پرسیار: حوکمی بانگەوازی کردن بۆ مناڵی بزربوو لە مزگەوت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن حەڕامە بانگەوازی بۆ شتی بزر بوو بکرێت لە مزگەوت، وەک: ئاژەڵ و مال و سەروەت و سامان، چونکە مزگەوت بۆ ئەم شتانە دروست نەکراوە، بەڵگە:
عن أبي هریرة رضي اللە عنە قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (مَنْ سَمِعَ رَجُلًا يَنْشُدُ ضَالَّةً فِي الْمَسْجِدِ فَلْيَقُلْ: لا رَدَّهَا اللَّهُ عَلَيْكَ، فَإِنَّ الْمَسَاجِدَ لَمْ تُبْنَ لِهَذَا) رَوَاهُ مُسْلِمٌ.
واتە: لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (هەر کەسێک گوێی لە پیاوێک بوو بانگەواز هەڵ دەدات لەناو مزگەوتدا بۆ دۆزینەوەی شتی بزربوو "واتە: ئاژەڵی بزربوو"، بڵێن: یا خوا نەیدۆزیتەوە و خوای گەورە بۆت نەگەڕێنێتەوە، چونکە مزگەوت بۆ ئەمە دروست نەکراوە).
ئەم فەرموودەیە بانگەوازی کردن بۆ مناڵ ناگرێتەوە، چونکە مناڵ مال نییە وەک ئاژەڵ و سەروەت و سامان نییە، هەروەها بزربوونی مناڵ کە نەفسە وەک ئەم شتانە نییە.
سەبارەت بە بەکارهێنانی سەماعەی مزگەوت بۆ بانگەوازی کردن بێجگە لە کاتەکانی بانگدان و نوێژکردن دروستە، بەڵام ئەگەر شوێنێکی تایبەت هەبێت تەرخان بکرێت بۆ ئەم شتانە باشترە، واللە أعلم،
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئایا دروستە دەنگ بەرز بکرێتەوە و پرسیار بکرێت ئەگەر مناڵی بزر کردوو لە مزگەوتی حەرام و مزگەوتی تر؟
وەڵام: هیچی تێدا نییە پرسیاری مناڵ بکات یان شتی تری وەک مناڵ، چونکە بزر بوونی مناڵ وەک مال نییە، چونکە مرۆڤ مال نییە) فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٥٥٨).