سەردێری پرسیار:لە چەند حالەت دەتوانی نوێژ جەمع بکەی جگە لە سەفەر، واتە لە مال یان کار یان بازار یان کۆبونەوەت ھەبێت یان میوانت ھەبێت دەتوانی جمع بکەیت؟

بەرواری دانان :2019-12-24 کۆدی پرسیار:1669

پرسیار:

پرسیار: لە چەند حالەت دەتوانی نوێژ جەمع بکەی جگە لە سەفەر، واتە لە مال یان کار یان بازار یان کۆبونەوەت ھەبێت یان میوانت ھەبێت دەتوانی جمع بکەیت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن نوێژ جمع دەکرێت لەم حالەتانە:

(١)ئەگەر کەسەکە لە سەفەر.

(٢)ئەگەر ترس ھەبێت.

(٣)ئەگەر باران ببارێت.

(٤)ئەگەر بەفر ببارێت.

(٥)ئەگەر ئافرەت تووشی ئیستیحازە بوو، یان بەردەوام مەنی و مەزی و میزی لێ دەربچێت ھەمان حوکمی ئیستیحازەی ھەیە.

(٦)کەسێک لاواز و نەخۆشە ناتوانێت دەست نوێژ بگرێت بۆ ھەموو نوێژ، یان دەست نوێژ گرتن بۆ ھەموو نوێژێک لەسەری گرانە.

عن ابْنِ عَبَّاسٍ رضي الله عنهما قَالَ : جَمَعَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بَيْنَ الظُّهْرِ وَالْعَصْرِ ، وَالْمَغْرِبِ وَالْعِشَاءِ بِالْمَدِينَةِ ، فِي غَيْرِ خَوْفٍ وَلا مَطَرٍ . قُلْتُ لابْنِ عَبَّاسٍ : لِمَ فَعَلَ ذَلِكَ ؟ قَالَ : كَيْ لا يُحْرِجَ أُمَّتَهُ . رواە مسلم (٧٠٥).

واتە: لە ابن عباس دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نوێژی نیوەڕۆ و عصری جمع کردووە، وە نوێژی مغرب و عیشای جمع کردووە لە مەدینە، نە ترس هەبووە و نە باران دەباری، بە ابن عباسم گوت "واتە سەعید بن جبیر پێی گوت": بۆچی ئەمەی کرد؟ فەرمووی: بۆ ئەوەی نەبێتە بارگرانی لەسەر ئومەتەکەی.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (وتەی ڕاست لەم بابەتە دروستە جمع بکرێت لەنێوان نوێژی نیوەڕۆ و عصر لەبەر ئەم عوزرانە، هەروەک چۆن دروستە جمع بکرێت لەنێوان نوێژی مغرب و عیشا، عیلەتەکە لەبەر مەشەقەتە، ئەگەر مەشەقەت دروست بوو لە شەو و ڕۆژدا دروستە جمع بکرێت) الشرح الممتع (٤/٣٩٣).

زانایان دەڵێن دروستە نوێژ جمع بکرێت جار جار نەک بکاتە عادەت و لەسەری بەردەوام بێت، کەسێک ئیش و کاری هەیە پێویست دەکات جمع بکات، یان لە بازاڕە شوێنی دەست نوێژ گرتن و نوێژ کردن نییە یان گرانە بە تایبەتی بۆ ئافرەت، لەم حالەتە دروستە جمع بکرێت، سەبارەت بە میوان نابێتە عوزر بۆ نوێژ جمع کردن، سەبارەت بە کۆبوونەوە نابێتە عوزر بۆ نوێژ جمع کردن ئیلا ئەگەر کۆبوونەوەکە زۆر پێویست بێت و بە پەلە بێت و بە تاخیر بوون زیانیان پێ بگات، لەم حالەتە دروستە.

ئەوەی گرینگ بێت نابێت موسلمان ئاسانکاری بکات بۆ جمع کردن، هەر کاتێک حەزی لێ بوو نوێژ جمع بکات، ڕاستە ڕوخسەت دراوە بۆ جمع کردن لە کاتی پێویست و پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نوێژی نیوەڕۆ و عصری جمع کردووە، وە نوێژی مغرب و عیشای جمع کردووە لە مەدینە، نە ترس هەبووە و نە باران دەباری، بۆ ئەوەی نەبێتە بارگرانی لەسەر ئومەتەکەی، بەڵام لەگەڵ ئەمەش نابێت ئاسانکاری بکرێت.

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیاری لێ دەکرێت ئایا کۆکردنەوەی نوێژ باشترە لە سەفەر یان کورت کردن؟ دەفەرمووێت: (کردنی هەموو نوێژێک لە کاتی خۆی دا باشترە لە کۆکردنەوە ئەگەر پێویستی پێی نەبێت، زۆربەی جار پێغەمبەر درود و سەلامی خوای بێت لەسەفەر نوێژی کردووە لە کاتی خۆی دا، بەلکو نوێژی کۆکردۆتەوە چەند جاری کەم) مجموعە فتاوی ابن تیمیە (٢٤/١٩).

هەروەها دەفەرمووێت: (کۆکردنەوەی نوێژ سونەت نییە لەسەفەر بەلکو بۆ پێویستی یە، بەلکو نوێژ کۆدەکرێتەوە بۆ پێویستی جا چ لەسەفەر بێت یان بێجگە لەسەفەر بێت) مجموعە فتاوی (٢٤/٦٤).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام