سەردێری پرسیار:حوکمی تەرک کردنی نوێژ؟ ئایا نوێژنەکەر کافرە؟

بەرواری دانان :2020-06-11 کۆدی پرسیار:2051

پرسیار:

پرسیار: حوکمی تەرک کردنی نوێژ؟ ئایا نوێژنەکەر کافرە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن تەرک کردنی نوێژ ئەم سێ حالەتانەن: 

حالەتی یەکەم: نوێژ ناکات باوەڕی پێی نییە، یان دەلێت واجب نییە یان دەلێت نوێژ نەکردن باشتڕە لە نوێژ کردن، ئەمەیان کافرە بە یەک دەنگی هەموو زانایان.

حالەتی دووەم: هەندێک جار نوێژ دەکات و هەندێک جار نوێژ ناکات لە تەمبەلی، ئەمەیان وتەی ڕاست ئەوەیە موسڵمانە.

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زۆر لە خەلکی بەلکو زۆربەیان لە زۆر شارەکان بەردەوام نین لەسەر کردنی ئەم پێنج نوێژە، لەو کەسانە نین کە بە یەکجاری واز لە نوێژ بهێنن، بەلکو هەندێک جار نوێژ دەکەن، وە هەندێک جار وازی لێ دەهێنن، ئەوانە نیفاق و ئیمانیان تێدایە، ئەحکامەکانی ئیسلامیان لەسەر جێ بەجێ دەکرێت بۆ میرات و ئەحکامەکانی تر). مجموعة الفتاوي (٧/٦١٧). 

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەوەی لای من دیار بێت خواش زاناترە نوێژ تەرک نەکردن بە یەکجاری پێی کافر دەبێت، ئەگەر یەکێک هەندێک جار بکات و هەندێک جار نەکات ئەمە کافر نابێت، چونکە ئەسل وایە ئیسلامی ماوە هەتا بەلگەی ڕوون هەبێت بۆ نەمانی ئیسلامی، ئەگەر ئینکاری واجبی بکات ئەوە کافرە لەبەر ئینکاری نەک بە تەرک کردنی). فتح ذي الجلال والإکرام (٢/١٦).

حالەتی سێیەم: نوێژ ناکات بە یەکجاری، بەڵام باوەڕی بە نوێژ هەیە و دەزانێت تاوانبارە و نوێژ کردن باشترە و دەزانێت واجبە بەلام لە تەمبەلی ناکات، ئەمەیان جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان ئایا کافرە یان مسولمانە، زۆربەی زانایان دەلێن مسولمانە، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون کافرە.

لە کۆنەوە جیاوازی هەبووە هەتا ئێستا، وە جیاوازییەکە بەهێزە لەنێوان زانایان ڕەحمەتی خوایان لێ بێت، هەموو زانایان یەک دەنگن نوێژ نەکەر کەسێکی زۆر خراپە و وەزعی زۆر خراپە، لەگەڵ ئەوەش ئەوانەی دەڵێن موسلمانە زۆر تووندن بەرامبەر نوێژ نەکەر سزایان بۆ داناوە.

-ئیمام مالک و شافعی بۆ ئەوە چوون نوێژنەکەر دەبێت بکوژرێت وەک حەد نەک کوفر.

-ئەبو حەنیفە بۆ ئەوە چووە دەبێت بەند بکڕێت لە بەندیخانە هەتا نوێژ دەکات.

-هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون داوای تەوبەی لێ دەکرێت، ئەگەر تەوبەی کرد و نوێژی کرد ئەوە موسلمانە، ئەگەر نوێژی نەکرد دەکوژرێت وەک هەڵگەڕاوە لەدین.

-هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون کافرە دەبێت بکوژرێت.

کێشەکە تەنها تەرک کردنی نوێژ نییە، چونکە زۆر نوێژ نەکەر ڕوکنەکانی تریشی ئیسلام ناکەن، وەک ڕۆژوو و زەکات و حەج، هەر کەسێک هەر چوار ڕوکنی ئیسلام تەرک بکات کافرە بە یەک دەنکی هەموو زانایان، چونکە کردەوە مەرجی دروستی ئیمانە نەک مەرجی تەواوی ئیمان بێت.

ئەوەی گرینگ بێت موسلمان دەبێت برایەتی بپارێزێت وەسفی برای خۆی نەکات بە تەکفیری ئەگەر نوێژنەکەری پێ کافر بێت، وە وەسفی نەکات بە مورجیئە ئەگەر نوێژ نەکەری پێ موسلمان بێت، نابێت بە هیچ شێوەیەک بەرگری لە نوێژنەکەر بکەیت، نابێت نەرمی بنووێنی بەرامبەر نوێژنەکەر بڵێی خوای گەورە غفور و رەحیمە، چونکە ئەوانەی نوێژنەکەر بە موسلمان دادەنێن زۆر تووندن بەرامبەری و سزایان بۆ داناوە، وە دەبێت بە ژێرانە بانگی نوێژنەکەر بکەیت بۆ ڕێگای ڕاست.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام