سەردێری پرسیار:دەکرێت بە کورتی ڕوون کردنەوە بدەن لەسەر لێدانی شەرعی ئافرەت؟

بەرواری دانان :2020-09-23 کۆدی پرسیار:2185

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت بە کورتی ڕوون کردنەوە بدەن لەسەر لێدانی شەرعی ئافرەت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان سەبارەت بە لێدان لە ئافرەت دەڵێن:

١- یەکەم جار ئامۆژگار ئافرەت دەکەیت ، ئەگەر سوودی نەبوو پشت تێ کردن لەناو جێگا، ئەگەر سوودی نەبوو لێدان، ئەم ڕیز بەندییە واجبە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان.

٢- مەبەست لە لێدان بۆ چاک بوونە نەک ئازار دان وەک لێدانی ئاژەڵ.

٣- نابێت لێدانی ئافرەت لە ڕوخسار بێت و توند بێت و ئازاری ھەبێت بە یەک دەنگی ھەموو زانایان.

٤- لێدان ڕێگە پێدراوە بەلام تەرک کردنی لێدان باشترە، چونکە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت بە دەست لە کەسی نەداوە، نە لە ئافرەت و نە لە خزمەتکاری نەداوە.

٥- نابێت موسلمان دژی وتەی خوای گەورە بوەستێت و بەڵکو دەبێت تەسلیم بێت، چونکە کارەکانی خوای گەورە پڕن لە حیکمەت.

٦- بە ھیچ شێوەیەک دروست نییە پیاو یەکسەر لێدان بەکار بھێنێت بۆ ئافرەت بێ ئەوەی ئامۆژگاری بکات، یان بێ ئەوەی پشتی تێ بکات، ئەگەر لێی بدات تاوانبار دەبێت.

٧- زۆربەی ئەو لێدانەی ئێستا بۆ ئافرەت بەکاردێت ناشەرعییە و پیاو پێی تاوانبار دەبێت، چونکە لە ڕوخسار دەدرێت و توندە و ئازاری ھەیە و بریندار دەکرێت، نابێت لە ڕوخسار ئاژەڵ بدەیت ئەی چۆن دەبێت لە ڕوخساری ئافرەت بدەیت؟!.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام