع تایبەت نییە بە سەفەر .

(٢) لە سەفەر نوێژ لەکاتی خۆی دا کردن باشترە لە کۆکردنەوە ئەگەر پێویستیت پێ نەبێت ، بەلام کورت کردنەوە باشترە لە تەواو کرد .

(٣) کۆ کردنەوەی نوێژی عصر لەگەڵ جومعە باشتر وایە ئەمە نەکرێت ، بەلام ئەگەر کرا نوێژی بەتاڵ نییە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام