سەردێری پرسیار:ئایا جنۆکە بە چاو دەبینرێن یان سێبەرەکەی یان گوێت لە دەنگیان دەبێت؟ من زۆر جار دەنگیانم بیستووە و سێبەرەکەیانم بینیووە؟

بەرواری دانان :2020-09-05 کۆدی پرسیار:2156

پرسیار:

پرسیار: ئایا جنۆکە بە چاو دەبینرێن یان سێبەرەکەی یان گوێت لە دەنگیان دەبێت؟ من زۆر جار دەنگیانم بیستووە و سێبەرەکەیانم بینیووە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن ئەسڵ وایە مرۆڤ جنۆکە نابینێت، لەبەر ئەوە پێی دەڵێن جن چونکە شاراوەن لە مرۆڤ و نایانبینن.

خوای گەورە دەفەرمووێت: (يَابَنِي آدَمَ لا يَفْتِنَنَّكُمْ الشَّيْطَانُ كَمَا أَخْرَجَ أَبَوَيْكُمْ مِنْ الْجَنَّةِ يَنزِعُ عَنْهُمَا لِبَاسَهُمَا لِيُرِيَهُمَا سَوْآتِهِمَا إِنَّهُ يَرَاكُمْ هُوَ وَقَبِيلُهُ مِنْ حَيْثُ لا تَرَوْنَهُمْ) {الأعراف:٢٧}.

زانایان دەڵێن چەندین بەڵگە هاتوون لە سونەت و واقع کە جنۆکە بە چاو بینراون، بەڵام لەسەر شێوەی حەقیقی خۆیان نەبینراون، کەواتە جمع لەنێوان ئایەت و فەرموودەکان ئەوەیە جنۆکە لەسەر شێوەی حەقیقی خۆیان نابینرێن، بەڵام لەسەر شێوەی تر وەک مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و شتی تر دەبینرێن.

ابن حجر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (شەیتان پێشەی ئەوەیە درۆ دەکات، وە خۆی دەخاتە سەر هەندێک شێوە دەکرێت مرۆڤ بییان بینێت، وتەی خوای گەورە: "إِنَّهُ يَرَاكُمْ هُوَ وَقَبِيلُهُ مِنْ حَيْثُ لا تَرَوْنَهُمْ"، ئەمە تایبەتە بەوە لەسەر شێوەی حەقیقی خۆی کە لەسەری دروستکراوە، واتە مرۆڤ ناتوانێت جنۆکە ببینێت لەسەر شێوەی حەقیقی خۆی کە لەسەری دروستکراوە). فتح الباري.

ابن تیمیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (جنۆکە شێوەی خۆیان دەگۆڕن بۆ شێوەی مرۆڤ و ئاژەڵ و مار و دووپشک و وشتر و مانگا و مەڕ و بزن و ئەسپ و گوێ درێژ و باڵندە و نەوەی ئادەم). مجموع الفتاوى (١٩/٤٤).

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (بە جنۆکە دەڵێن جن چونکە شاراوەن لە پێش چاوی ئێمە و نایان بینین، ئەوان عالەمێکی غەیبین و ئیمان ھێنان پێیان واجبە، ھەر کەسێک ئینکاری بوونی جنۆکە بکات کافرە، چونکە خوا و پێغەمبەری صلی اللە علیە وسلم بە درۆ خستۆتەوە، وە ھەموو ئومەت لەسەر ئەوەن کە جنۆکە بوونی ھەیە، ئەوانەی ئینکاری دەکەن پشت بە چی دەبەستن؟ پشت بە شتێک دەبەستن ئەویش ئەوەیە کە نایان بینن، ئایا ھەموو شتێک ئەگەر بوونی ھەبێت دەبێت ببینرێت؟ چەندين شت ھەن و نایان بینین کەچی بوونیان ھەیە، نموونە: ڕووح ئەوەی لە تۆدا ھەیە ئایا دەیبینی؟ عەقڵ بوونی ھەیە و لەگەڵ ئەوەش نابینرێت). إعانة المستفید (١/٣٢).

سەبارەت بە دەنگیان دەکرێت مرۆڤ گوێی لە دەنگیان بێت، واللە أعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام