پرسیار : هیج حدیث و ئایەت ھاتووە بلێ كچ لە خزم بخوازن يان بيگانە بخوازن ، ئایا کامەی باشترە لە ڕووی شەرعەوە بۆ زەواج ؟ وە ئەم قسەیە هەیە کە خزم بەیەکەوە زەواج بکەن منداڵی ناتەواو دەبێ ئایا ئەم قسە هیچ ئەسڵی هەیە لە شەرع ؟
وەڵام : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون سونەتە پیاو کچێکی دوور بخوازێت کە خزمی نزیکی نەبێت ، بەلام ھیچ بەلگەی ڕوون و ئاشکرا نەھاتوون ، بەلکو بابەتەکە ئیجتھادییە ئەگەر کچی بێگانە و دوور سوودی ھەبوو ئەو پێش دەخرێت و باشترە ، وە ئەگەر کچی نزیک سوودی زیاتر ھەبوو ئەوە ئەو پێش دەخرێت و باشترە .
خاوەنی کتابی الانصاف دەفەرمووێت : (( سونەتە ئافرەتێکی خاوەن دین و ئافرەتێک مناڵی ببێت و کچ بێت "واتە بێوە ژن نەبێت " وە بێگانە دیار بکەیت و داوا بکەیت )) "الإنصاف" (8/16)
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی زانایان دەلێن ڕاستە کە ئافرەتی بێگانە و دوور بھێنی باشتر ، بەلام ئەگەر ئافرەتی نزیک ھەبێت باشتر بێت لە ئافرەتی بێگانە ئەوە باشترە وەک لە دین و حەسەب و جوانی ، بەلام ئەگەر ئافرەتی نزیک و بێگانە وەک یەک بوون ئەوا باشتر وایە بێگانە بھێنێت .
لەوانە : ئەگەر کچی مام ئافرەتێک بێت خاوەن دین و ڕەوشت بێت ، بەلام حالەت و ئیمکانیاتی لاواز بێت پێویستی بە نەرم و نیانی و ھاوکاری ھەبێت ، ئەمەیان گومانی تێدا نییە کە سوودێکی گەورەی تێدایە ، مرۆڤ دەبێت سەیری سوود و قازانج بکات لەم بابەتە . )) "الشرح الممتع" (5/123) .
زانایانی اللجنة الدائمة دەلێن : (( ھیچ فەرموودە نەھاتوون کە ڕێگری لە زواجی خزمی نزیک بکات .... )) "فتاوى اللجنة الدائمة" (18/13) .
سەبارەت بەوەی ڕێگری لە زەواج بکەیت لە نزیکەکان ، چونکە دەبێتە ھۆی نەخۆشی یان مناڵ تەواو دەرناچێت ، ھیچ ئایەت و فەرموودە نەھاتوون ڕێگری زەواجی خزمە نزیکەکان بکات ، بەڵکو بەڵگە ھاتوون پێچەوانەی ئەمە ، لەوانە :
(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِنَّا أَحْلَلْنَا لَكَ أَزْوَاجَكَ اللَّاتِي آتَيْتَ أُجُورَهُنَّ وَمَا مَلَكَتْ يَمِينُكَ مِمَّا أَفَاءَ اللَّهُ عَلَيْكَ وَبَنَاتِ عَمِّكَ وَبَنَاتِ عَمَّاتِكَ وَبَنَاتِ خَالِكَ وَبَنَاتِ خَالَاتِكَ اللَّاتِي هَاجَرْنَ مَعَكَ )) [ الأحزاب : ٥٠ ] .
(٢) پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت کچی خۆی فاتیمەی داوە بە عەلی ، کە عەلی کوڕی مامی بووە ، وە خۆیش زەینەبی کچی جحشی مارەکردووە کە خزمی نزیکی بووە ، وە ھاوەڵانیش ئەمەیان کردووە ڕێگری لێیان نەکراوە .
زانایان دەڵێن ڕێگری کردن لە زەواج کردن لەگەڵ خزمە نزیکەکان ، یان بڵێیت ھۆکارە بۆ بڵابوونەوە نەخۆشی یان مناڵ کەم ئەندام دەردەچێت ئەمە شتێکی غالبی نییە و وتەکە ڕاست نییە .
بەڵێ ڕاستە ھەندێکی نزیکەکان یان کەسانی تر ھۆکارن بۆ ئەمە ، بەڵام ئەمە شتێکی غالبی نییە ، بەڵکو حالەتەکان کەمن ، ئەگەر زەواج کردن لەگەڵ نزیکەکان زیانی ھەبوایا خوای گەورە حەڵاڵی نەدەکرد ، بەڵکو بەڕوونی دەفەرمووێت : کچی مام و کەسانی تری نزیکی تۆمان بۆ تۆ حەڵاڵ کردووە .
کەواتە لە ھەندێک حالەت زەواج کردن لەگەڵ نزیکەکان زیانی ھەیە ، وە حەلەتەکانیش کەمن نەک زۆربن .
بەڵام ئەگەر جێگیر بوو بەھۆی پشکنین و تحلیلی پزیشکی و ئەشیعە زیانی ھەیە ، وە پزیشکیش ئامۆژگاری ئەوە بوو زەواج نەکرێت لەم حالەتە ، لەم حالەتە ھیچی تێدا نییە تەرکی زەواج بکات لەو ئافرەتە ، بەڵکو دەڵێن باشتر وایە ئەم ئافرەتە مارە نەکات .
کەواتە مەنع کردنی زەواج لەگەڵ خزمە نزیکەکان وەک قاعیدەیەکی عام ، لە ترسی نەخۆشی و شتی تر ، ئەمە ھەڵس و کەوتێکی ڕاست نییە .
زانایام اللجنة الدائمة للإفتاء دەڵێن : (( ھیچ فەرموودەی ڕاست نەھاتوون ڕێگری زەواج بکات لەنێوان نزیکەکان ، وە ھاتنەدی کەم ئەندامی و نەخۆشی ئەمە بە قەدەری خوا بووە ، نەک ھۆکارەکەی ئەوە بێت زەواج کردنە لەگەڵ نزیکەکان ، نابێت مەنعی مناڵ بوون بکەیت لەبەر کەم ئەندامی و نەخۆشی ، بەڵکو دەبێت پشت بەخوا ببەستیت و گومانی باش بەخوای گەورە ببەیت . )) "فتاوى اللجنة الدائمة" (١٨/١٤) .
————————————————————
Www.ferdaws.net