پرسیار :ئایا هۆکار چییە پیاو و ژن حەڵاڵی خۆیان هەیە لەتەنیشتیانە کەچی قسەی باق و بریق لەگەڵ نامەحرەم دەکەن؟
وەڵام: زانایان دەلێن نابێت قسە لەگەڵ ئافرەتی بێگانە بکەیت، چونکە سەر دەکێشیت بۆ فیتنە، دەبێت موسلمان خۆی لێی بپاڕێزێت ئیلا لەم دووحالەتە نەبێت:
حالەتی یەکەم: ئەگەر قسەکردنە سوودی بۆ دین هەبێت دروستە، وەک پرسیار کردن یان بانگەوازی کردن ئەگەر ترسی ئەوەی نەبێت تووشی فیتنە بێت.
حالەتی دووەم: ئەگەر سوودێکی ڕێگە پێدراوی هەبێت بۆ دونیا.
بەلام زانایان دەلێن لەم دوو حالەتەش:
١- دەبێت قسە بکەیت بە پێی پێویست، نابێت درێژەی پێ بدەیت.
٢- نابێت ئەو قسانە بکات ئاماژە بۆ خۆشەویستی بکات یان ورژاندنی ئارەزوو.
٣- دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە گاڵتەکردن و پێکەنین.
٤- دەبێت دەنگی خۆیان ناسک نەکەن و کار لەیەکتر بکەن بەتایبەتی ئافرەت.
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەسڵ وایە هەر شتێک هۆکار بێت بۆ فیتنە نابێت، چونکە هەر شتێک سەر بکێشیت بۆ فەساد دەبێت ڕێگری لێ بکرێت). مجموعە فتاوی (١٥/٤١٩).
زانایان دەڵێن پەیوەندی ناشەرعی و کاری ناشەرعی ژن و پیاو بە خیانەت وەسف دەکرێت، خوای گەورە خیانەتکاری خۆش ناوێت، هەروەها هۆکارە بۆ تووش بوون بە فاحیشە، سزای زینای کەسانی خیزاندار تووندترین سزا بۆی دانراوە کە ڕەجم کردنە، ئەم سزا تووندە دانراوە لەبەر قیزەونی و گەورەیی ئەم تاوانە، هەروەها پەیوەندی ناشەرعی سەر دەکێشێت بۆ عیشق و تووشی عیشق دەبێت، عیشقیش یەکێکە لە دەردە کوشندەکان.
هۆکارەکانی قسەی باق و بریق کردن لەگەڵ نامەحرەم:
١-هۆکاری سەرەکی بۆ لاوازی ئیمان دەگەڕێتەوە، چونکە نەفسی مرۆڤ فەرمان بە خراپە دەکات.
٢-زۆر جار خراپی مامەلەی ژن و پیاو لەگەڵ یەکتر، یان مافی یەکتر بە یەکتر نەدان وا لە ژن و پیاوان دەکات چاویان لەدەرەوە بێت و قسە لەگەڵ نامەحرەم بکات.
٣-پابەند نەبوون بەو ئادابانەی شەرع دایناوە کە چۆن قسە لەگەڵ نامەحرەم دەکەیت، سەرەتا قسە لەگەڵ نامەحرەم دەکات قسەکان پێویست نیین، دواتر هێواش هێواش تووشی فیتنە دەبن.
قسە کردن لەگەڵ نامەحرەم شتێکی جوان نییە و کاریگەری لە کەسایەتی ژن و پیاو دەکات و سەردەکێشێت بۆ تووش بوون بە فاحیشە، ئەگەر پیاو بییەوێت ئافرەتێکی تریش مارە بکات دەبێت ڕێگای شەرعی بگرێتەبەر.