سەردێری پرسیار:دەکرێت باسی دەست نوێژ بکەیت چۆن دەست نوێژ دەگریت؟

بەرواری دانان :2020-01-26 کۆدی پرسیار:1742

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت باسی دەست نوێژ بکەیت چۆن دەست نوێژ دەگریت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن دەست نوێژ بەم شێوەیە دەگریت:

(١)سەرەتا دەبێت نییەتی دەست نوێژ گرتنت ھەبێت، پێش شۆردنی ھەردوو دەستەکانت بسم اللە دەڵێیت،گوتنی بسم اللە سونەتە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان.

(٢)پاشان ھەردوو دەستەکانت دەشۆیت سێ جار، ئەم دەست شۆردنە سێ حالەتە:

أ-ئەگەر دڵنیا بێت دەستی پیسە، لەم حالەتە واجبە دەستی بشوات.

ب-ئەگەر دڵنیا بێت دەستی پاکە، لەم حالەتە سونەتە دەستی بشوات.

ج-ئەگەر بە گومان بێت لە پاکی و پیسی دەست، لەم حالەتە ئەسل وایە دەستی پاکە و سونەتە ھەردوو دەستەکانی بشوات.

(٣)پاشان سێ جار ئاو لە دەم و لووت ڕادەدەیت، بە دەستی ڕاست ئاو لە دەم و لوت دەکات، وە بە دەستی چەپ ئاو لە لوت ڕادەدات، هەر کەسێک تاخم ددانی هەبێت واجب نییە ددانەکانی دەربھێنێت کاتی دەست نوێژ ھەڵگرتن، بەڵکو پێویست ناکات دەربھێنیت .

(٤)پاشان سێ جار ڕوخسارت دەشۆیت، هەروەها پەنجە خستنە نێوان مووەکانی ڕیش کاتی شۆردن بۆ ئەوەی ئاو بگاتەوە ژێرەوەی مووەکان دوو حالەتە:

أ-ڕیشێک کورتە و پێستی دیارە، ئەمەیان واجبە بشوات.

ب-ڕیشێک درێژە و زۆرە و پێستی داپۆشیوە، ئەمەیان واجبە سەرەوەی بشۆی و سونەتە ناوەوەی پەنجەت بخەیتە ناوی، لەسەر وتەی زۆربەی زانایان .

(٥)پاشان ھەردوو دەستەکانت دەشۆیت ھەتا ئانیشک، واتە ئانیشکیش لەگەڵی دەشۆیت، سونەتە دەستی ڕاست سەرەتا بشۆیت پاشان دەستی چەپ.

(٦)پاشان مەسحی ھەموو سەر دەکەیت یەک جار نەک سێ جار لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، وە مەسحی سەر لە پێشەوەی سەر دەست پێ دەکرێت ھەتا کۆتایی، پاشان دەگەڕێیتەوە بۆ پێشەوەی سەر ئەو شوێنەی مەسحت دەست پێکردووە، هەروەها سەری ژن و پیاو وەک یەک وایە، چونکە ئەسڵ وایە ژن و پیاو لە ئەحکامەکان وەک یەکن ئیلا بەلگە ھاتبێت جیاکردبێتەوە.

نابێت سەر بشۆردرێت لە جیاتی مەسح کردن، زانایان دەڵێن شۆردنی سەر دوو حالەتە:

أ- کەسێک سەری دەشوات و بێ ئەوەی مەسح بکات، لەم حالەتە مەسح نەکردووە و دەست نوێژی بەتالە لەسەر وتەی ھەندێک زانا.

ب-کەسێک سەری دەشوات و مەسحیش دەکات لەگەڵ شۆردن، لەم حالەتە مەسحی کردووە و دەست نوێژی دروستە . زۆربەی زانایان دەلێن نابێت ئافرەت مەسح لەسەر سەرپۆش بکات و ھەر کەسێک مەسح بکات ئەوە دەست نوێژی بەتالە ، بەلام وتەی ڕاست دروستە مەسح بکرێت و دەست نوێژی بەتاڵ نییە.

