سەردێری پرسیار: ئافرەتێک زێڕی هەیە ئایا زەکاتی لێ دەکەوێت؟ ئەگەر لە مانگی ڕەمەزاندا ئەو زێڕە بفرۆشێت زەکات لەو پارەیە دەدات یان دەبێت ساڵێکی بەسەردا بڕوات؟

بەرواری دانان: 2020-05-05 کۆدی پرسیار: 1992

پرسیار:

پرسیار: ئافرەتێک زێڕی هەیە ئایا زەکاتی لێ دەکەوێت؟ ئەگەر لە مانگی ڕەمەزاندا ئەو زێڕە بفرۆشێت زەکات لەو پارەیە دەدات یان دەبێت ساڵێکی بەسەردا بڕوات؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زەکاتی زێڕو زیوی ڕێگە پێدراو ئەگەر بەکاری بهێنێت جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا دەلێن واجبە زەکاتی لێ بدات، کە ئەمە وتەی ابو حنیفە و ثەوری و داود و ابن حزم و صنعاني و ابن باز و ابن عثیمین و ابن حجر.

دووەم: هەندێک زانا دەلێن زەکاتی لێ ناکەوێت، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی و حنابلە و ابن خزیمە و ابن تیمییە و ابن قیم و شەوکانی و محمد بن ابراهیم و عبداللە حمید و محمد بن عبدالوهاب.

محمد الٲمین الشنقطي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زەکات دان هی ئەو زێڕەی کە ئافرەت خۆی پێ دەڕازێنێتەوە باشترە و دلنیاتره، چونکە هەر کەسێک خۆی لە شوبهەکان بپارێزێت ئەوە دین و نامووسی سەلامەت دەبێت و پارێزراو دەبێت، واز لەو شتانە بهێنە کە گومانی تێدایە بەرەو ئەو شتە بڕۆ کە گومانی تێدانییە، وە زانستیش لە لای خوای گەوریە) اضواء البیان (٢/١٣٤).

جیاوازییەکە بەهێزە ئەگەر زەکات بدات باشترە، واللە ٲعلم.

سەبارەت بە فرۆشتنی زێڕ لە مانگی ڕەمەزاندا دوو ئەگەری هەیە:

یەکەم: ئەگەر گەیشتبێتە حەدی نیساب و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕ بووبێت، لەم حالەتە دەبێت زەکات بدات، چونکە زەکاتی لەسەر واجب بووە پێش ئەوەی زێڕەکە بفرۆشێت.

دووەم: ئەگەر گەیشتبێتە حەدی نیساب بەڵام ساڵێکی بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت، ئەم بابەتە پێی دەڵێن "انقطاع الحول" لە زەکات، جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئەگەر زێڕ بە زیو بگۆڕیتەوە یان پێچەوانە، یان بفرۆشیت بکەیتە پارە، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ساڵێکی تر سەر لەنوێ حساب دەکات، واتە دوای ساڵێکی تر زەکات دەدات، کە ئەمە وتەی شافعی یە.

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر زێڕ بە زێڕ بگۆڕێتەوە یان بە زیو، ئەوە حسابی تێپەڕ بوونی ساڵێک سەر لەنوێ دەست پێ دەکاتەوە). روضة الطالبين (2/186).

دووەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون لەسەر ئەوەی پێشووتر حساب دەکات، نابێت سەر لە نوێ حساب بکاتەوە، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و حەنابلەیە.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێط دەفەرمووێت: (دەڵێین: ئەگەر چل مەڕ بفرۆشێت بە درهەم ئەوە فرۆشتنە.

ئەگەر چل مەڕ بگۆڕێتەوە بە مانگا ئەمەیان گۆڕینەوەیە، هەردووکیان لە ڕاستیدا گۆڕینەوەن.

وتەی: "أبدله بغير جنسه"، ئەگەر بگٶڕیتەوە بە جنسێکی تر دەبێت سەر لەنوێ دەست پێ بکرێتەوە، ئەگەر بگٶڕێتەوە بە جنسی خۆی، ئەوە قطع نابێت و نابێت سەر لەنوێ دەست پێ بکرێتەوە. نموونە: ئافرتێك زێڕی خۆی بە زێڕی تر دەگٶڕێتەوە، ئەمەیان ساڵ قطع نابێت، چونکە بە جنسی خۆی گۆڕیتەوە.

یان کەسێک ٤٠ مەڕی هەیە دەگٶڕێتەوە بە ٤٠ مەڕی تر، ئەمەیان ساڵ قطع نابێت، چونکە بە جنسی خۆی گۆڕیتەوە). الشرح الممتع" (12/6) .

سەبارەت بە گۆڕینەوە زێڕ بە پارە کە دەکاتە فرۆشتن جیاوازی هەیە زێڕ و زیو پارە یەک جنسن یان نە، هەندێک دەڵێن یەک جنسن ساڵ قطع نابێت، هەندێکی تر دەڵێن دوو جنسی لێک جیاوازن، باشتر وایە زەکات لێ بدات.

تێبینی: هەر کەسێک زێڕ یان ماڵ بفرۆشێت بۆ ئەوەی لە زەکات ڕابکات و زەکات نەدات، ئەمەیان دەبێت زەکات بدات، ئەگەر نەدات دەبێت بە زۆری لێی وەربگیرێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام