سەردێری پرسیار:حوکمی نوێژی جومعە لە ڕۆژی جەژن ؟

بەرواری دانان :2018-10-03 کۆدی پرسیار:197

پرسیار:

پرسیار // ئەگەر جەژن بکەوێتە ڕۆژی جومعە ئایا واجبە ئامادەی نوێژی جومعە ببیت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // عن زيد بن أرقم رضي الله عنه أن معاوية بن أبي سفيان رضي الله عنه سأله: هل شهدت مع رسول الله صلى الله عليه وسلم عيدين اجتمعا في يوم واحد؟ قال: نعم، قال: كيف صنع؟ قال: صلى العيد ثم رخص في الجمعة، فقال: (من شاء أن يصلي فليصل). رواه أحمد وأبو داود والنسائي وابن ماجه والدارمي والحاكم في "المستدرك" وقال: هذا حديث صحيح الإسناد ولم يخرجاه، وله شاهد على شرط مسلم. ووافقه الذهبي، وقال النووي في "المجموع": إسناده جيد.

واتە : معاویەی کوڕی سوفیان خوا لێی ڕازی بێت پرسیاری لە زەیدی کوڕی ئەرقەم کرد ئایا تۆ ئامادە بوویت لەگەڵ پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت کە ھەردوو جەژن (واتە جەژن و جومعە ) لە یەک ڕۆژدا کۆببنەوە ؟ وتی : بەلێ ، وتی : چی کرد ؟ وتی : نوێژی جەژنی کرد پاشان ڕوخسەتی دا بۆ جومعە ، وتی : (( ھەر کەسێک بییەوێت نوێژی جومعەمان لەگەڵ بکات با بکات ))

جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سێ وتە ھەیە :

یەکەم // ھەندێک زانا دەلێن ھەر کەسێک نوێژی جەژن بکات دروستە نەھێت بۆ نوێژی جومعە ڕوخسەت بۆی ھەیە ، کە ئەمە وتەی حنابلە ، و شعبی ، و نخعی ، و ابن عثيمين ، و ابن باز ، .... ھتد ، بەلگە :

(١) ئەم فەرموودەیە ڕاستە و وە ڕوخسەتەکەش گشتییە بۆ ھەمووان ئەوانەی ئامادەی نوێژی جەژن دەبن .

دووەم // ھەندێک زانای تر دەلێن ھەر کەسێک نوێژی جەژن بکات نوێژی جومعەش لەسەری واجبە ، کە ئەمە وتەی مالک ، و ابو حنیفە ، ...... ھتد ، بەلگە :

(١) ئەم فەرموودەیە لاوازە و واجبە ئامادەی جومعە ببیت .

سێیەم // ھەندێک زانا دەلێن جومعە لەسەر ئەوانە لادەچێت کە لە دەرەوەی شار دێن بۆ نوێژی جەژن ، خەلکی شار جومعەی لەسەر لاناچێت بە کردنی نوێژی جەژن ، کە ئەمە وتەی عثمان ، و شافعی ، ..... ھتد ، بەلگە :

(١) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ڕوخسەتی داوە بۆ ئەوانەی لەدەرەوەی شار دەھاتن بۆ ئەوەی لەسەریان نەبێتە باگرانی ،

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر ڕۆژی جومعە و جەژن کۆبوونەوە سێ وتە ھەیە

یەکەم / جومعە واجبە لەسەر ئەوانەی نوێژی جەژنیان کردووە وە لەسەر ئەوانەی نوێژی جەژنیان نەکردووە ، کە ئەمە وتەی مالک و بێجگە لە مالكه .

دووەم / جومعە لادەچێت لەسەر ئەوانەی کە لە دەرەوەی شار دێن بۆ نوێژی جەژن ، ھەروەک ئەمە نقل کراوە لە عثمان خوا لێی ڕازی بێت نوێژی جەژنی کردووە و پاشان ڕوخسەتی داوە بۆ خەلکی دەرەوەی شار کە نەھێن بۆ جومعە ، وە شافعیش شوێن ئەمە کەوتووە .

