پرسیار: ئەگەر ئافرەتێک پاش مناڵ بوون نەیزانی پاکە یاخود پاک نییە چی بکات باشە؟ واتە ئەگەر هەندێک جار پاک بێ و هەندێک جاریش پاک نەبێ چۆن نوێژ بکات؟
وەڵام: زانایان دەلێن بۆ زانین و دڵنیا بوون لە پاک بوونەوە لە خوێنی حەیز یان نیفاس ئەم دوو نیشانەیە هەیە:
١- نزول القصة البیضاء، واتە: هاتنە خوارەوەی ئاوێکی سپی کە ڕەحم پالی پێوە دەنێت کاتی وەستانی خوێن، بەلام دەبێت ئەوەش بزانرێت هەندێک ئافرەت ئەم ئاوە سپییەیان نییە و ناهێتە خوارەوە.
٢- وەستانی خوێن و وشک بوونی بەجۆرێک ئەگەر هەندێک لۆکە (پەموو) لە شوێنی دابنێی ڕەنگی ناگۆڕێت بە خوێن.
ئافرەت ئەگەر پاک بووەوە پێش چل ڕۆژ واجبە لەسەری خۆی بشوات و نوێژ بکات و ڕۆژوو بگرێت، ئەگەر جارێکی تر خوێن هاتەوە لەو چل ڕۆژەدا، واجبە لەسەری نوێژ و ڕۆژوو تەرک بکات هەتا چل ڕۆژ تەواو دەبێت، دوای چل ڕۆژ ئەو کات سەیری دەکات یان خوێنی حەیزە یان خوێنی ئیستیحازەیە، بە نیشانە لێک جیادەکاتەوە، سەبارەت بە حيض و استحاضة زانایان دەلێن:
١- خوێنی حیض ڕەنگی ڕەشە، بەلام خوێنی استحاضة ڕەنگی سۆرە.
٢- خوێنی حیض خوێنێکی لینجە، بەلام خوێنی استحاضة خوێنێکی ڕوونە.
٣- خوێنی حیض بۆنێکی ناخۆشی ھەیە، بەلام خوێنی استحاضة بۆنی نییە خوێنێکی ئاساییە.
٤- خوێنی حیض خۆی لێک نادات، بەلام خوێنی استحاضة خۆی لێک دەدات.
٥- خوێنی حیض ماوەی دیارە لە کاتی خۆی دێت ھەندێک جار کەم و زیاد دەبێت، بەلام خوێنی استحاضة ماوەی دیار نییە.
٦- خوێنی حیض بەزۆری ئازاری لەگەلە بەتایبەتی سەرەتای ھاتنی حیض، بەلام استحاضة بەم شێوەیە نییە.