سەردێری پرسیار:ئامۆژگاریتان چییە سەبارەت بە وتەی ئافرەتێك پیاوی زۆر لەگەڵی باشە کە چی گوێرایەلی ناکات و دەڵێت: واجبە لەسەر پیاوەکەم لەگەڵم باش بێت و بەخێومان بکات هیچ منەتی تێدا نییە، دەبێت پیاویش بە گوێمان بکات ئێمەش مرۆڤین؟

بەرواری دانان :2020-09-23 کۆدی پرسیار:2187

پرسیار:

پرسیار: ئامۆژگاریتان چییە سەبارەت بە وتەی ئافرەتێك پیاوی زۆر لەگەڵی باشە کە چی گوێرایەلی ناکات و دەڵێت: واجبە لەسەر پیاوەکەم لەگەڵم باش بێت و بەخێومان بکات هیچ منەتی تێدا نییە، دەبێت پیاویش بە گوێمان بکات ئێمەش مرۆڤین؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن گرینگترین شت ئەوەیە ئافرەت گوێڕایەلی ھاوسەری خۆی بکات، چونکە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (إِذَا صَلَّتْ الْمَرْأَةُ خَمْسَهَا، وَصَامَتْ شَهْرَهَا، وَحَفِظَتْ فَرْجَهَا، وَأَطَاعَتْ زَوْجَهَا، قِيلَ لَهَا: ادْخُلِي الْجَنَّةَ مِنْ أَيِّ أَبْوَابِ الْجَنَّةِ شِئْتِ). رواه الإمام أحمد (1664) من حديث عبد الرحمن بن عوف رضي الله عنه، وصححه الألباني في "صحيح الجامع" (660) .

واتە: (ئەگەر ئافرەت پێنج نوێژی کرد، وە مانگی ڕەمەزانیش بەڕۆژوو بوو، دامێنی خۆی بپارێزێت، وە گوێڕایەلی ھاوسەری خۆی کرد، پێی دەوترێ : بڕۆ بۆ ناو بەھەشت لە ھەر دەرگایەکی بەھەشت بتەوێ).

زۆر لە ئافرەتان هەست بە گەورەی مافی پیاوەکانیان ناکەن، کەچی پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرمووێت: (لَوْ كُنْتُ آمِرًا أَحَدًا أَنْ يَسْجُدَ لِغَيْرِ اللَّهِ، لَأَمَرْتُ الْمَرْأَةَ أَنْ تَسْجُدَ لِزَوْجِهَا). رواه ابن ماجة (1853)، وصححه الألباني في "صحيح سنن ابن ماجة".

واتە: ئەگەر من فەرمانم بە کەسێک بکردبا سوجدە ببات بۆ بێجگە لەخوا، ئەوە فەرمانم دەکرد ئافرەت سوجدە بۆ پیاوی خۆی ببات. پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرمووێت: (لَا يَصْلُحُ لِبَشَرٍ أَنْ يَسْجُدَ لِبَشَرٍ، وَلَوْ صَلَحَ لِبَشَرٍ أَنْ يَسْجُدَ لِبَشَرٍ، لَأَمَرْتُ الْمَرْأَةَ أَنْ تَسْجُدَ لِزَوْجِهَا، مِنْ عِظَمِ حَقِّهِ عَلَيْهَا). رواه الإمام أحمد (12614) ، وصححه الألباني في صحيح الجامع (7725) .

واتە: دروست نییە بۆ مرۆڤ سوجدە بۆ مرۆڤێکی تر ببات، ئەگەر دروست بوایا مرۆڤێک سوجدە بۆ مرۆڤێکی تر ببات، ئەوە فەرمانم دەکرد ئافرەت سوجدە بۆ پیاوەکەی خۆی ببات، لەبەر گەورەی مافی پیاو بەسەر ئافرەتەوە.

ھەر کەسێک لەم فەرموودەیە وردبێتەوە ھەست بە گەورەی حەقی پیاو دەکات بەسەر ئافرەتەوە، چونکە سوجدە یەکێکە لە گەورەترین عیبادەتەکان و ئەوپەڕی زەلیلی تێدایە، بەڵام بەداخەوە زۆر لە ئافرەتان ھەست بە حەقی پیاوەکانیان ناکەن و کەمتەرخەمن لە پێدانی مافەکانیان و خزمەتی ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت پیاو لەژێر دەستی ئافرەت دا بێت.

چەندین ئافرەت پرسیاریان ئەوەیە پێش زەواج دڵ و حاڵمان زۆر خۆشتر بوو لە دوای زەواج، کەچی ماڵ و مناڵی هەیە و هیج شتێکیشی لێ کەم نییە، لەبەر ئەوە سەرپێچی شەرعی خوای کردووە حاڵی دوای زەواج زۆر ناخۆشە و نازانێت هۆکاری چییە، گوێرایەلی پیاوەی ناکات، سوپاسی نیعمەتەکانی پیاوی ناکات، دەیەوێت ببێتە گەورەی ماڵەوە کەچی خوای گەورە پیاوی داناوە ببێتە گەورەی ماڵەوە، چەندین ئافرەت هەن لاشەیان گونجاوە بۆ زەواج بەڵام هێشتا عەقلیان ماوە بۆ زەواج بە کەڵکی زەواج ناهێن.

سەبارەت بە وتەی: (واجبە لەسەر پیاوەکەم لەگەڵم باش بێت و بەخێومان بکات هیچ منەتی تێدا نییە)، گومانی تێدا نییە واجبە لەسەر پیاو باش بێت لەگەڵ ئافرەت و واجبە لەسەر ئافرەتیش باش بێت لەگەڵ پیاو، بەڵام گوتنی: (هیچ منەتی تێدا نییە)، ئەمە قسەی کەسێکی ئەحمەق و بێ ئەدەبە، کوا ڕەوشتی ئافرەت بەرامبەر پیاوەکەی؟! ئەوەی سوپاسی خەڵک نەکات سوپاسی خوای گەورەش ناکات.

- پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: (لا ينظر الله إلى امرأة لا تشكر لزوجها). رواه النسائي و صححه الألباني في الصحيح (289). واتە: خوای گەورە بە چاوی ڕەحمەت سەیری ئەو ئافرەتە ناکات کە سوپاسی پیاوەکەی ناکات.

- پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: (من لم يشكرِ النَّاسَ لم يشكرِ اللَّهَ).

-عن أبي سعيد الخدري رضي الله عنه أنه عليه الصلاة والسلام قال: ( يَا مَعْشَرَ النِّسَاءِ، تَصَدَّقْنَ، فَإِنِّي رَأَيْتُكُنَّ أَكْثَرَ أَهْلِ النَّارِ)، فَقُلْنَ: وَبِمَ ذَلِكَ يَا رَسُولَ اللَّهِ؟ قَالَ: (تُكْثِرْنَ اللَّعْنَ، وَتَكْفُرْنَ العَشِيرَ). رواە البخاري (1462).

واتە: لە ئەبو سەعیدی خودری دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (ئەی کۆمەڵی ئافرەتان خیر بکەن و ماڵ ببەخشن، چونکە من ئێوەم بینیووە زۆربەی خەڵکی ئاگرن)، گوتان: لەبەر چی ئێمە زۆرترینی خەڵکی ئاگرن ئەی نێردراوی خوا؟ فەرمووی: (ئێوە زۆر جنێو و قسەی ناخۆش و دوعا لە خەڵک دەکەن، وە کوفر بە چاکەکانی پیاوەکانتان دەکەن).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام