پرسیار: من سەردانی خزمانی نزیکم دەکەم الحمدلله وەک سیلەی ڕەحم، بەڵام دانیشتیان تێکەڵە بەناچاری دەبێ لەگەڵیان بم خۆ ناکرێ لەغورفەیەک دانیشم بەتەنها یان سفرەی نان خواردن یەک سفرەیە، بەڵام الحمدلله من بەپێی توانا خۆم پاراستیە لەقسە کردن و سەیرکردنی کچە خاڵ و کچە پلک، ئایا تاوانبار دەبم؟
وەڵام: هەموویان زانایان یەک دەنگن کە گەیاندنی سیلەی ڕەحم واجبە، بەلکو جیاوازی لەوەدایە ئایا ئەوانە کێن کە واجبە سیلەی ڕەحمیان بگەیەنی، سێ وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا دەلێن ئەوانەی واجبە سیلەی ڕەحمیان بگەیەنی مەحرەمن، وەک: باوک و دایک، خوشک و برا، باپیر و داپیر، منال و منالی مناڵ، مام و پور، خال و خالات (پور)، کە ئەمە وتەی بەناوبانگی حەنەفی و مالکی یە، بەلگە:
١- عن ٲبي هریرة ٲن رسول الله صلی الله علیه وسلم قال: (لا یجمع بین المرٲة و عمتها ، ولا بین المرٲة و خالتها). رواە البخاری (٥۱۰۹)، مسلم (۱٤۰٨).
واتە: لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی: (ژن و پورەکەی پێکەوە کۆناکرێتەوە جا خوشکی دایکی بێت یان باوکی (واتەکاتێک لە ژیاندا بن پێکەوە خێزانی یەک پیاو بن حەڕامە بەلام پاش مردنی حەلالە).
لەم فەرموودەیە ڕێگری کراوە ئافرەتێک بهێنی لەگەل پووری بۆ ئەوەی پەیوەندی نیوانیان نە پچڕێت، ئەمە بەلگە کە واجبە سیلەی ڕەحم بگەیەنێت، بەلام بێجگه لە مەحرەمەکان گەیاندنی سیلەی ڕەحم واجب نییە، چونکە دروستە پێکەوە کۆیان بکەیتەوە خێزانی یەک پیاو بن، وەک مناڵی خال و خالەت (پور).
دووەم: هەندێک زانای تر دەڵێن ئەوانەی کە واجبە سیلەی ڕەحمیان بگەیەنی ئەوانەن کە میرات وەردەگرن بێجگه لە ئەمانە ئەوانی تر واجب نییە، که ئەمە وتەی قاضي عیاض، النووي، بەلگە:
١- ائەبو هوڕەیڕە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پیاوێک وتی ئەی نێردراوی خوا کێ لە هەمووان لە پێشترە چاکەی لەگەل بکەم، وتی: (دایکت، پاشان دایکت، پاشان دایکت، پاشان باوکت، پاشان ئەوانەی دواتر دواتر). رواە البخاری (٥٨۷۱)، مسلم (۲٥٤٨).
سێیەم: هەندێک زانای تر دەڵێن ئەوانەی کە واجبە سیلەی ڕەحمیان بگەیەنیت نزیکەکانن جا میراتی وەربگریت لێیان یان وەرنەگریت، وە مەحرەم بێت یان مەحرەم نەبێت، کە ئەمە وتەی بەناوبانگی مالکی و وتەیەکە لە وتەکانی حەنەفی و ڕووکەشی وتەی شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، بەلگە:
١- ئەو بەلگانەی هاتوون باسی سیلەی ڕەحم دەکەن گشتین، کەواتە هەموو نزیکەکان دەگرێتەوە.
وتەی ڕاست وتەی یەکەمە واجبە سیلەی ڕەحم بۆ مەحرەمەکان بگەینیت، وە بێجگە لە مەحرەمەکان سونەتە سیلەی ڕەحم بگەینیت، چونکە:
١- زانایان دەلێن شەرع نایەوێت سیلەی ڕەحم بگەیەنێت بۆ هەموو نزیکەکان، چونکە ئەگەر وابێت دەبێت سیلەی ڕەحم بگەیەنیت بۆ هەموو نەوەی ئادەم، کەواتە دەبێت ڕێگایەک هەبێت بۆ دیارکردنی پلەی خزمایەتی، وە دەبێت پلەشیان جیاواز بێت.
٢- ئەگەر بلێیت تەنها سیلەی ڕەحمی میراتگر واجبە بگەیەنیت ئەمەیان ڕاست نییە، چونکە ئەگەر وابێت گەیاندنی سیلەی ڕەحم بۆ خال و خالەت "پور" واجب نییە، کەچی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (خالەت "پور" لە جێگای دایکە).
مرۆڤ دەبێت هەوڵ بدات حەقیقەت بۆ خەڵک ڕوون بکاتەوە بەپێی توانا، زۆر لە موسلمانان ئاسانکاری دەکەن و لەگەڵ نزیکەکان تێکەڵ دەبن، ئەم تێکەڵاوییە شەرعی نییە و حەڕامە، زانایان دەڵێن گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی واجبە و بڕینیشی تاوانێکە لە تاوانە گەورەکان، هەروەها تێکەڵاوی ژن و پیاویش حەڕامە، لەم حالەتە دەلێن واجب نییە پەیوەندی خزمایەتی بگەینیت ئەگەر زیانی بۆ کەسەکە هەبوو یان تووشی تاوان ببێت، هەندێک دەڵێن حالەتیش هەیە ئەگەر مەسلەحەتی تێدابوو پەیوەندی خزمایەتی نەپچڕێنێت باشترە، کەواتە سەیری مەسلەحەت و مەفسەدەت دەکەیت، بەڵام دەبێت تەقوای خوا بکات بە پێی توانا، واللە ٲعلم.
تێبینی: نابێت حەڕامی تێکەڵاوی ژن و پیاو بە دڵ پیسی وەسف بکرێت، زۆر خەڵک دەڵێن ئەمە خزمین و نزیکی یەکترین و دڵمان خاوێنە، ئەمە هەڵەیە و پێچەوانەی فەرموودەیە، وەسف کردنی ئەم حوکمە بە دڵ پیسی کوفرە پەنا بەخوا، موسلمان دەبێت ئاگادار بێت و تەسلیم بێت بۆ قورئان و سونەت.