پرسیار: ئایا دروستە نەچیت بۆ نوێژی هەینی بە تایبەتی ئێستا کە نەخۆشی کۆرۆنا بلاوبۆتەوە لە جیهان و بە تایبەتی لە شوێنە قەلەبالغەکان ئەگەری گواستنەوە و توشبوون زیاترە؟
وەڵام: گومانی تێدانییە کەسێک ئەگەر نەخۆش بێت عوزری هەیە ئامادەی نوێژی جومعە و جەماعەت نەبێت، بەڵام هەموو نەخۆشێک نە عوزر نییە، نەخۆشییەک وا لە کەسەکە بکات نەتوانێ ئامادەی مزگەوت بێت ئەمەیان عوزرە، ئەگەر کەسێک نەخۆشییەکەی سووکی هەبێت وەک کۆخە و پەسیوێکی سووک، ئەمەیان عوزری نییە بۆ ئامادە نەبوون بۆ نوێژی جەماعەت و هەینی.
سەبارەت بە ئامادە نەبوون بۆ نوێژی هەینی یان نوێژی بە کۆمەڵ لەبەر ترسی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دوو حالەت هەیە:
(۱)ئەگەر نەخۆشییەکە لەو شوێنە بڵاوبوبێتەوە، وە گواستنەوەش بۆ کەسانی تر زۆر خێرا و ترسناک بێت و زیان بە خەڵک بگەیەنێت، لەم حالەتە ڕوخسەت دراوە ئامادەی نوێژی هەینی نەبێت، چونکە دین لەگەڵ ئەوە نییە خۆت تووشی مەشەقەت بکەیت و خۆت بە هیلاک ببەیت.
(۲)ئەگەر نەخۆشییەکە لەو شوێنە بڵاو نەبووبێتەوە بەڵکو تەنها ترس و دلە ڕاوکێ بڵاوبۆتەوە، لەم حالەتە دەبێت ئامادەیی نوێژی جومعە و جەماعەت ببیت.
سەبارەت بە کوردستان سوپاس بۆ خوا هەتا ئێستا هیچ تووش بووی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تۆمار نەکراوە جگە لە کەرکوک نەبێت، ئەگەر تاک تاکیش تۆمار بکرێت ئەمە نابێتە بەڵگە واز لە جومعە و جەماعەت بهێنی، نوێژی هەینی و جەماعەت شەعائیری گەورەی دینی ئیسلامە، نابێت ئاسانکاری بکرێت و دەرگای مزگەوت دابخرێن مەگەر زیانێکی گەورەیی هەبێت و سوودی بۆ خەڵک هەبێت.
دووبارە نابێت موسلمان ئاسانکاری بکات و دەرگای ماڵی خوا دابخات، چونکە داخستنی دەرگای مزگەوت شتێکی گەورەیە، هەروەها نابێت ئاسانکاری بکات لەسەر تەرک کردنی جومعە و جەماعەت.