سەردێری پرسیار:حوکمی لێخۆش بوونی ھەندێک قەرز لەبەر زوو دانەوەی قەرز ؟

بەرواری دانان :2019-09-11 کۆدی پرسیار:1466

پرسیار:

پرسیار : من سيارەیەکم به قست كڕيوه پێشەكيم داوه ئەوى ماوه مانگانه دەیدەم ، ئێستا ٢٠ وەرەقەم ماوه له قستەکە ، بەڵام دەمەوێت لەگەڵ خاوەنى سيارەکەم دا صافى بكەم ، واته قستەكەم نەهێلم بەڵام وا ڕیکكەوتووین لهجياتى ئەو ٢٠ وەرەقەیە ١٠ وەرەقە بیدەم ، نه هيچى من نه هيچى ئەو صاف دەبێتت نێوانمان ئايا جائيزه حەلاله ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : لێخۆش بوونی ھەندێک قەرز لەبەر قەرز زوو دانەوە لای فوقەھاکان پێی دەڵێن : ضع و تعجل ، سەبارەت بەم بابەتە جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان دوو وتە ھەیە :

یەکەم : زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون حەڕامە ، کە ئەمە وتەی ھەر چوار مەزھەبەکانە ، بەڵگە :

(١) کەم کردنی قەرز لەبەر زوو دانەوە وەک زیاد کردنی قەرزە لەبەر تاخیر کردن ، ھەروەک چۆن ئەگەر قەرز زیاد بکەیت لەبەر تاخیر بوون ڕیبایە .

(٢) روی أن رجلًا سأل ابن عمر فنهاه عن ذلك ، ثم سأله فقال : إن هذا يريد أن أطعمه الربا , وروي عن زيد بن ثابت أيضُا النهي عن ذلك ، وروي أن المقداد قال لرجلين فعلا ذلك : كلاكما قد أذن بحرب من الله ورسوله .

دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە ، کە ئەمە وتەی ابن عباس و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن تیمییە و ابن قیم و ابن عثیمینە ، بەڵگە :

(١) پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ضعوا و تعجلوا )) أخرجە الطبرانی في الأوسط (٢٤٩/١ ، رقم ٨١٧ ) ، وقال الهيثمي في المجمع (١٣٠/٤) : ( فيه مسلم بن خالد الزنجي وهو ضعيف وقد وثق ) ، والحاكم في المستدرك (٦١/٢ ، رقم ٢٣٢٥) وقال صحيح الإسناد .

(٢) ئەمەیان پێچەوانەی ڕیبایە ، کەم کردنەوەی قەرز لەسەر قەرزاری تێدایە ، ئەم کردەوەیە سوودی تێدایە ئەویش زوو دانەوەی قەرزی خاوەن قەرز تێدایە ، وە کەم بوونەوەی قەرزی قەرزاریشی تێدایە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر کەسێک قەرزی خۆی زوو بداتەوە پێش کاتی خۆی و بە ھەمان بڕی قەرز ، ئەوەی دیار بێت ئیجماع ھەیە دروستە ، دروستە قەرزار زوو قەرزی خۆی بداتەوە ، بەڵام ھەمان بڕی پارە ، نموونە : ١٠٠ ڕیال قەرزارە بۆ ماوەی ساڵێک ، پەلە دەکات زووتر دەداتەوە ئەو ١٠٠ ڕیالە ، ئەمەیان ھیچی تێدا نییە ، بەڵام ئەگەر بڵێت : زووتر قەرزم دەدەمەوە لە ھەندێک قەرزی خۆت خۆش ببە ، زوو دەدەم ئەو ١٠٠ ڕیالە لەسەر ئەوە ٩٠ ڕیالم لێ وەربگرە ، ئایا ئەمە دروستە ؟

جیاوازی ھەیە لەنێوان ئەھلی عیلم ، ئەوەی بەناوبانگ بێت لای حەنابلە دروست نییە ، وتەی ڕاست دروستە ، ئەوانەی دەڵێن دروستە نییە دەڵێن چونکە ڕیبایە ، چونکە کەم کردنی قەرز لەبەر زوو دانەوە وەک زیاد کردنی قەرزە لەبەر تاخیر کردن ، ھەروەک چۆن ئەگەر قەرز زیاد بکەیت لەبەر تاخیر بوون ڕیبایە ، ئەگەر کەم کرا لەبەر ماوە ، قەرز کەم کرایەوە ڕیبایە .

وتەت ڕاست پێچەوانەی ئەم وتەیەیە ، نقل کراوە لە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " ضعوا و تعجلوا " ، وە ھەروەھا جیاوازی لەنێوانیان دیارە ، چونکە زیادە لەبەر تاخیر کردنی قەرز لەسەر قەرزار ڕیبایە ، بەڵام لیخۆش بوون مقابل قەرز زوو دانەوە ئایا زیاد کراوە لەسەر قەرزار یان کەم کراوەتەوە ؟

کەم کراوەتەوە ، ئەمەیان پێچەوانەی ڕیبایە ، کەم کردنەوەی قەرز لەسەر قەرزاری تێدایە ، ئەم کردەوەیە سوودی تێدایە ئەویش زوو دانەوەی قەرزی خاوەن قەرزە ، وتەی ڕاست دروستە قەرز زوو بدەیتەوە بەو مەرجە لە ھەندێک قەرزی خۆش بێت ، ھیچی تێدا نییە ، بەڵکو سوودێ تێدایە بۆ ھەمووان . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج٩ لاپەڕە ١٠٢-١٠٣ .

پوختەی وەڵامی زانایان :

(١) دروستە قەرزار زووتر قەرزی خۆی بداتەوە بێ ئەوەی داوای کەم کردنەوەی قەرز بکات ، کە ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە .

(٢) دروستە قەرزار زووتر قەرزی خۆی بداتەوە بەڵام داوای لێخۆش بوونی ھەندێک قەرز بکات ، جا چ قەرزار داوای لێخۆش بوونی ھەندێک قەرز بکات ، یان خاوەنی قەرز بڵێت من لە ھەندێک قەرزت خۆش دەبم ئەگەر زووتر بدەیتەوە .

—————————————————————

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام