پرسیار: حوکمی شووکردنی ئافرەت بە پیاوێک کە هێشتا لە پیاوی یەکەم جیانەبۆتەوە؟ کە ئەمە ڕوویداوە لە ناو موسلمانان، ئامۆژگاریتان چییە؟
وەڵام: هەموو زانایان یەک دەنگن شووکردن لە کاتی عیدەدا پوچە، جا چ عیدەی تەلاق بێت یان مردن، ئەی چۆن دەبێت ئافرەت شوو بکات کە هێشتا پیاوی یەکەم تەلاقی نەداوە؟! زۆر سەیرە لەناو موسلمانان شتی وا ڕوودەدات، ئێمە باسی کەس ناکەین و ناچینە ناو کێشەی خەڵک، چونکە ئەوە ئیشی ئێمە نییە، بەڵکو بەشێویەکی گشتی باسی ئەم حوکمە دەکەین، ئافرەت ئەگەر نیقابیش بێت و ڕۆژ بەڕۆژوو بێت و شەویش شەو نوێژ بکات شوو بە پیاوێکی تر بکات بێ ئەوەی پیاوەکەی تەلاقی بدا ئەمە هەڵەیەکی زۆر زۆر گەورەی کردووە، بەڵکو زەواجی دووەم بە زینا حساب دەکرێت.
لە الموسوعە الفقهیە باسکراوە دەڵێت: (هەموو فوقەهاکان یەک دەنگن دروست نییە بۆ بێگانە زەواج بکات لە کاتی عیدەدا، جا هەر عیدەیەک بێت، عیدەی تەلاق بێت یان مردن یان فسخ یان گومان، جا تەلاقەکە ڕەجعی بێت یان بائن، بۆ ئەوەی نەسەب پارێزراو بێت و ڕەچاوی مافی پیاوی یەکەم بکرێت.
ئەگەر عەقدی زەواج کرا لە عیدەدا، لێک جیا دەکرێنەوە.
بەڵگە وتەی خوای گەورە: "ولا تعزموا عقدة النكاح حتى يبلغ الكتاب أجله"). الموسوعة الفقهية (٢٩/٣٤٦).
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر ئەو ئافرەتەی لە عیدە دایە شوو بکات، هەردووکیان زانستیان بە عیدە هەبێت، ئەوە نیکاح حەڕامە و جووت بوونیش حەڕامە، ئەگەر جووت بن ئەوە بە زینا حساب دەکرێت و حەدی زینا لەسەریان جێ بەجێ دەکرێت، ئافرەت مارەیی بۆی نییە و نادرێتە پاڵ نەسەب.
ئەگەر هەردووکیان نەزان بن بە عیدە، یان نەزان بن بە حەڕامی، نەسەب جێگیر دەبێت، حەد لەسەریان جێ بەجێ ناکرێت، مارەیش واجبە.
ئەگەر پیاوەکە بزانێت و ئافرەتەکە نەزانێت، ئەوە حەد لەسەر پیاوەکە جێ بەجێ دەکرێت و مارەیی بۆ ئافرەتەکە هە، هیچ نەسەب بۆ پیاوەکە نییە.
ئەگەر ئافرەتەکە بزانێت و پیاوەکە نەزانێت، ئەوە حەد لەسەر ئافرەتەکە جێ بەجێ دەرێت و مارەیی بۆ ئافرەتەکە نییە). المغني (٨/١٠٣).
دەبێت ئافرەت تەقوای خوا بکات بزانێت تەلاق بە دەست پیاوە و بەهیچ شێوەیەک دروست نییە شوو بکاتەوە بێ ئەوەی لە پیاوی جیا ببێتەوە بە تەلاق یان خولع، هیچ ماڵێک نییە کێشەی نەبێت موسڵمان دەبێت نەرم و نیان بێت و ئارام بگرێت و بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکان بکات، پیاو چەند خراپ بێت و چەند ستەم لە ئافرەت بکات نابێت ئافرەت شوو بکاتەوە بێ ئەوەی جیاببێتەوە بە تەلاق یان خولع، نابێت هەڵە بە هەڵە چارەسەر بکرێت، داواکارم لە خوای گەورە هیدایەتی هەموو لایەکمان بدات و ئافرەتانمان بپارێزێت.