پرسیار // ئایا دروستە لە بەرووبومی دارەکانی مزگەوت بخۆیت ؟
وەلام // سەرەتا دەلێین جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان ئایا دروستە دار بچینیت لەناو مزگەوت ، سێ وتە هەیە :
یەکەم / زۆربەی زانایان دەلێن باش نییە دار بچینیت لەناو مزگەوت .
دووەم / هەندلک زانا دەلێن حەڕامە دار بچینیت لەناو مزگەوت .
سێیەم / هەندێک زانا دەلێن ئەو کاتە حەڕامە ئەگەر جێگای خەلک تەسک بکات بۆ نوێژ کردن .
ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرموێت : (( نابێت دار بچێنرێت لەناو مزگەوت ، کە ئەمە وتەی ئیمام احمدە ، ئەگەر دار خورما بچێنرێت دوای دروست کردنی مزگەوت ، ئەمە چێنراوە بێ حەق ، پێم خۆش نییە لێی بخۆیت ، ئەگەر ئیمام دەریبهێنێت دروستە ، چونکە مزگەوت دروست نەکراوە بۆ ئەوە ، بەلکو دروست کراوە بۆ زیکری خوا و نوێژ و قورئان خوێندن ، هەروەها دار نوێژکەرەکان ئازار دەدات و ڕێگری دەبێت بۆ نوێژ کردن لە شوێنی خۆیان ، هەروەها گەلا و بەرووبومی دار بەردەبێتەوە ، هەروەها چۆلەکە دێتە سەر داری ناو مزگەوت پیسای دەکات ، هەروەها جار هەیە مناڵ دێتە مزگەوت بۆ ئەوەی بەردی تێ بگرێت بۆ ئەوەی بەرووبوم بێتە خوارەوە ..)) المغنی ج٥ لاپەڕە ٥۷۰
ئەوانەی دەلێن حەڕامە دەلێن دار چاندن لەناو مزگەوت خۆ چوواندنە بە جولەکە ، بەلام ئەو جیاوازییە کە هەیە سەبارەت بە دار لەناو مزگەوت باسی دار چاندنێکە دوای دروست کردنی مزگەوت ، بەلام مزگەوتێک دروست بکرێت لەسەر دارێک ، واتە دارەکە پێش دروست کردنی مزگەوت هەبووە زانایان دەلێن دروستە .
ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر دار خورما لە شوێنێک بێت ئەو شوێنە بکرێتە مزگەوت ، دار خورما لەناو مزگەوت دابێت دروستە ))
وتەی ڕاست دروستە دار بچێنرێت لەناو مزگەوت ئەگەر جێگای نوێژکەران تەسک نەکات .
سەبارەت بە خواردنی بەرووبومی داری مزگەوت دەلێین :
یەکەم : ئەگەر دارەکان وەقف کرا بوون لەگەل مزگەوت ، وەقف دیار کرابوو بۆ هەژارەکان یان سوودی مزگەوت یان ....ئەوکات دەفرۆشرێت بۆ ئەو وەقفە دیار کراوە سەرف دەکرێت .
دووەم : ئەگەر وەقف کرابوو بەلام دیار نەکرا بوو بۆ کێ سەرەف بکرێت ، دەلێن دروستە بۆ هەژارەکانی مزگەوت سوودی لێ وەربگرن ، وە دەلێن بۆ پێداویستی مزگەوت سەرف دەکرێت .
سێیەم : ئەگەر وەقف نەکرا بوو ، دەلێن حەڕامە یان باش نییە ، ئەگەر بۆ مزگەوت چێندرا بوو نابێت لێی بخوات ، ئەگەر دیار نەبێت چێنەری دارەکان بۆ چ مەبەستێک چاندوویەتی دروستە لێی بخۆیت بێ هیچ بەرامبەرێک ، باشتریش وایە لێی نەخۆیت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