پرسیار : حوکمی ڕێگری کردن لە دوعا کردن بۆ کاربەدەستان ؟ خەڵکانێک دەڵێن نابێت دوعا بۆیان بکەیت و تاوانبار دەبیت ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن دروستە دوعا بۆ کاربەدەست بکەیت جا چ کافر بێت یان موسلمان بێت ، ئێمە فەرمانمان پێکراوە دوعای خێرو چاکە بۆ کاربەدەستانی موسلمانان بکەین نەک دوعایان لێ بکەین ئەگەر چی زوڵمیش بکەن ، چونکە زولمەکەیان لەسەر نەفسی خۆیانە ، بەڵام چاک بوونیان بۆ نەفسی خۆیان و موسلمانانە .
زۆرینەی ئەوانەی دەڵێن نابێت دوعا بۆ کاربەدەستان بکەیت تووشی فیتنەی تەکفیر بوون ، ئەمانە کەسانێکن مەنھەجیان کافر کردنی زانا و کاربەدەست و موسلمانەکانە ، کەسانێکن حەزیان لە دەسەلاتە .
زانایان دەڵێن پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت کاتێک باسی خەوارجی کرد باسی جوانی و ڕێک و پێکی نوێژەکانی کرد ، باسی خێر کردن و زەکاتی خەوارجی نەکرد ، ئەمە ئاماژەیە کە ئەوان حەزیان لە ماڵ و دەسەلاتە و مال و دەسەلات لایان خۆشەویستە .
ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دوعا کردن بۆ پێشەوایانی موسلمانان و کاربەدەستەکان بۆ چاک بوون و بۆ ئەوەی خوای گەورە یارمەتیان بدات بۆ حەق و دادپەروەری کردن و شتی تر ، وە بۆ ھێزەلانی ئیسلام سونەتە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان . )) المجموع (٣٩١/٤) .
ابن تيمية ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لەبەر ئەوە پێشینەکان وەک : فضيل بن عياض و أحمد بن حنبل و سهل بن عبد الله التستري و کەسانی تر ، نیعمەتی خوای گەورەیان بە گەورە دادەنا بە کاربەدەست ، وایان دەبینی دوعا بۆ کردن و ئامۆژگاری کردنیان گەورەترین شتە پێی لەخوا نزیک دەبن ، لەگەڵ ئەمەش چاویان لە ماڵ و دەسەلات و کورسی یەکەیان نییە ، وە لەبەر لێ ترسانیان نییە ، وە بۆ ئەوەیان نییە یارمەتی بدەن لەسەر تاوان . )) السیاسە الشرعیە لاپەڕە ٢٣٣-٢٣٤ .
پرسیار کراوە لە ابن باز : کەسێک ڕێگری لە دوعا کردن دەکات بۆ وەلی ئەمر ؟
لە وەڵام دا دەفەرمووێت : (( ئەمە لە نەزانینیەتی ، وە نەبوونی تێگەیشتن ، چونکە دوعا کردن بۆ وەلی ئەمر لە گەورەترین عیبادەتەکانە ، وە لە باشترین گوێڕایەلی یەکانە ، وە لە ئامۆژگاری یە ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت پێی وترا : دەوس سەرپێچی کرد و کافر بوون ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت گوتی : " اللهم اهد دوسًا وائت بهم فهداهم الله وأتوه مسلمين " ، ئیماندار دوعای خێر و چاکە بۆ خەڵک دەکات ، کاربەدەست لەپێشترە دوعای بۆ بکرێت ، چونکە چاک بوونی سەرکردە چاک بوونی ئومەتە ، دوعا کردن بۆی لە گرینگترین دوعاکانە ...
لە ئیمام ئەحمەد نقل کراوە دەڵێت : " ئەگەر بزانم دوعایەکم قبول دەبێت ئەوە بۆ کاربەدەست دەیکەم " ، ھەروەھا نقل کراوە لە فضیلی کوڕی عیاض ڕەحمەتی خوای لێ بێت . )) مجموع فتاوى ومقالات الشيخ ابن باز (٢٠٩/٨) .
————————————————————
Www.ferdaws.net