ئەگەر ئافرەتێک پارچە زێرێکی هەبێت سەرووی ۱٠٠ مسقال بێت وەک ئەو قایشانەی ئافرەت هەیەتی، وە تەنها ئەو پارچەی هەبێت ئایا زەکاتی لێ دەکەوێت؟ چونکە ئەگەری هەیە ئەو پارچەیە خورد بکاتەوە زەرەر زۆربکات بەو شەرتەی ئەو پارچە زێڕه بەکاربێنیت واتە لەبەری بکات نەک هەلیگرتبی تیجارەت پێ بکات؟
وەڵام: زەکاتی زێڕو زیوی ڕێگە پێدراو ئەگەر بەکاری بهێنێت جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا دەلێن واجبە زەکاتی لێ بدات، کە ئەمە وتەی ابو حنیفە و ثەوری و داود و ابن حزم و صنعاني و ابن باز و ابن عثیمین و ابن حجر.
دووەم: هەندێک زانا دەلێن زەکاتی لێ ناکەوێت، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی و حنابلە و ابن خزیمە و ابن تیمییە و ابن قیم و شەوکانی و محمد بن ابراهیم و عبداللە حمید و محمد بن عبدالوهاب.
محمد الٲمین الشنقطي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زەکات دان هی ئەو زێڕەی کە ئافرەت خۆی پێ دەڕازێنێتەوە باشترە و دلنیاتره، چونکە هەر کەسێک خۆی لە شوبهەکان بپارێزێت ئەوە دین و نامووسی سەلامەت دەبێت و پارێزراو دەبێت، واز لەو شتانە بهێنە کە گومانی تێدایە بەرەو ئەو شتە بڕۆ کە گومانی تێدانییە، وە زانستیش لە لای خوای گەوریە) اضواء البیان (٢/١٣٤).
جیاوازییەکە بەهێزە ئەگەر زەکات بدات باشترە، واللە ٲعلم.
نیسابی عەیاری ٢١ و ١٨ بەم ڕێگایە دەردێت:
(کێشی زێڕ× ٢١) ÷ ٢٤ = کێشی زێڕی عەیار ٢٤.
(کێشی زێڕ× ١٨) ÷ ٢٤ = کێشی زێڕی عەیار ٢٤.
نموونە: کەسێک ٥٠٠ غرام زێڕی عەیار ٢١ ی هەیە، زەکات بەم شێوە حساب دەکات:
(٥٠٠ غرام × ٢١) ÷ ٢٤ = ٤٣٧.٥غرام زێڕی عەیار ٢٤.
٤٣٧.٥غرام زێڕی عەیار ٢٤×٢.٥٪= ١٠.٩٣غرام زێڕی عەیار ٢٤ زەکات دەدات.
ئەگەر بییەوێت لە جیاتی زێڕ پارە بدات بەم شێوەیە حساب دەکات:
١٠.٩٣ غرام × نرخی یەک غرام زێڕی عەیار ٢٤= زەکات بە پارە.