پرسیار: خوای گەورە دەفەرمووێت: (شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ)، باشە قورئان بە بیست و سێ ساڵ دابەزیووە مەبەست لەمە چییە؟
وەڵام: زانایان دەڵێن قورئان دابەزیووە بۆ محمد صلی اللە علیە وسلم لە مانگی ڕەمەزان دا و شەوی قەدردا، پاشان ئەم دابەزینە بەردەوام بووە هەتا نزیک مردنی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم.
کەواتە هەموو زانایان یەک دەنگن قورئان هەموو بە یەک جار بۆ محمد صلی اللە علیە وسلم دانەبەزیووە، بەڵکو دابەزیووە بە شێوەی جیا جیا بە گوێرەی ڕووداو و حالەکان و پێویستی خەڵک، چەند بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا هاتوون لەوانە:
(١)خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوْلَا نُزِّلَ عَلَيْهِ الْقُرْآنُ جُمْلَةً وَاحِدَةً كَذَلِكَ لِنُثَبِّتَ بِهِ فُؤَادَكَ وَرَتَّلْنَاهُ تَرْتِيلًا) {الفرقان:٣٢ }.
(٢)خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَقُرْآنًا فَرَقْنَاهُ لِتَقْرَأَهُ عَلَى النَّاسِ عَلَى مُكْثٍ وَنَزَّلْنَاهُ تَنْزِيلًا) {الإسراء:١٠٦}.
ئەوەی جیاوازی هەبێت لەنێوان زانایان ئەوەیە دابەزینی ئەسلی قورئانە، ئایا قورئان بە یەک جار دابەزیووە ئاسمانی دونیا، پاشان دابەزیووە بۆ محمد صلی اللە علیە وسلم بە شێوەی جیا جیا، یان بە یەک جار بۆ ئاسمانی دونیا دانەبەزیووە، پاشان دابەزیووە بۆ محمد صلی اللە علیە وسلم بە شێوەی جیا جیا بە گوێرەی واقع.
هۆکاری ئەم جیاوازی یە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەندێک ئایەت ئەو مانایە دەگەیەنن قورئان بە یەک جار لە یەک کات دا دابەزیووە بۆ ئاسمان، لەوانە:
خوای گەورە دەفەرمووێت: (شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ) {البقرة:١٨٥}.
خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ) {القدر:١}.
جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان بەناو بانگترینیان ئەم دوو وتەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون قورئان لە لوح المحفوظ دابەزیووە بۆ ئاسمانی دونیان لە شەوی قەدر بە یەک جار، پاشان دابەزیووە بە شێوەی جیا جیا لە ماوەی بیست و سێ ساڵ دا.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون سەرەتایی دابەزینی قورئان لە شەوی قەدردا بووە نەک هەمووی، پاشان بە شێوەی جیا جیا دابەزیووە لە چەند کاتی جیاوازدا بە گوێرەی ڕووداوەکان و پێویستی خەڵک.