پرسیار: ئایا دروستە ئافرەت نوێژ جمع بکات لە کاتی شیر دان بە مناڵ؟
وەڵام: زانایان دەڵێن دروستە ئافرەتی شیردەرنوێژ کۆبکاتەوە ئەگەر خۆشۆردن بۆ هەموو نوێژێک لەسەری گران بێت، کە ئەمە وتەی فوقەهاکانی حەنابلە و ابن تیمییە و ابن عثیمینە، بەڵگە:
(١)لەبەر زۆری پیسایی مناڵ و گرانی خۆ پاککردنەوە ئافرەت بۆ هەموو نوێژێک، چونکە خۆ پاککردنەوە بۆ هەموو نوێژێک گرانە لەسەری.
ابن تيمية ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دروستە بۆ ئافرەتی شیردەر نوێژ کۆبکاتەوە ئەگەر شۆردنی جل و بەرگ لەسەری گران بوو بۆ کاتی هەموو نوێژێک، ئیمام ئەحمەد دەقی هەیە لەسەر ئەمە) الفتاوي الکبری (٢/٣٤٩).
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کاتێک تووشی بارگرانی و مەشەقەت بوو دروستە نوێژ کۆبکاتەوە، جا چ لەسەفەر بوو یان حضر، یان لەبەر ناخۆشی بوو، یان باران، یان هەوایەکی ساردی توند هەبوو، یان شتی تری وەک ئەمانە، هەتا ئەگەر ئافرەتی دووگیانیش ئەگەر لەسەری گران بوو هەموو نوێژەکان لە کاتی خۆیدا بکات دروستە نوێژ کۆبکاتەوە، هەتا ئافرەتی شیردەریش ئەگەر لەسەری گران بوو هەموو نوێژەکان لە کاتی خۆیدا بکات، بۆی هەیە نوێژ کۆبکاتەوە، لەبەر ئەوە مناڵی میز و پیسایی بەسەریدا دەکات) لقاء الباب المفتوح (رقم اللقاء: ٢٠١).