پرسیار: ئایا ئەو زێڕەی ئافرەت لە دادگا خۆی لەسەرمارە دەکات زەکاتی لێ ئەکەوێت؟
وەڵام: ئافرەت کاتێک مارە دەکرێت لە دادگا مارەی بۆی دادەنرێت، ئەم مارەییە سێ حالەتە:
یەکەم: یان ئافرەتەکە مارەییەکەی هەمووی وەرگرتووە، لەم حالەتە ئەگەر گەیشتبێتە حەدی نیساب و سالێکی بەسەردا تێپەڕ بووبێت، جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان باشتر وایە زەکات بدات.
دووەم: یان ئافرەتەکە هیچ مارەییەکەی وەرنەگرتووە، لەم حالەتە وەک زەکاتی قەرز وایە دوو ئەگەر هەیە:
(١)ئەگەر قەرزار دان بەو بڕە مارەیە بنێت، ئامادە بێت بدات و توانایی هەبێت، ئەمەیان دەبێت زەکاتی لێ بدات هەموو ساڵێک ئەگەر وەریش نەگرێتەوە مارەکەی خۆی.
(٢)ئەگەر قەرزی لەلای کەسێک بوو ئینکار دەکرد، یان هەژار بوو تاخیری دەکرد یان مالی هەیە بەلام قەرز تاخیر دەداتەوە، ئەمەیان وتەی ڕاست ئەوەیە کە زەکات نادات ، بەلام کاتێک وەردەگرێت زەکاتی ساڵێک دەدات .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (واجبە لەسەر ئافرەت زەکات بدات ئەگەر مارەییەکی دواخرا بێت ئەگەر پیاوەکەی دەولەمەند بێت یان توانای پێدانی مارەی هەبێت، ئەگەر پیاوەکەی هەژار بێت واجب نییە لەسەر ئافرەت زەکات بدات) مجموع فتاوى الشيخ ابن عثيمين (١٨/٣٠).
سێیەم: یان ئافرەتەکە هەندێک مارەی وەرگرتووە و هەندێکیش ماوە، لەم حالەتە:
(١)ئەگەر ئەوەندەی وەرگرتووە گەیشتبێتە حەدی نیساب باشتر وایە زەکات لێ دەربکات، وە ئەوەی ماوە ئەگەر پیاوەکەی هەژار بێت توانای دانەوەی نەبێت هیچی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر توانای پێدانی ئەو مارەییەی ماوە هەبێت، دەبێت زەکاتی ئەو مارەیەش بدات کە وەری نەگرتووە.
(٢)ئەگەر ئەوەندەی وەرگرتووە نەگەیشتبێتە حەدی نیساب ئەوە زەکات لەو بەشە نادات ئەگەر ئەوە مارەییەی ماوە پیاوەکەی هەژار بێت توانای دانەوەی نەبێت، بەڵام ئەگەر توانای پێدانی ئەو مارەییەی ماوە هەبێت، دەبێت زەکاتی هەموو مارەی بدات ئەگەر هەردووک پێکەوە بگەن بە حەدی نیساب.