پرسیار: دەکرێت بە کورتی باسی قصر و جمع بکەن؟
وەڵام: جمع (کۆکردنەوەی نوێژ): کۆکردنەوەی نوێژ ئەوەیە دوو نوێژی واجب کۆدەکەیتەوە لە یەک کاتدا دەکەیت، ئەو دوو نوێژەی کۆدەکەیتەوە کۆتایی نوێژی یەکەم سەرەتایی نوێژی دووەمە، واتە بە کۆتایی هاتنی کاتی نوێژی یەکەم سەرەتایی کاتی نوێژی دوومە، وەک نوێژی نیوەڕۆ لەگەڵ عصر، وە نوێژی مغرب لەگەڵ عیشا.
قصر (کورت کردنەوەی نوێژ): کورت کردنەوەی نوێژ ئەوەیە تەنها نوێژی چوار ڕەکاعەتی دەکەیت بە دوو ڕەکات، وەک نوێژی نیوەڕۆ و عصر و عیشا، نوێژی مغرب و بەیانی کورت ناکرێنەوە.
زانایان سەبارەت بە نوێژ کۆکردنەوە و کورت کردن دەڵێن:
١- نوێژ کورت کردنەوە تایبەتە بە سەفەر، واتە تەنها لە سەفەر دەتوانی نوێژ کورت بکەیتەوە، بەڵام کۆکردنەوەی نوێژ تایبەت نییە بە سەفەر.
٢- نوێژ کورت کردنەوە باشتر لە نوێژ تەواو کردن لە سەفەر، بەڵام کۆکردنەوە ئەگەر پێویست نەبێت باشتر وایە نوێژ لە کاتی خۆیدا بکەیت.
٣- نوێژ کۆکردنەوە دروستە نوێژی یەکەم ببەیتە کاتی نوێژی دووەم، وە دروستە نوێژی دووەم ببەیتە کاتی نوێژی یەکەم، واتە جمع تقدیم و تٲخیر هەردووکیان دروستن.
٤- هەر کەسێک نوێژ جمع بکات بە جمعی تقدیم، یان نوێژ کورت بکاتەوە و کۆ بکاتەوە لەسەفەر، پاشان بکاتە شوێنی نیشتەجێ بوون، لەسەری واجب نییە نوێژی دووەم بکاتەوە و جمعەکەی پووچ نابێتەوە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، بەڵام ئەگەر بزانێت یان گومانی بەزۆری بۆ ئەوە بچێت پێش نوێژی عصر دەگاتە مالەوە، باشتر وایە نوێژ جمع نەکات، چونکە پێویستی بە جمع نییە.
٥- کەسێک خاوەنی دوو خانووە لە دوو شاری جیاواز، زانایان دەڵێن لە ڕێگا پێش ئەوەی بگات بەو شارە دروستە نوێژ کورت بکاتەوە، بەڵام ئەگەر گەیشتە شارەکە ڕوخسەت بۆی نییە، چونکە خاوەنی دوو إقامەیە.
٦- سەبارەت بە نوێژی جومعە ھەر کەسێک جومعە بکات ئایا دەتوانێ نوێژ نوێژی عصریش لەگەڵی کۆبکاتەوە، جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان دوو وتە ھەیە:
یەکەم: هەندێک بۆ ئەوە چوون نوێژی جومعە کۆدەکرێتەوە لەگەڵ عصر، کە ئەمە وتەی شافعی و چەند زانای ترە.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژی جومعە کۆناکرێتەوە لەگەل عصر، کە ئەمە وتەی مالکی و حەابلە و ابن عثیمینه.
دەتوانی بڵێی مەجالی تێدایە، گومان لەوەدا نییە ئەگەر کۆنەکرێتەوە و هەر نوێژێک لە کاتی خۆیدا بکرێت باشترە ئەگەر پێویست نەبێت، بەڵام ئەگەر کۆبکرێتەوە دەلێین نوێژی بەتاڵ نییە و نوێژی دروستە و بەرفراوانی تێدایە، واللە ٲعلم.
