پرسیار : حوکمی نوێژ ئەگەر کەمێک ڕووی لە قیبلە نییە ، ئایا نوێژی دروستە ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن لادانێکی کەم لە قیبلە زیان بە نوێژ ناگەیەنێت ، کە ئەمە وتەی حەنەفی و حەنابلە و مالکی و ابن تیمییە و ابن عثیمین و زانایانی اللجنە الدائمەیە ، بەڵگە :
(١) عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ : قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : (( مَا بَيْنَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ قِبْلَةٌ )) رَوَاهُ التِّرْمِذِيُّ، وَقَوَّاهُ الْبُخَارِيُّ.
واتە : لە ئەبو ھوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی : (( لەنێوان خۆرھەڵات و خۆرئاوا قیبلەیە )) .
(٢) لادانێکی کەم ئاراستەی قیبلەی نەگۆڕیوە .
ابن عبد البَر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( أشھب دەفەرمووێت : پرسیار لە ئیمام مالک کرا سەبارەت بەو کەسەی نوێژ دەکات ڕووی لە قیبلە نییە ، دەفەرمووێت : ئەگەر لادانەکە کەم بوو من وای نابینم دووبارە بکاتەوە ، ئەگەر لادانەکە زۆر بێت من وای دەبینم دووبارە بکاتەوە ئەگەر لە کات دا بێت . ) التمھید (٥٦/١٧) .
ابنُ تيميَّة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر لادانێکی کەم بێت زیان بە قیبلە ناگەیەنێت ، ... )) مجموع الفتاوى (٢١٦/٢٢) .
ابنُ عُثَيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لادانێکی کەم لەڕووی قیبلە زیانی پێ ناگەیەنێت ، ھەروەک کەمێک ڕووی لە لای ڕاست بێت یان چەپ . )) مجموع فتاوى ورسائل العثيمين (٤١٥/١٢) .
زانایانی اللَّجنة الدَّائمة دەڵێن : (( واجبە لەسەر نوێژکەر ئەوەی کەعبە نابینێت ڕووی لە قیبلە بکات ، لادانێکی کەم زیانی پێ ناگەیەنێت . )) فتاوى اللَّجنة الدَّائمة - المجموعة الثانية (٢٩٥/٥) .
——————————————————
Www.ferdaws.net