پرسیار: حوکمی نووسینی ناوی خوا یان ئایەت لەسەر کارتۆن یان عەلاگە لەسەر ئەو شتانە کە دەدرێنە هەژارەکان؟ پەیامتان چییە بۆ ئەوان؟
وەڵام: سوپاس بۆ خوای گەورە دەزگای خێرخوای هەن لەناو موسلمانان کارێکی زۆر باش دەکەن جێگای دەست خۆشی یە، بەڵام لەگەڵ ئەمە کارە پیرۆزەیان دەبێت ئاگادار بن شتێکی وا نەکەن دەلالەت لەسەر بەکەم دانانی ناوی خوا بکات، یان دەلالەت لەسەر بەکەم دانانی ئایەتەکانی خوای گەورە بکات، زانایان دەڵێن نابێت ناوی خوا لەسەر شتێک بنووسرێت کە ئەگەری ئەوەی هەیە ئیهانەی بکرێت، وەک ئەوەی بکەوێتە ژێر قاچ یان فرێ بدرێتە ناو زبلدان.
نووسینی ناوی خوا یان ئایەت لەسەر کارتۆن و شتی تر کە فڕێ دەدرێنە ناو زبلدان یان دەکەوێتە ژێر قاچی خەڵک دوو ئەگەری هەیە:
یەکەم: ئەگەر کەسەکە ئەمە بکات بە ئەنقەست بۆ ئەوەی ئیهانەی ناوی خوای گەورە بکرێت و فڕی بدرێتە ناو زبلدان، بەم کردەوەیە تووشی کوفر بووە.
دووەم: ئەگەر کەسەکە ئەمە بکات لە نییەت پاکی بۆ هاندانی خەڵک و خۆش ویستنی ناوی خوای، دەڵێن ئەمە حەڕامە و دروست نییە.
زۆر خەڵک ناوی خوای گەورە لەسەر شت دەنووسن نییەتیان پاکە و لە دڵ سافی ئەمە دەکەن، بەڵام کاتێک دەبینن کەوتۆتە ناو زبلدان یان ژێر قاچی خەڵک ئەوکاتە تێ دەگەن و پێیان خۆش نییە، بۆیە بە هیچ شێویەک دروست نییە ناوی خوای گەورە یان ئایەت لەسەر شتێک بنووسی کە ئەگەری ئیهانە کردنی هەیە، موسلمان دەبێت گەورەی خوای لە دڵ دا بێت و نابێت ببێتە هۆکاری بەکەم دانانی ناوی خوای گەورە یان ئایەتەکانی خوای گەورە.
بۆیە واجبە لەسەر موسلمان خوای گەورە و ئایەتەکانی و گەورەی دینی خوای لە دڵدا بێت، هەر کاتێک کارتۆنی بینی ناوی خوای لەسەر بوو لەناو زبلدان بوو، یان کەوتۆتە ژێر قاچ دەبێت بیسووتێنێت، یان ئەگەر کارتۆن دروست کرابوو بۆ ئەوەی بەفیڕۆ نەچێت دەتوانن بە قەلەم بسڕنەوە.