ابن تەیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (کردنی هەموو نوێژێک لە کاتی خۆی دا باشترە لە کۆکردنەوە ئەگەر پێویستی پێی نەبێت، بەزۆری پێغەمبەر درود و سەلامی خوای بێت لەسەفەر نوێژی کردووە لە کاتی خۆی دا، بەڵکو نوێژی کۆکردۆتەوە چەند جارێکی کەم). مجموع الفتاوی ابن تیمیة (۲٤/۱۹).
هەروەها دەفەرمووێت: (کۆکردنەوەی نوێژ سونەت نییە لەسەفەر بەڵکو بۆ پێویستی یە، بەلکو نوێژ کۆدەکرێتەوە بۆ پێویستی جا چ لەسەفەر بێت یان لە بێجگە لەسەفەر بێت). مجموع الفتاوی (٢٤/٦٤).
٧- زۆربەی زانایان دەلێن نابێت نوێژ کورت بکەیتەوە بۆ سەفەر ئیلا دەبێت لەشاری خۆت دەربچیت، بەڵکو هەندێک زانا ئیجمع نەقل دەکەن، هەر کەسێک نوێژ کورت بکاتەوە لە ماڵەوە دەبێت نوێژ بکاتەوە.
٨- سەبارەت بە ماوەی نوێژ کورت کردنەوە بۆ مسافر تا چەند ڕۆژ دروستە نوێژ کورت بکاتەوە ئەگەر لە شوێنێک بمێنێتەوە، ھەر کەسێک سەفەر بکات بۆ شوێنێک و بمێنێتەوە دوو ئەگەری ھەیە:
یەکەم: ئەگەر لە شوێنە بمێنێتەوە چەند ڕۆژێک، بەڵام دیار نییە کەی دەگەڕێتەوە، یان لەبەر ئەوە ڕێگا داخراوە لەبەر بەفر ناتوانێت بگەڕێتەوە یان هەر هۆکارێکی تر، لەم حالەتە دروستە نوێژ کورت بکاتەوە ھەتا دەگەڕێتەوە.
دووەم: ئەگەر لەو شوێنە بمێنێتەوە چەند ڕۆژێک، بەڵام دیارە کەی دەگەڕێتەوە، لەم حالەتە باشتر وایە دوای چوار ڕۆژ نوێژەکان تەواو بکەیت لەسەر وتەی زۆربەی زانایان ئەگەر چی وتەی تریش هەیە و مەجالی تێدایە.
٩- سەبارەت بە ماوەی دووری ئەو سەفەرە کە نوێژی تێیدا کورت دەکرێت چەندین وتە هەن، وتەی ڕاست ئەوەیەسەفەر دیار ناکرێت بە ماوە، بەلکو عورف سەفەر دیار دەکات بۆ نوێژ کورت کردن تێیدا، کە ئەمە وتەی ابن تیمییە و ابن قدامە و ابن قیم وچەند زانای ترە.
١٠- هەر کەسێک دوای کاتی نوێژ سەفەر بکات لە مالەوە دەربچێت، پاشان لە ڕێگا نوێژ کورت بکات نوێژی دروستە، واتە مەرج نییە بۆ کورت کردنەوەی لەسەفەر داخلی کاتی نوێژ ببیت، هەر کەسێک دوای داخل بوون بە کاتی نوێژ سەفەر بکات دروستە نوێژ کورت بکاتەوە، کە ئەمە وتەێ زۆربەی زانایانە، مالکی و شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، بەڵکو هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن.
١١- هەر کەسێک سەفەر بکات، پاشان نییەتی مانەوە و نیشتەجێ بوونی هەبێت، نوێژ کورت ناکاتەوە بە یەک دەنگی هەموو زانایان.