سێیەم / ھەر کەسێک نوێژی جەژن بکات جومعەی لەسەر لادەچێت ، بەلام دەبێت ئیمام ئامادەی جومعە ببێت لەبەر ئەوانەی حەزیان لێیە ئامادەی جومعە ببن ، ھەروەک فەرموودە ھاتووە ئەگەر دوو جەژن پێکەوە کۆببونەوەتەوە نوێژی جەژنیان دەکرد پاشان ڕوخسەتیان دەدا بۆ جومعە ....... )) مجموعة الفتاوي ج٢٤ لاپەڕە ٢١٢ ـــ ٢١٣

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( واجبە نوێژی جومعە بکەیت بەلام چاوپۆشی کراوە بۆ ئەوانەی کە ئامادەی نوێژی جەژن بووینە کە ئامادەی نوێژی جومعە نەبن و نوێژی جومعە نەکەن ، بەلام دەبێت نوێژی نیوەڕۆ بکات ئەگەر نەچێت وەک کەسانی تر کە عوزریان ھەبێت بۆ جومعە دەبێت نوێژی نیوەڕۆ بکەن ، کە ئەمە وتەی بەناوبانگی ئیمام ئەحمدە وە ئەم وتەیە نزیکترە لە ڕاستی و وتەی ڕاستە . )) شرح بلوغ المرام ج٥ لاپەڕە ٧٢

بەلام ئایا ئەم ڕوخسەتە بۆ ئیمامیش ھەیە یان تایبەتە بە خەلک ، دوو وتە ھەیە :

یەکەم / ھەندێک زانا دەلێن ئەم ڕوخسەتە بۆ ئیمام نییە و دەبێت ئیمام ئامادە بێت ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ڕوخسەتی دا بەلام جومعەی تەرک نەکرد .

دووەم / ھەندێک زانا دەلێن ئەم ڕوخسەتە گشتییە بۆ ئیمامیشە و لەسەری لادەچێت ، ابن الزبیر ئیمام بووە و جومعەی تەرکی کردووە ، ئەمە وتەی شەوکانییە لە نیل الاوطار ج٣ لاپەڕە ٣٢١

وتەی ڕاست نابێت مزگەوت چۆل بکرێت دەبێت یەکێک وتاری جومعە بۆ خەلک بدات ، ئیمام دەتوانێت ئامادە نەبێت بەلام دەبێت یەکێک لە جێگای خۆی دابنێت ، وە ئەگەر ئامادەش بێت باشتر .

ئەگەر ئامادەی جومعە نەبێت ئایا نوێژی نیوەڕۆ دەکات یان ناکات ، دوو وتە ھەیە :

یەکەم / ھەندێک زانا دەلێن ئەگەر ئامادەی جومعە نەبوو نوێژی نیوەڕۆ دەکات چوار ڕەکاعەت .

دووەم / ھەندێک دەلێن ئەگەر ئامادەی جومعە نەبوو نوێژی نیوەڕۆش لەسەری لادەچێت و ناکات ، چونکە ابن الزبیر ھیچی تری زیاد نەکرد دوای نوێژی جەژن ھەتا نوێژی عصري كرد .

بەلام ئەوەی ڕاست بێت ابن الزبیر دیار نییە کە نوێژی نیوەڕۆی کردووە یان نە ، لەوانەیە لەمالەوە کردبێت وە ئەسل وایەی دەبێت نیوەڕۆ بکات چونکە ئەگەر جومعە نەکرێت دەبێت نیوەڕۆ بکرێت .

پوختەی وەلامی زانایان :

(١) ھەر کەسێک نوێژی جەژن بکات لە ڕۆژی جومعە ئەوا جومعەی لەسەر لادەچێت ، بەلام دەبێت نوێژی نیوەڕۆ بکات .

(٢) ھەر کەسێک لە ڕۆژی جەژن ئامادەی نوێژی جەژن نەبێت ئەوا جومعە لەسەری واجبە و لەسەری لانەچووە .

(٣) نابێت ئیمام مزگەوت چۆل بکات خەلک بێ بەش بێت لە جومعە ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت جومعەی بۆ خەلک کردووە ، دەتوانێت کەسێک لەجێگای خۆی دابنێت بۆ جومعە .

(٤) وتەی ڕاست ئەوەیە کە نابێت نوێژی نیوەڕۆ تەرک بکەیت ئەگەر نەچووی بۆ جومعە .

(٥) ئافرەت نوێژی جومعەی لەسەر واجب نییە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام