پرسیار: حوکمی قورئان خوێندنەوە لە گۆرستان؟
وەڵام: زانایان دەڵێن گۆرستان شوێنی قورئان خوێندنەوە نییە، نابێت لەناو گۆرستان قورئان بخوێنیتەوە، ئەگەر مەبەستی لە قورئان خوێندنەوە ئەوە بێت سوود بە مردوو بگەیەنێت بەم خوێندنەوەیە ئەوە دروست نییە، یان ئەگەر باوەڕی وابێت خوێندنەوەی قورئان لە گۆرستان باشترە لە شوێنی تر، ئەمەیان بیدعەیە.
چەند فەرموودەیەک هاتوون ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە گۆرستان شوێنی عیبادەت نییە، شوێنی نوێژ و قورئان خوێندنەوە نییە، بەڵگە:
١-عَنْ ابْنِ عُمَرَ عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: (اجْعَلُوا فِي بُيُوتِكُمْ مِنْ صَلَاتِكُمْ وَلَا تَتَّخِذُوهَا قُبُورًا).رواە البخاري (٤٣٢)، ومسلم (٧٧٧).
٢-عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: (لَا تَجْعَلُوا بُيُوتَكُمْ مَقَابِرَ، إِنَّ الشَّيْطَانَ يَنْفِرُ مِنْ الْبَيْتِ الَّذِي تُقْرَأُ فِيهِ سُورَةُ الْبَقَرَةِ). رواە مسلم (٧٨٠).
زانایانی اللجنە الدائمە دەڵێن: (ئەمە بەڵگەیە گۆرستان قورئانی تێدا ناخوێندرێ). اللجنة الدائمة للإفتاء (٣/١١٤).
ئەلبانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سەبارەت بە خوێندنەوەی قورئان کاتی سەردانی گۆرستان کردن هیچ ئەسل و ئەساسی نییە لە سونەت، بەهێزترین بەڵگە بۆ ئەوە کە دروست نییە قورئان بخوێنیتەوە وتەی پێغەمبەرە صلى الله عليه وسلم: "لا تجعلوا بيوتكم مقابر، فإن الشيطان يفر من البيت الذي يقرأ فيه سورة البقرة" أخرجه مسلم.
پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە گۆرستان شوێنی عیبادەت و قورئان خوێندنەوە نییە، لەبەر ئەوە هانی ئیمانداری داوە بۆ قورئان خوێندنەوە لە ماڵەوە و نەهی کردووە بکەیتە گۆرستان بە نەخوێندنەوەی قورئان تێیدا، هەروەک چۆن لە فەرموودەی تر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە شوێنی نوێژ نییە، دەفەرمووێت: "صلوا في بيوتكم، ولا تتخذوها قبورا"). ٲحکام الجنائز لاپەڕە (١٩١).