پرسیار: گەر کەسێک لای تۆ باسی کەسی نزیکی لا کردی و وتی فڵانەکەس ئەو قسەیەی پێ وتووی، تۆش لەوێ بووبی بوختانی بۆ کردبێت، دەبێت مەوقیفمان چۆن بێت کاتێک باسی کەسێکمان لادەکەن کە ئەو قسەیی نەووتووە و بوختانی بۆ کردووە؟
وەڵام: غەیبەت و بوختان دوو تاوانی گەورەن موسلمان دەبێت خۆی لێ بپارێزێت، خاوەنەکەی مفلس دەبێت لە ڕۆژی قیامەت، لە تاوانە گەورەکانە و تاوانە ترسناکەکانە، چونکە مافی خوای تێدایە و مافی بەندەشی تێدایە، زۆرجار ئەو کەسەی غەیبەتت کردووە یان بوختان بۆ کردووە دەمرێت یان سەفەر دەکات بۆ شوێنێکی تر نایبینیتەوە، لەم حالەتە ئەوە دەرفەتە نەما بگەیتە لای بۆ ئەوەی گەردەنی خۆتی پێ ئازا بکەیت.
سەبارەت بە ڕۆلی موسلمان ئەگەر گوێی لە غەیبەت بوو یان بوختان لە مەجلس:
١- دەبێت هەوڵ بدات خراپەکە بگۆڕێت، وە ڕوون بکاتەوە غەیبەت و بوختان چییە.
٢- دەبێت غەیبەت لابدات و ئینکاری بکات، هەر کەسێک غەیبەت لابدات پاداشتەکەی ئەوەیە خوای گەورە ڕوخسارت لە ئاگر دەپارێزێت.
٣- باسی چاکەکانی ئەو کەسە بکە کە غەیبەتی کراوە یان بوختان دراوەتە پاڵی.
٤- ئامۆژگاری کەسەکانی مەجلیسەکە بکە و بیان ترسێنە لە سزای ئەم تاوانە.
٥- بیری کەسەکانی مەجلسەکە بخەرەوە بیر لە عەیبی خۆیان بکەنەوە، چونکە کەس بێ عەیب نییە و کەس بێ تاوان نییە.
٧- واز لەو مەجلیسە بهێنە کە سەرپێچی خوای گەورەی تێدا کراوە.
خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَإِذَا رَأَيْتَ الَّذِينَ يَخُوضُونَ فِي آيَاتِنَا فَأَعْرِضْ عَنْهُمْ حَتَّى يَخُوضُوا فِي حَدِيثٍ غَيْرِهِ وَإِمَّا يُنسِيَنَّكَ الشَّيْطَانُ فَلا تَقْعُدْ بَعْدَ الذِّكْرَى مَعَ الْقَوْمِ الظَّالِمِينَ)[الأنعام:٦٨].
ئەگەر نەیتوانی بە زمان بیگۆڕێت دەبێت بە دڵ بیگۆڕێت و ئینکاری بکات، ئەویش بەمە دەکرێت:
١- دەبێت بە دڵ ڕقی لەم تاوانە بێتەوە و پێی ناخۆش بێت.
٢- کاریگەری توڕەبوونی پێوە دیار بێت.
٣- لەم مەجلیسە خراپەیە پاڵ نەداتەوە، دەبێت نەفسی خۆی ڕزگار بکات.