پرسیار: ئایا قورئان بۆ مردوو دەڕوات؟
وەڵام: قورئان هەدیە کردن ئەم چوار حالەتانەن:
حالەتی یەکەم: ئەگەر بچێتە لای گۆڕی مردوو قورئانی لەسەر بخوێنێت سوودی لێ وەرناگرێت، چونکە سوود لێ وەرگرتن کە سوودی بۆی هەبێت ئەو کاتەیە کە زیندوویە، بەتایبەتی سورەت یس خەلکانێک لەسەر مردوو دەخوێنن، زانایان دەلێن فەرموودەی معقل بن یسار دەلێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: (اقرٲوا علی موتاکم { یس}). رواە ابو داود ( ۳۱۲۱)، نسائی (۱۰٤۷)، واتە: بخوێنن لەسەر مردووەکانتان سورەتی { یس}.
زانایان دەلێن ئەمە نابێتە بەلگە کە سورەتی یس لە سەر مردوو دەخوێنی، چونکە:
١- فەرموودەکە لاوازە لەبەر دوو هۆ:
أ- اضطراب له سەنەد هەیە.
ب- ابو عثمان مجهوله دیار نییه.
٢- دەلێین ئەگەر فەرموودەکە ڕاستیش بێت نابێتە بەلگە، چونکە مەبەست بە (موتاکم) سەرەمەرگە نەک دوای مردن، بەلگە پالپشتی ئەمە بکات، فەرموودەی ابی سعید دەلێت: صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: (لقنوا موتاکم : لا الە ٳلا اللە). رواە مسلم (۹۱٦)، واتە: بە بیر ئەو کەسە بهێننەوە کە لە سەرەمەرگە و لە لای بلێن وشەی لا الە ٳلا اللە، لەم فەرموودە دەلێت (موتاکم) مەبەست پێ سەرەمەرگە نەک دوای مردن.
حالەتی دووەم: زیندوو قورئان دەخوێنێتەوە بە پارە بۆ مردوو، دەلێن ئەمە ناگات بە مردوو، چونکە دەبێت کردەوەکە باش بێت مەبەستی تەنها ڕەزامەندی خوا بێت بێت هەتا مردوو سوودی لێ ببینێت، کردەوەیەک باش نەبێت نە زیندوو سوودی لێ وەردەگرێ نە مردوو.
حالەتی سێیەم: ئەگەر قورئان بخوێنێتەوە بۆ ئەوە بێت لە خوا نزیک ببێت، وە ئەو کەسەی کە مردووە ئەگەر دایک و باوک بێت یان هەر کەسێکی تر بێت هۆکاری فێر بوون یان خوێندنەوەی قورئان خوێندنەوەی تۆ بن (واتە مردوو پێش مردن کەسەکەی فێرە قورئان کردووە یان هاندەر بووە یان خزمەتی کردووە)، ئەوە خێری قورئان خوێندنەوەی بۆی دەڕوات پێویست ناکات ناویان بهێنیت و بکەیتە هەدیە.
حالەتی چوارەم: ئەگەر قورئان بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی لە خوا نزیک بێت، وە ئەو کەسەی کە مردووە قورئانی بۆی دەکاتە هەدیە ئەو کەسە نەبۆتە هۆکاری فیر بوون یان خوێندنەوەی کەسە زیندووەکە، ئەم هەدیە کردنە دوو وتەی لەسەرە:
وتەی یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون هەدیە کردنی قورئان لە لایەن زیندووەوە بۆ مردوو دروستە و سوودی لێ وەردەگرێت، کە ئەمە وتەی حەنەفی و وتەی بەناوبانگی ئەحمەد و ابن عثیمینه، بەلگە:
١- دروستە دوعا بۆ مردوو بکەیت و خێری بۆ بکەیت کە هەموو زانایان یەک دەنگن مردوو سوود لە خێر و دوعا وەردەگرێت، کەواتە قورئان هەدیە کردنیش بە هەمان شێوە.
٢- فەرموودەی معقل بن یسار دەفەرمووێت قورئان لەسەر مردووی خۆتان بخوێنن، ئەمە بەلگەیە مردوو سوود لە قورئان خوێندن وەردەگرێت.
٣- فەرموودەی عائشە و ابو هریرە هاتووە، پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دوو مەڕ سەر دەبڕێت و دەلێت : ئەی خوایە ئەمە بۆ من و ئومەتەکەم، ئەمە بەڵگەیە دروستە کردەوەی باش بۆ خۆت و کەسێکی بکریت.
- فەرموودەی ابن عمر دەفەرمووێت: (المیت یعذب فی قبره بما نیح علیه)، واتە: مردوو هەست بە ئازار دەکات بە گریان و لە خۆدانی زیندوو، ئەگەر لە خۆ دان زەرەر بگەینێت بە مردوو کەواتە قورئانیش سوودی پێ دەگەینێت.
٥- ....
وتەی دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون هەدیە کردنی قورئان لەلایەن زیندووەوە بۆ مردوو دروست نییە و ناگات بە مردوو و سوودی لێ نابینێت، کە ئەمە وتەی مالک و شافعی، بەلگە:
١- خوای گەورە دەفەرمووێت: (وأن لیس لانسان الا ما سعی){النجم:٣٩}، واتە : بۆ هیچ مرۆڤێک کردەوە نییە ئیلا هی خۆی نەبێت ، قورئان هەدیە کردن هی خۆی نییە چۆن دەبێت .
٢- خوای گەورە دەفەرمووێت: (لها ما کسبت و لکم ما کسبتم) {البقرة: ١٢٤}، واتە: هەر شتێکیان کردبێ چاکە یان خراپە هەر بۆ خۆیانە ، ئەوەش ئێوە کردووتانە هەر بۆ خۆتان دەبێت .
٣- عن ابی هریرة، أن النبی صلی الله علیه وسلم قال: (ٳذا مات الانسان انقطع عنە عمله، ٳلا من ثلاث، صدقة جاریة، ٲو علم ینتفع به، ٲو ولد صالح یدعو له). رواە مسلم.
واتە: ئەگەر مرۆڤ مرد کردەوەی دەپچڕێت ئیلا ئەم سێیە نەبن: خێرێکی بەردەوام، زانستێک سوودی هەبێت، مناڵێکی باش دوعایان بۆ بکات.
٤- قورئان خوێندن وەک نوێژ کردەوەیەکی لاشەیە، نابێت هەدیە بکرێت.
٥- هاوەلان قورئانیان هەدیە نەکردووە بۆ مردوو، ئەگەر خێر بوایا و شتێکی باش بوایا ئەوان دەیان کرد.
٦-....
باسکردن بابەتەکە و جیاوازی نێوان زانایان و وەلام دانەوەی بەلگەکانی یەکتر زۆر دەخایەنێت، وتەی ڕاست نابێت قورئان هەدیە بکەیت بۆ مردوو، ئەگەر خێر بوایا هاوەلان دەیان کرد، وه ئەوانەی دەلێن دروستە قورئان هەدیە بکەیت دەلێن دروستە نەک قورئان هەدیە کردن سونەت بێت، کە خەلکانێک بە سونەت تێ گەیشتوون.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەلێت: (کردنی کردەوە و هەدیە کردن دروستە، بەڵام سونەت نییە، پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نەی کردۆتە سونەت بۆ ئومەتەکە، بەلکو ئاماژەی بۆ دوعا کردن بۆ مردووی کردووە ئەمە سونەتە و باشرە لە قورئان هەدیە کردن بۆ مردوو). مجموعە فتاوی ابن عثیمین.