١٢- ئەگەر کەسێک مسافر بێت لەگەل ئیمام نوێژ بکات نوێژی ئیمام و مسافرەکە یەک نوێژ بوو، دەلێین مسافر نابێت نوێژ قصر (کورت بکاتەوە)، نابێت پێچەوانەی ئیمام بکات، بەلکو دەبێت نوێژ تەواو بکات وەک ئیمام، کە ئەمە وتەی ابن عمر و ابن عباس و شافعی و ئەبو حەنیفە و ابن باز و ابن عثیمینه.
- بەڵام ئەگەر نوێژیان جیاواز بوو زانایان دەلێن دروستە.
نموونە: یەکێک نوێژی مغریبی کردووە وە مسافریشە ئیمام دەستی بەنوێژی مغریب کرد دەتوانێت نوێژی عیشا بکات لەگەڵ ئیمام. وە دەتوانێت چوار ڕەکاعەت بکات و دوو رکاعەتیش بکات، کە دوو رکعاتی کرد دەتوانێت لە رەکاعەتی دووەم سەلام بداتەوە خۆێ لە ئیمام جیا بکاتەوە، وە دەتوانێت چاوەڕێی ئیمام بکات هەتا رکاعاتی سێیەم تەواو دەکات پاشان لەگەل ئیمام سەلام دەداتەوە.
ئەگەر یەکێک مسافر بێت نوێژی مغریبی نەکردبێت کاتی نوێژی عیشا هاتە مزگەوت، دەلێین ئەم دوو حالەتەیە:
حالەتی یەکەم: ئەگەر ماوە هەبوو نوێژی مغرب بکات دەبێت نوێژی مغرب بکات، وە پاشان نوێژی عیشا لەگەل ئیمام دەکات وە تەواویش دەکات واتە چوار رکعات دەکات.
حالەتی دووەم: ئەگەر کات نەمابوو ئیمام دەستی بە نوێژی عیشا کرد، سێ وتە هەیە:
- هەندێک زانا دەلێن نوێژی عیشا دەکات یەکەم جار لەگەل ئیمام پاشان نوێژی مغرب.
- هەندێک زانای تر دەلێن نوێژی مغرب بەتەنیا دەکات، کە تەواو بوو لەنوێژی مغرب نوێژی عیشا لەگەل ئیمام دەکات.
- هەندێک زانای تر دەلێن لەگەل ئیمام دەچێتە ناو نوێژ بەلام نوێژی مسافر نوێژی مغریبە وە هی ئیمام عیشایە، ئیمام کە لە رکعاتی سێیەم هەستا بۆ چوارەم، مسافر هەلناستێت بەلکو لە ڕکعاتی سێیەم تەحیات دەخوێنێت و پاشان چاوەڕێی ئیمام دەکات هەتا رکعاتی چوارەم تەواو دەکات و سەلام دەداتەوە، پاشان مسافر نوێژی عیشا بەتەنیا دەکات.
- ئەم وتەیە هەمان وتەی پێشترە بەلام مسافر لە رەکاعەتی سێیەم کە تەحیاتی خوێند چاوەڕێی ئیمام ناکات سەلام دەداتەوە، وە چەند بەنوێژی عیشا گەیشت لەگەل ئیمام دەکات کە ئیمام سەلامی دایەوە مسافر هەلدەستێتەوە نوێژی خۆی تەواو دەکات.
وتەی ڕاست وتەی سێیەم و چوارەمە.
١٢- سەبارەت بە سەفەری تاوان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا دروستە نوێژ تێیدا کورت بکەیتەوە، دوو وتە هەیە:
- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دەبێت سەفەرەکە ڕێگەپێدراو بێت، ئەگەر سەفەری تاوان بێت ئەم ڕوخسەتە بۆی نییە، کە ئەمە وتە مالک و شافعی و حەنابلەیە.
- هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون چوون دروستە نوێژ کورت بکەیتەوە ئەگەر سەفەری تاوانیش بێت، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی مالک و ئەبو حەنیفە و ابن حزم و ابن تیمییە و شەوکانی و سەعدی و ابن بازە، ابن عثیمیندەفەرمووێت: ئەمە وتەیەکی بەهێزە.