پرسیار // ئایا لە كاتی نوێژ كردن ئافرەت میكیاجی پێوە بێت نوێژی دروستە ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئافرەت ئەگەر دەست نوێژی هەلبگرێت پاشان میكیاج بكات ، ئەم میكیاج كردنە كاریگەری لەسەر دەست نوێژ و نوێژی نییە ئیلا ئەگەر میكیاج پیس بێت ئەو كات پاك وخاوێنی مەرجە بۆ نوێژ ، دەبێت لاشە و جل و بەرگی مروڤ خاوێن بێت لەكاتی نوێژ .
زانایانی الجنة الدائمة دەلێت : (( هیچ رێگری نی یە ئافرەت خۆی برازێنێتەوە بە میكیاج كردن لە ڕوخسار و كل كردن (واتە چاو ڕەش کردن ) و قژ رێکخستن بە شێوەیەك بە ئافرەتی كافر نەچێت ، وە مەرجێکی تر دەبێت روخساری داپۆشراو بێت لە پیاوی بێگانە .)) فتاوی اللجنة الدائمة ج۱۷ لاپەڕە ۱۲۹
بەلام ئەگەر میكیاج بكات پێش دەست نوێژ هەلگرتن ، دوای دەست نوێژ هەلبگرێت ئەگەر میكیاج رێگر بێت لەوەی ئاو بگاتە ئەندامەكانی دەست نوێژ ئەو کات دەست نوێژ و نوێژی دروست نی یە ، بەلام ئەگەر رێگر نەبێت دەست نوێژ و نوێژی دروستە .
ابن عثيمين ڕحمەتی خوای لێ بیت دەفەرمووێت : (( ئەوەی دیار بێت میکیاج چینێكی ئەو تۆی لە سەر نیە كە رێگر بێت لەوەی ئاو بگات بە ئەندامەکانی دەست نوێژ ، هیچ باس نی یە لە نێوان پێش دەست نوێژ و دوای دەست نوێژ بۆ میكیاج ، بەلام ئەوەی دەمێنێتەوە و جێگای تیڕوانین بێت ئەوەیە ئایا دروستە ئافرەت میكیاج بكات یان نە ؟
ئێمە دەلێن ئەگەر مەبەست پێی فێل كردن و هەلخەلەتاندن بێت بۆ ئەوە ئافرەت میكیاج بكات بۆ دیتنی داواكار كە دێتە داخوازی ئەمەیان نابێت ، چونکە غەش و فێل كردنە ، هەروەها دروست نییە بۆ كچ خۆی جوان بكات (واتە میکیاج بکات ) بۆ كەسێكی بێگانە کە دێت دەیخوازێت ، بەلام ئەگەر بۆ فێل كردن و هەلخەلەتاندن نەبێت وە پسیار لە دكتور دەكرێت ئایا ئەم میكیاجە زیانی هەیە لە دواڕوژ یان نە ؟
چونكە ئێمە گوێمان لێ بووە ئەو میكیاجەی دەکرێت بۆ جوانی لە كۆتایی دا زیانی (زەرەری) هەیە بۆ ئافرەت بە جۆرێک پێستی ئافرەت دەگورێت بەخێرایی ، کەواتە بۆ دكتۆر بگەرێتەوە بۆ ئەم بابەتە .))
پوختە وەلامی زانایان دەلێت :
(۱) ئەگەر میكیاج دوای دەست نوێژ هەلگرتن بكرێت دروستە نوێژی پێوە بكەیت بەلام نابێت میكیاج پیس بێت ، ئەگەر پیس بێت نوێژی دروست نی یە چونكە لادانی پیسی مەرجە بۆ نوێژ .
(۲) ئەگەر میكیاج پێش دەست نوێژ بكرێت پاشان دەست نوێژ هەلبگرێت ، ئەگەر ئاو نەگات بە ئەندامەكانی دەست نوێژ ئەوا نوێژ و دەست نوێژی دروست نی یە بەلام ئەوەی دیار بێت میكیاج نابێتە رێگر لەوەی ئاو بگات بە ئەندامەكان .
(۳) میكیاج كردن بۆ پیاوی بێگانە یان کاتی دەرچوون یان كاتی داخوازی نابێت .
(٤) میكیاج كردن بۆ كاتی داخوازی نابێت لەبەر دوو هۆ :
(أ) چونكە ئەو پیاوە بێگانەیە .
(ب) چونکە فێل كردن و هەلخەلەتاندنی تێدایە .
(٥) باشتر وایە ئافرەت بگەرێتەوە بۆ دكتۆر ئایا میكیاج زیانی هەیە یان نە ، چونكە دكتور دەلێن كاریگەری لە سەر پێستی ئافرەت هەیە زوو دەگۆڕدرێت .
(٦) بەداخەوە زۆربەی ئافرەتان بۆ پیاوی بێگانە و بۆنەكان و دەرچوون لە مالەوە خۆیان جوان دەكەن کە ئەمە حەرامە .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