پرسیار: ئایا ڕاستە دەڵێن نوێژنەکەر مارەیی نایەت و نابێ کچی موسڵمانان بخوازێ و ئەگەریش بیخوازێ گشتی بە زینا حسابە بۆی؟
وەڵام: زانایان دەلێن ئافرەت دەبێت شوو بکات بە کەسێک دین و ڕەوشتی هەبێت، وە پیاویش کچێک بخوازێت و مارە بکات دین و ڕەوشتی هەبێت نوێژ یەکێکە لە بنچینە گرینگەکانی دینی ئیسلام ، دووەم بنچینەی ئیسلام نوێژە کە چەند هەزار فەرموودە هاتوون تەنها باسی نوێژ دەکەن.
پیاو ئەگەر نوێژ نەکات ئەم سێ حالەتانەن:
حالەتی یەکەم: نوێژ ناکات باوەڕی پێی نییە، یان دەلێت واجب نییە یان دەلێت نوێژ نەکردن باشتڕە لە نوێژ کردن، ئەمەیان کافرە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، وە حەڕامە و بە هیچ شێوەیەک دروست نییە ئافرەت شوو بەو کوڕە بکات.
حالەتی دووەم: نوێژ ناکات بە یەکجاری، بەلام باوەڕی بە نوێژ هەیە و دەزانێت تاوانبارە و نوێژ کردن باشترە و دەزانێت واجبە بەلام لە تەمبەلی ناکات، ئەمەیان جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان ئایا کافرە یان مسولمانە؟
زۆربەی زانایان دەلێن مسولمانە، کەواتە ئەگەر شووی پێ بکات عەقدی زەواج دروستە یان کوڕ ئەو ئافرەتە مارە بکات عەقدی زەواج دروستە.
هەندێک زانا دەلێن عەقدی زەواج پووچە، چونکە نوێژ نەکەر کافرە ئەگەر باوەڕیشی پێ هەبێت .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نوێژ نەکەر ئەگەر ئافرەت بێت نوێژ نەکات حەلال نییە بۆ موسلمان مارەی بکات، ئەگەر ئافرەتێکی گاورە بێت (نصراني) دروستە مارەی بکات، وە ئەگەر ئەو ئافرەتە ئاژەڵ بکوژێتەوە حەلال نییە گۆشتی ئەو ئاژەڵە بخۆیت). شرح ریاض الصالحین (٣/٢٠٤).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر نوێژ تەرک بکات دوای مارە کردن یان گواستنەوە دەبێت عەقدی زەواج فسخ بکرێت، چونکە بە نوێژ تەرک کردن دەبێتە هەلگەڕاوە لە دین پەنا بە خوا، ئەگەر عەقدی زەواج فسخ بوو دەبێت لێک جیا بکرێنەوە ژن و مێرد، پاشان ئەگەر خوای گەورە هیدایەتی دا گەڕاوە بۆ ئیسلام نوێژی کرد ئەوەی خێزانی بۆی دەگەڕێندرێتەوە، ئەگەر نا نابێت بۆی بگەڕێندرێتەوە). فتح ذي الجلال والإکرام (٢/١١).
ئەوەی گرینگ بێت موسلمان بیزانێت هەموو زانایان یەک دەنگن کە نوێژ نەکەر کەسێکی باش نییە و لە مەترسییەکی زۆر گەورە دایە، هەموو زانایان یەک دەنگن نوێژ نەکەر کەسێکی فاسقە.
حالەتی سێیەم: هەندێک جار نوێژ دەکات و هەندێک جار نوێژ ناکات لە تەمبەلی، ئەمەیان وتەی ڕاست ئەوە کە موسلمانە، ئەگەر ئافرەت شووی پێ بکات عەقدی زواج دروستە، بەلام گومانی تێدا نییە باشتر وایە شووی پێ نەکات و کەسێکی باش هەلبژێرێت لە دین و ڕەوشت، وە پیاویش ئەو جۆرە ئافرەتە مارە نەکات.
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زۆر لە خەلکی بەلکو زۆربەیان لە زۆر شارەکان بەردەوام نین لەسەر کردنی ئەم پێنج نوێژە، لەو کەسانە نین کە بە یەکجاری واز لە نوێژ بهێنن ، بەلکو هەندێک جار نوێژ دەکەن، وە هەندێک جار وازی لێ دەهێنن، ئەوانە نیفاق و ئیمانیان تێدایە، ئەحکامەکانی ئیسلامیان لەسەر جێ بەجێ دەکرێت بۆ میرات و ئەحکامەکانی تر) مجموعة الفتاوي (٧/٦١٧).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەوەی لای من دیار بێت خواش زاناترە نوێژ تەرک نەکردن بە یەکجاری پێی کافر دەبێت، ئەگەر یەکێک هەندێک جار بکات و هەندێک جار نەکات ئەمە کافر نابێت، چونکە ئەسل وایە ئیسلامی ماوە هەتا بەلگەی ڕوون هەبێت بۆ نەمانی ئیسلامی، ئەگەر ئینکاری واجبی بکات ئەوە کافرە لەبەر ئینکاری نەک بە تەرک کردنی). فتح ذي الجلال والإکرام (٢/١٦).