پرسیار: پەیامتان چییە بۆ ئەو خەڵکەی خۆیان مشوش دەکەن لەبەر نەخۆشی کۆڕۆنا؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ئیمان هێنان بە قەدەر یەکێکە لە ڕوکنەکانی ئیمان، بۆیە موسلمان دەبێت باوەڕی تەواوی بە قەدەری خوای گەورە هەبێت، زانایان سەبارەت بە بەروبووم و سوودەکانی ئیمان هێنان بە قەدەر دەڵێن:
(١)ئیمان هێنان بە قەدەر لە تەواوی تەوحیدی پەروەردگاریەتی یە.
(٢)پشت بەخوا بەستن بۆ ئیماندار دروست دەکات، چونکە هەموو شتێک لەژێر قەزا و قەدەری خوای گەورەیە.
(٣)خەم و خەفەت ناخوات بەوەی بەسەری هاتووە، چونکە دەزانێت لە خواوەیە و لە ڕەحم و حیکمەتی خوایە.
)٤)مرۆڤ هۆکار دەگرێتەبەر، چونکە ئیمانی بە حیکمەتی خوای گەورە دەبێت هۆکاری بگرێتەبەر.
(٥)ڕێگری لە مرۆڤ دەکات سەرسام بێت بە کردەوەی خۆی، بەڵکو سوپاسی خوای گەورە دەکات، چونکە دەزانێت ئەمە منەتێکە خوای گەورە لەگەڵی کردووە.
(٦)دڵی ئارام دەبێت و هەست بە خۆشی دەکات، چونکە هەر چییەک توشت بووە و هاتووە بەسەرتا نەدەبوو توشت نەبێت و نەیەت بەسەرتدا، هەر چیەکیش کە توشت نەبووە و نە هاتووە بە سەرتدا، نەدەبوو توشت بێت و بێت بە سەرتدا.
(٧)وا لە ئیماندار دەکات بەردەوام بێت لەسەر گوێڕایەلی خوا، چونکە دەزانێت دڵی بەندە لەنێوان دوو پەنجەی خوای گەورەیە.
ئیماندار دەبێت کەسێکی لەسەرخۆ بێت لە کاتی بەلاو ناخۆشی، وەک ئەو کەسانە نەبێت لە کاتی بەڵاو و ناخۆشی ئاگایی لەخۆ نەمێنێت لەو شتە پڕ بداتە ئەو شتە، ژیان و مردن ڕزق و ڕۆزی هەمووی نووسراوە، موسلمان دەبێت گومانی باش بە خوای گەورە ببات ڕازی بێت بە قەدەری خوای گەورە.