پرسیار: نەخۆش چۆن نوێژ دەکات؟
وەڵام: زانایان دەڵێن نەخۆش بەم شێوەیە نوێژ دەکات:
یەکەم: نوێژ دەکات بە پێوە ئەگەر بتوانێت، جا چ بە گۆچانەوە بوەستێت یان بە دیوارەوە یان هەر شتێکی تر.
دووەم: ئەگەر نەتوانێت بە پێوە نوێژ بکات، یان لەسەری گران بێت و کاریگەری لە خشوعی بکات، لەم حالەتە بە دانیشتنەوە نوێژ دەکات، ڕکوع و سوجدە دەبات بۆ سوجدە سەری نزمتر دەکات.
سێیەم: ئەگەر نەتوانێت دابنیشێت لەسەر لا تەنیشت نوێژ دەکات، جا چ تەنیشتی ڕاست بێت یان چەپ هەردووکیان دروستن، باشتر وایە لەسەر ئەو تەنیشتە بکات کە ئاسانترە بۆی، ئەگەر هەردوو تەنیشت وەک یەک وابوون، باشتر وایە لەسەر تەنیشتی ڕاست بکات و ڕووی لە قیبلە بێت، ئەگەر کەس نەبوو ڕووی بکاتە قیبلە نوێژ دەکات بە گوێرەی حالی خۆی، وە بە ئیشارەت نوێژ دەکات و سەری نزم دەکاتەوە بۆ ڕکوع و سوجدە بردن.
چوارەم: ئەگەر نەیتوانی لەسەر تەنیشت بکات لەسەر پشت نوێژ دەکات و قاچەکانی ڕووەو قیبلە بێت، باشتر وایە هەندێک سەری بەرز بکاتەوە.
پێنجەم: ئەگەر نەتوانێت بە ئیشارەت نوێژ بکات، هەتا ناتوانێت بە سەریش ئیشارەت بکات، لەم حالەتە جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان:
(١)هەندێک دەڵێن بە چاو ئاماژە بۆ نوێژ دەکات، بۆ ڕکوع هەندێک چاو دادەخات، ئەگەر گوتی: (سمع اللە لمن حمدە) چاوی دەکاتەوە، ئەگەر سوجدەی برد چاوی زیاتر دادەخات.
(٢)هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژ لەسەری لادەچێت.
(٣)هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون کردەوەکانی نوێژ لەسەری لادەچێت نەک وتەکانی نوێژ، کە ئەمە وتەیەکی بەهێزە، واللە أعلم.