ئافرەت زیاتری پیاو کە مەسح لەسەر جامانە دەکات پێویستی بە مەسح کردنە لەسەر سەرپۆش، چونکە سەرپۆش ھەموو سەر دادەپۆشێت و داکەنینی قورسە، وە زیاتری مەسح کردن لەسەر خوف پێویستی بە مەسح کردنە لەسەر سەرپۆش، وە لە ئافرەتانی صحابی جێگیر بووە مەحسیان کردووە لەسەر سەرپۆش. کاتی بارگرانی و سەرما و گرانی سەرپۆش داکەنینی و بەستنەوەی باشترە مەسح بکات لەسەر سەرپۆش، ئەگەر نا باشتر وایە مەسح بکات لەسەر سەر .

(٧)پاشان سونەتە ھەردوو گوێیەکان مەسح بکەیت یەک جار، ھەموو زانایان یەک دەنگن ھەر کەسێک مەسحی گوێ تەرک بکات ئەوە دەست نوێژی دروستە، هەروەها زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون مەسح کردنی گوێ سونەتە، کە ئەمە وتەی ڕاستە. مەسحی گوێ بەم شێوەیە دەکرێ: ناوەوەی گوێ مەسح دەکەی بە پەنجەی شایەتوومان، وە دەرەوەی گوێ مەسح دەکرێ بە پەنجەی گەورە.

مەسح کردنی گوێیەکان بە ئاوی مەسحی سەر دەکرێ نەک ئاوێکی تری نوێی بۆێ بھێنیت، کە ئەمە وتەی ڕاستی زانایانە، بەڵام ھەر کەسێک ئاوێکی نوێ بەکاربھێنێی بۆ مەسحی گوێیەکان بێجگە لە ئاوی مەسح کردنی سەر، ئەوە مەسح کردنی گوێیەکانی دروستە و دەست نوێژی دروستە.

ئەگەر دەست بە یەکجاری وشک ببێتەوە و ھیچ تەڕاتی پێوە نەمێنێت، ئەو کات پێویستی بە تەڕاتی و ئاوی نوێ ھەیە بۆ مەسحی گوێ، چونکە بە چ مەسح دەکرێت ئەگەر دەست وشک بوون .

(٨)پاشان ھەردوو قاچەکان دەشۆیت سێ جار ھەتا ھەردوو گۆزینک، ئەگەر ئاو کەم بێت یان ئاو نەگاتە نێوان پەنجەکان، ئەوە دەست خستنە نێوان پەنجەکان واجبە، ئەگەر ئاو زۆر بوو و گەیشتە نێوان پەنجەکان، ئەوە دەست خستنە نێوان پەنجەکان سونەتە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایان، سونەتە سەرەتا قاچی ڕاست بشۆیت پاشان چەپ.

زانایان سەبارەت بە قاچ یان دەستی بڕدراو دەڵێن:

أ-ئەگەر ئەو ئەندامە بڕدراوە شوێنی شۆردن بۆ دەست نوێژ ھەمووی بڕدرا بوو ، وە ئەندامی صناعی دانرا بوو، ئەوە شۆردنی ئەندامی صناعی لەسەری واجب نییە و پێویست ناکات بیشوات .

ب-ئەگەر ئەو ئەندامە بڕدراوە شوێنی شۆردنی بۆ دەست نوێژ ھەندێکی بڕدرا بوو، وە ئەندامی صناعی دانرابوو، ئەوە شۆردنی ئەندامی صناعی لەسەری واجب نییە، بەڵکو تەنھا ئەو بەشەی ماوە لەسەری واجبە بشوات .

(٩)سونەتە دوای تەواو بوون لە دەست نوێژ ئەم زیکرە بڵێیت: (أَشْهَدُ أَنْ لا إِلَهَ إِلا اللَّهُ وَحْدَهُ لا شَرِيكَ لَهُ ، وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّدًا عَبْدُهُ وَرَسُولُهُ، اللَّهُمَّ اجْعَلْنِي مِنْ التَّوَّابِينَ، وَاجْعَلْنِي مِنْ الْمُتَطَهِّرِينَ).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام