پرسیار // ئایا كاتی خۆ شۆردنی جومعە کەی دەست پێ دەکات و کەی کۆتایی دێت ؟
وەلام // سەبارەت بە سەرەتای کاتی خۆ شۆردنی جومعە چەند وتە هەیە :
یەکەم // زۆربەی زانایان دەلێن کاتی بە ھەلاتنی فەجر دەست پێ دەکات " واتە بە بانگی بەیانی " ، کە ئەمە وتەی ابن عمر ، شافعی ، حنابلە ، ظاهریة ، بەلگە :
(۱) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرموێت : (( من اغتسل یوم الجمعة ثم راحة في الساعة الاولی ، .....)) واتە : هەر کەسێک خۆی بشوات ڕۆژی جومعە پاشان ، .......
ئەو فەرموودانەی هاتوون هەموویان باسی ڕۆژی جومعەی کردووە نەک شەو ، وە ڕۆژیش بە هاتنی فجر دەست پێ دەکات ، ئەمە بەلگەیە کە پێش فجر دروست نییە .
دووەم // هەندێک زانای تر دەلێن کاتی خۆشۆردن دوای نیوەی شەو دەست پێ دەکات وەک جەژن .
سێیەم // هەندێک زانای تر دەلێن کاتی چوون بۆ جومعە ئەو کات دەست پێ دەکات .
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر خۆی بشوات بۆ جومعە پێش فجر نابێت و بۆی حساب نییە ، کە ئەمە وتەی ڕاستی ڕایی ئێمەیە و وتەی زۆربەی زانایانە ، ئەوزاعی دەلێت دروستە و بۆی حساب دەبێت .
ئەگەر خۆی بشوات پاش فجر خۆ شۆردنی دروستە و بۆی حساب دەکرێت لەسەر وتەی زۆربەی زانایان ، ابن منذر دەلێت ئەمە وتەی لە حسن ، مجاهد ، نخعي ، ثوري ، احمد ، اسحاق ، ابي ثور .
ئیمام مالك دەلێت : خۆشۆردن حساب ناکرێت ئیلا کاتی ڕۆیشتن بۆ جومعە نەبێت .
هەموویان دەلێن پێش فجر خۆشۆردن حساب ناکرێت ئیلا ئەوزاعی نەبێت دەلێت : دروستە خۆت بشۆیت پێش فجر بۆ جومعە و لەش گرانی )) المجموع ج٤ لاپەڕە ٤۰٨
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( خۆشۆردنی ڕۆژی جومعە دەست پێ دەکات بە هەلاتنی فجر ، بەلام باشتر وایە خۆت نەشۆیت هەتا دوای خۆر هەلاتن ، چونکە بە خۆر هەلاتن لە ڕۆژ دلنیایت " واتە دلنیایی کە ئەم کاتە کاتی ڕۆژی جومعەیە و چوویتە ناو ڕۆژی جومعە " ، چونکە پێش خۆڕ هەلاتن کاتی کردنی نوێژی بەیانی یە ، باشتر وایە خۆت نەشۆیت ئیلا ئەگەر خۆر هەلاتبێت ، پاشان باشترە خۆت نەشۆیت ئیلا ئەو کاتەی کە دەچیت بۆ جومعە ، ئەو کات چوونەکەت بۆ جومعە یەکسەر دوای خۆشۆردنە )) مجموعە فتاوی ابن عثیمین ج ۱٦ لاپەڕە ۱٦۲
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە کاتی خۆشۆردنی جومعە دوای فجر دەست پێ دەکات .
سەبارەت بە کۆتای کاتی خۆشۆردنی جومعە دوو وتە هەیە :
یەکەم // زۆربەی زانایان دەلێن هەتا نوێژی جومعەیە ، دوای جومعە کاتی خۆشۆردن کۆتایی هات ، بەلگە :
(۱) عن ابن عمر قال : قال رسول اللە صلی الله علیه وسلم قال : (( من جاء منکم الجمعة فلیغتسل )) متفق علیە ، واتە : هەر کەسێک لە ئێوە هات بۆ جومعە با خۆی بشوات .
(۲) فەرموودەی ابن عمر ڕوایەتی ابن خزیمة هاتووە دەفەرمووێت : (( من ٲتی الجمعة من الرجال و النساء فلیغتسل ، و من لم یٲتها فلیس علیه غسل من الرجال و النساء )) واتە : هەر کەسێک بێتە جومعە لە پیاو و ژن با خۆی بشوات ، وە هەر کەسێک نەهێت بۆ جومعە لە پیاو و ژن خۆشۆردنی لەسەر نییە .
ئەم فەرموودەیە و چەندین فەرموودەی تر بەلگەی و ڕوون و ئاشکران کە خۆشۆردنی ڕۆژی جومعە بۆ نوێژی جومعەیە نەک خۆشۆردن بۆ خودی ڕۆژەکە بێت .
دووەم // هەندێک زانا دەلێن کاتی خۆشۆردن هەتا خۆر ئاوابوونی ڕۆژی جومعەیە ، کە ئەمە وتەی ظاهریەکانە ، بەلگە :
(۱) عن ابی سعید ٲن رسول اللە صلی الله علیه وسلم قال : (( غسل الجمعة واجب علی كل محتلم )) ٲخرجە السبعة ، واتە : خۆشۆردنی ڕۆژی جومعە واجبە لەسەر هەموو کەسی بالغ بوو .
روایە هاتووە دەلێت : (( یوم الجمعة )) واتە : ڕۆژی جومعە
ئەم فەرموودەیە و چەند فەرموودەی تر هاتوون خۆشۆردنی داوەتە پاڵ ڕۆژی جومعە ، ئەمە بەلگەیە کە خۆشۆردن هی ڕۆژی جومعەیە نەک تەنها هی نوێژی جومعە بێت .
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە خۆشۆردن بۆ نوێژی جومعەیە نەک بۆ خودی ڕۆژی جومعە بێت .
پوختەی وەلامی زانایان دەلێن :
(۱) خۆشۆردن ڕۆژی جومعە پێش فجر ، واتە پێش بانگی بەیانی نابێت .
(۲) سەرەتای کاتی خۆشۆردنی ڕۆژی جومعە دوای فجر دەست پێ دەکات ، ئەگەر دوای خۆر هەلاتن خۆی بشوات باشترە ، ئەگەر پێش کاتی ڕۆیشتن بۆ جومعە خۆی بشوات ئەمەیان لە هەموویان باشترە .
(۳) مەبەست لەو خۆشۆردنە بۆ پاک و خاوێنی و ئازار نەدانی خەلکە کاتێک دەچیت بۆ جومعە ، ئەگەر کەسێک زوو خۆی بشوات و پاشان کارێک بکات و بۆنی عەرەق بیگرێت زانایان دەلێن دەبێت جارێکی تر خۆی بشواتەوە ، هەر بۆیە دەلێن باشترین کات بۆ خۆشۆردن پێش ئەو کاتەیە کە دەچیت بۆ جومعە .
(٤) کۆتای کاتی خۆشۆردنی جومعە هەتا نوێژی جومعەیە نەک تا خۆرئاوابوونی ڕۆژی جومعەیە .
(٥) ئەم خۆشۆردنە بۆ نوێژی جومعەیە ، کەواتە هەر کەسێک نەچێتە جومعە عوزری هەبێت ئەم خۆ شوردنەی بۆی سونەت نییە .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