پرسیار : ئادابەکانی دوعا کردن چیین ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن دوعا کردن چەند ئادابی ھەیە لەوانە :
(١) بەدڵ پاڕانەوە ، واتە : ئامادەبوونی دڵ بەشێوەیەکی دروست لە پاڕانەوەدا .
(٢) لە کاتە شیاوەکاندا بێت کە تیایدا پاڕانەوە قبوڵ دەکرێت کە شەش کاتن ، بریتین لە : سێ یەکی شەو ، و پێش نوێژی بەیانی ، و لە کاتی بانگ و قامەت کردن دا ، وە پێش نوێژە فەرزەکان و لە کاتی سەرکەوتنی وتار خوێن بۆ سەر مینبەر لە ڕۆژی ھەینی دا تا کاتی تەواو بوونی نقێژ لەو ڕۆژەدا ، وە دوا کات لە پاش عصردا .
(٣) بوونی خشوع و زەلیلی لە دڵ و خۆ بە بچووک زانین و ملکەچانە لەبەر دەست خوای گەورەدا .
(٤) ڕووکردنە قیبلە .
(٥) دەست بە دەست نوێژ بێت .
(٦) بەرز کردنەوەی دەستەکان .
(٧) سەرەتایی دەست پێکی بە سوپاسی خوای گەورە بێت .
(٨) پاشان سەلاوات دان لەسەر گیانی پاکی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت .
(٩) پاشان داوا کردنی لێ خۆش بوون و گەڕانەوە بۆ لای .
(١٠) پاشان بێتە سەر داواکردنی مەبەستەکەی .
(١١) پاڕانەوە بە تەوەسل کردن بە ناو و سیفەتە جوانەکانی خوای گەورە .
(١٢) دڵنیا بیت کە دوعات قبوول دەبێت ، وە دڵت بە ئاگا بێت ، وە گومانی باشیش بە خوای گەورە ببەیت .
(١٣) دووبارە کردنەوەی دوعا سێ جار ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت هەندێک جار سێ جار دوعای دووبارە دەکردەوە .
(١٤) دوعا کردن بە ملکەچی ، وە ئومێدت بە ڕەحمی خوا هەبێت و بە ئومێدی پاداشت بیت .
(١٥) پەلە نەکردن لە قبوول بوون ، وە دوعای شەڕ نەکردن ، بەلگە :
پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دوعای بەندە قبوول دەکرێت ئەگەر بۆ تاوان نەبێت ، وە بڕینی پەیوەندی خزمایەتی نەبێت ، ئەگەر پەلەش نەکات ، وتیان : ئەی نێردراوی خوا پەلە نەکردن چی یە ؟ وتی : بەندە دەلێت دوعام کرد دوعام کرد ، هیچ وەلامم نەبینی ....)) رواە البخاری ، مسلم .
(١٦) دوعا کردن بە نەرم و نیانی و بێ دەنگ بەرز کردن ، بەلگە :
خوای گەورە دەفەرمووێت : (( ادعوا ربکم تضرعا و خفیة )) [ الاعراف : ٥٥ ] ، واتە : دوعا لە خوای خۆتان بکەن بە ملکەچی و لەسەر خۆی (واتە دەنگت نزم بێت ) .
(١٧) خواردن و خواردنەو و جل و بەرگی حەلال بێت .
(١٨) دوعا کردن بە گەرمی و عەزمی ، نەک بە سارد و سڕیەوە .
پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لایقولن ٲحدکم : اللهم اغفر لی ٳن شئت ، اللهم ارحمنی ٳن شئت ، لیعزم المسٲلة ، فٳن الله لا مكره له )) رواە البخاری (٦۳۳۹) ، مسلم (۲٦۷۹) .
واتە : با هیچ کەستان نەلێت : خوایە لێم خۆش ببە ئەگەر دەتەوێت ، خوایە ڕەحمم پێدا ببە ئەگەر دەتەوێت ، با دوعا و پاڕانەوەکەی بە گەرمی بە عەزمەوە بێت ، چونکە خودا لە هیچ کارێکدا ناچار ناکرێت .
————————————————————
Www.ferdaws.net