سەردێری پرسیار:کەسێک نییەتی ڕۆژوو شکاندنی هەیە ئایا ڕۆژووی دەشکێت؟

بەرواری دانان :2020-05-27 کۆدی پرسیار:2031

پرسیار:

پرسیار: کەسێک نییەتی ڕۆژوو شکاندنی هەیە ئایا ڕۆژووی دەشکێت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە نییەت ئایا ڕۆژوو دەشکێنێت یان نە، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نییەت ڕۆژوو ناشکێنێت، ئەمە وتەی حەنەفی و شافعی یە، بەڵگە:

(١)هیچ بەڵگە نەهاتوون تەنها نییەت ڕۆژوو بشکێنێت، ئەسل وایە ڕۆژووی ماوە ئیلا بەڵگە هاتبێت بۆ شکاندنی، تەنها نییەت ڕۆژوو ناشکێنێت دەبێت کردەوەی لەگەڵ بێت.

دووەم: هەندێک زانای تر دەڵێن هەر کەسێک نییەتێکی بڕاوەی ڕۆژوو شکاندنی هەبێت ڕۆژووی دەشکێت، وە لەسەریەتی ڕۆژووەکە قەزا بکاتەوە ئەگەر ڕۆژووی واجب بوو، ئەمە وتەی مالکی و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و ابن حزم و ابن عثیمینە، بەڵگە:

(١)عن عُمرَ بنِ الخطَّابِ رَضِيَ اللهُ عنه، أنَّ النَّبيَّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم قال: (إنَّما الأعمالُ بالنيَّاتِ). رواه البخاري (1) واللفظ له، ومسلم (1907).

ابن حزم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کەسێک نییەتی ڕۆژوو شکاندنی هەبێت ڕۆژووی بەتال دەبێت ئەگەر بە ئەنقەست بێت و لەبیری بێت، چونکە لە ڕۆژوودایە ئەگەر چی خواردنیش نەخوات و خواردنەوەش نەخواتەوە، وە چووت بوونیش نەکات). المحلى (6/175).

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کەسێک نییەتی ڕۆژوو شکاندنی هەبێت ڕۆژووی دەشکێت، بەڵگە وتەی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم: "إنَّما الأعمالُ بالنيَّاتِ"). الشرح الممتع (6/363).

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر بە گومان بێت لە ڕۆژوو شکاندن، یان ڕۆژوو شکاندنی پەیوەست کردبێت بە شتێک، وەک ئەوەی بڵێت ئەگەر خواردن یان خواردنەوەم دەست کەوت ڕۆژوو دەشکێنم، پاشان دەستی نەکەوت ڕۆژووی دروستە). لقاء الباب المفتوح (29/20).

باشتر وایە هەر کەسێک نییەتی بڕاوەی ڕۆژوو شکاندنی هەبێت ڕۆژووەکەی قەزا بکاتەوە، واللە أعلم.

پوختەی وتەی زانایان:

(١)هەر کەسێک بە گومان بێت لە ڕۆژوو شکاندن، یان ڕۆژوو شکاندنی پەیوەست کردبێت بە شتێک، ئەوە ڕۆژووی ناشکێت.

(٢)هەر کەسێک نییەتی بڕاوەی ڕۆژوو شکاندنی هەبێت باشتر وایە ڕۆژووەکەی قەزا بکاتەوە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام