پرسیار: چی بکەم بۆ ئەوەی خوای گەورە لێم ڕازی بێت؟
وەڵام: ڕێگاکانی ڕازی بوونی خوای گەورە لە بەندە ئەمانەن:
١-یەکەم هەنگاو بۆ ڕازی بوونی خوای گەورە لە بەندە ئەوەیە خۆت فێری بیروباوەڕێکی پاک بکەیت بزانیت ئیمان چییە، ئەگەر موسڵمان یەکخواپەرست بوو ئەگەر چەند تاوانیشی هەبوو خوای گەورە لێی خۆش دەبێت، هیچ چاکەیەک بە قەد یەکخواپەرستی و بیروباوەڕی پاک نییە، پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم سێزدە ساڵ بانگەوازی بۆ یەکخواپەرستی و بیروباوەڕی پاک کردووە پێش ئەوەی نوێژ واجب بێت، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر بێگان لە یەکخواپەرستی و بە شتێکی زانراوە و سادە تێدەگەن، خەڵکانێک ئامادەن قورئان لەبەر بکەن بەڵام ئامادە نین خۆیان فێری یەکخواپەرستی بکەن، کەچی قورئان هەمووی باسی یەکخواپەرستی و بیروباوەڕ دەکات، لەبەر کردنی قورئان واجبە هەندێک پێی هەلبستن بەڵام فێر بوونی تەوحید واجبە لەسەر هەموو تاکێک.
٢-دوای ئەوەی فێری ئیمان و تەوحید بوویت گرینگی بە کردەوەکانی دڵ بدە، چونکە چاک بوونی دڵ چاک بوونی هەموو ئەندامەکانی لاشە، کردەوەکانی دڵ واجبن لەسەر هەموو تاکێک، کەچی زۆر خەڵک لێی بێ ئاگان، چێژ و خۆشی ئیمان پەیوەستە بە کردەوەکانی دڵ و ئەندامەکانی لاشە.
٣-خۆت لە حەڕامکراوەکان بپارێزە و واجبەکان ئەنجام بدە، وە خۆت لە مەکروهەکان بپارێزە و سونەتەکان بکە، دەست بە سونەتەکانەوە بگرە و سونەتت خۆش بوێت، نەک وەک خەڵکانێک هەر شتێک سونەت بێت لایان وایە واتە مەیکە، هەر عیبادەتێکت لا خۆشەویست بوو زیاتر لە هەموو عیبادەتەکانی تر هەوڵ بدە سووربە لەسەر ئەو عیبادەتە، چونکە خەڵک لێک جیاوازن بۆ چوونە بەهەشت، هەیە بە نوێژ و شەو نوێژدەچێتە بەهەشت و هەیە بە زۆر ڕۆژوو گرتن و هەیە بە خێروچاکە و هەیە بە زۆر قورئان خوێندنەوە و هەیە بە عیلم و زانست .... هتد.
٤-لەومەی نەفسی خۆت بکە و محاسبەی بکە و لێی ڕازی مەبە هەر کاتێک تووشی هەڵە بوویت، هەروەها ئەگەر کردەوەی باشیشت کرد سەرسام مەبە بە نەفەسی خۆت، چونکە ئەمە فەزل و چاکەی خوای گەورەیە بەسەرتەوە.
٥-خۆت لە تاوان بپارێزە و بیر لە سۆز و بەزەیی خوای گەورە بکەوە کە تۆ و چەند بەندەی تری داپۆشیوە، چەند تاوان بکەی ئەوەندە لە خوای گەورە دوور دەکەویتەوە.
قحطانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە نونیة دا دەفەرمووێت:
واللە لو علموا قبیح سریرتی لٲبی السلام علی من یــــلقانی
واتە: سوێند بەخوا ئەگەر خەلک نهێنییەکانی منیان بزانی بوایا، ئەوە کاتێک بە من دەگەیشتن پشتیان لەمن دەکرد و سەلامیان لە من نەدەکرد، بەلام خوای گەورە بەشێوەیەکی گشتی بە سۆز و بەزەیی خۆی مرۆڤی داپۆشیووە.
٦-خۆشەویستی خوای گەورە، مرۆڤ ئەگەر خوای گەورەی خۆش بوێت گوێڕایەلی دەکات و سەرپێچی کەم دەکات، چەند ڕێژەی خۆشویستنی خوای گەورەی لە دڵدا زۆر بێت سەرپێچی کەمتر دەبێت و گوێڕایەلی زیاتر دەبێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەش بزانە گرینگ ئەوە نییە بانگەشەی ئەوە بکەیت خوای گەورەم خۆش دەوێت، بەڵکو گرینگ ئەوەیە خوای گەورە تۆی خۆش بوێت، چونکە کەس ڕقی لە خوای گەورە نابێتەوە مەگەر کەسێک بێ دین بێت، خوای گەورە بەندەی خۆش دەوێت ئەگەر شوێن پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم کەوت.
زانایان دەلێن نیشانەکانی دڵی ساغ و کەسی خۆشەویست لای خوای گەورە ئەمانەن:
١- بەردەوام دڵی گلەی لە خاوەنەکەی دەکات ھەتا تەوبە دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ لای خوا.
٢- سارد نابێتەوە لە زیکری خوا و عیبادەت کردن.
٣- ئەگەر عیبادەتێک یان زیکرێک کە لەسەری بەردەوامە یان ھەولی بۆ دەدات، ئەگەر لێی بڕوات لای قورستر و ناخۆشترە بە لەدەست دانی سەروەت و سامان.
٤- تام و چێژ لە عیبادەت دەکات زیاتر لە خۆشترین خواردن و خواردنەوە.
٥-کاتێک دەچێتە ناو نوێژ ھەموو خەم و خەفەتی لەبیر دەچێت و دەچێتە ژیانێکی تر، وە ھەست بە خۆشی و خشوع دەکات لەناو نوێژ.
٦-ھەموو هیوایەتی خوایە و دەژیت لەم دونیایە تەنھا بۆ خوا، کاروکردەوە و ھەلس و کەوتی ھەمووی تەنھا بۆ خوایە.