پرسیار: جیاوازی چییە لەنێوان ئیمان و ئیسلام؟
الإسلام: هو الاستسلام للە بالتوحید و الانقیاد لە باطاعة والبراءة من الشرک وأهلە.
ئیسلام: واتە تەسلیم بوونە بۆ خوای گەورە بە یەکتاپەرستی، وە ملکەچ بوونە بۆی بە گوێڕایەلی و بەری بیت لە شیرک و ئەهلی شیرک.
جیاوازی نێوان ئیسلام و ئیمان یەکێکە لەو بابەتانەی زانایان بە درێژی باسیان کردووە لە پەرتووکی بیروباوەڕ، ئەگەر ئیسلام بە تەنیا هات یان ئیمان بە تەنیا هات، ئەوە مەبەست پێی هەموو دینی ئیسلامە، ئەو کات هیچ جیاوازی نییە لەنێوان ئیسلام و ئیمان، بەڵام ئەگەر پێکەوە هاتن هەر یەکەیان مانایەک هەلدەگرێت.
ئیمان: مەبەست پێی کردەوەی باطنە کە کردەوەی دڵ دەگرێتەوە وەک ئیمان بەخوا و خۆش ویستن و لەخوا ترسان و ئومێد بوون بەخوا و ئیخلاس و کردەوەی تری دڵ.
ئیسلام: مەبەست پێی کردەوەی دیارە و بەرچاوە ئەو کردەوەیەی ئیمان وای لێ دەکات بیکات، ئەگەر دڵی لەگەڵ نەبێت بۆ ئەم کردەوە کردنە ئەوە کەسەکە دووڕووە (منافق) یان موسلمانێکی ئیمان لاوازە.
ابن تيمية ڕەحمەتی خوا لێ بێت دەفەرمووێت: (ناوی ئیمان هەندێک جار بە تەنیا دێت بێ ئەوەی ناوی ئیسلامی لەگەڵ بێت، وە بێ ئەوەی کردەوەی باشی لەگەڵ بێت، وە بێ ئەوەی شتی تری لەگەڵ بێت، وە هەندێک جار لەگەڵ ئیسلام باس دەکرێت وەک:
١-فەرموودەی جبریل: " ما الإسلام ... وما الإيمان".
٢-وتەی خوای گەورە دەفەرمووێت: "إِنَّ الْمُسْلِمِينَ وَالْمُسْلِمَاتِ وَالْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ" {الأحزاب:٣٥}.
٣-وتەی خوای گەورە دەفەرمووێت: "قَالَتِ الْأَعْرَابُ آمَنَّا قُلْ لَمْ تُؤْمِنُوا وَلَكِنْ قُولُوا أَسْلَمْنَا وَلَمَّا يَدْخُلِ الْإِيمَانُ فِي قُلُوبِكُمْ" {الحجرات:١٤}.
٤- وتەی خوای گەورە دەفەرمووێت: "فَأَخْرَجْنَا مَنْ كَانَ فِيهَا مِنَ الْمُؤْمِنِينَ * فَمَا وَجَدْنَا فِيهَا غَيْرَ بَيْتٍ مِنَ الْمُسْلِمِينَ". {الذاریات:٣٥-٣٦}.
کاتێک ئیمان لەگەڵ ئیسلام باسکرا ئەوە ئەو کات ئیسلام کردەوەی ظاهر دەگرێتەوە: وشەی شایەتوومان و نوێژ و زەکات و ڕۆژوو و حەج، وە ئیمانیش کردەوەی دڵ دەگرێتەوە ئیمان بەخوا و فریشتە و کتێبەکان و پێغەمبەرەکان و ڕۆژی دوایی دەگرێتەوە.
ئەگەر ناوی ئیمان بە تەنیا باسکرا ئەوە ئیسلام و کردەوەی باشیش دەگرێتەوە، وەک فەرموودەی: "الإيمان بضع وسبعون شعبة، أعلاها: قول لا إله إلا الله ، وأدناها: إماطة الأذى عن الطريق"). مجموع الفتاوى (٧/١٣-١٥).
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوا لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر ئیمان و ئیسلام پێکەوە هاتن ئەوە ئیسلام تەفسیر دەکرێت بە تەسلیم بوون لە ڕووکەشدا کە وتەی زمانە و کردەوەی ئەندامەکانی لاشەیە، ئەوە دێتەدی لە ئیماندارێک ئیمانی تەواو بێت و لە ئیماندارێکیش ئیمانی لاواز بێت، خوای گەورە دەفەرمووێت: "قَالَتِ الْأَعْرَابُ آمَنَّا قُلْ لَمْ تُؤْمِنُوا وَلَكِنْ قُولُوا أَسْلَمْنَا وَلَمَّا يَدْخُلِ الْإِيمَانُ فِي قُلُوبِكُمْ"
ئیمان تەفسیر دەکرێت بە کردەوەی باطن کە دان پێدانانە بە دڵ و کردەوە کردنە، ئەمەش ناهێتەدی ئیلا لە ئیماندارێکی تەواو نەبێت، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: "إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ إِذَا ذُكِرَ اللَّهُ وَجِلَتْ قُلُوبُهُمْ وَإِذَا تُلِيَتْ عَلَيْهِمْ آيَاتُهُ زَادَتْهُمْ إِيمَانًا وَعَلَى رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ الَّذِينَ يُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنْفِقُونَ أُولَئِكَ هُمُ الْمُؤْمِنُونَ حَقًّا".
لەسەر ئەمە ئیمان بەرزترە، هەموو ئیماندارێک موسلمانە بەڵام پێچەوانە نییە). مجموع فتاوى ورسائل ابن عثيمين (٤/٩٢).