پرسیار : حوکمی شاھد گرتن بۆ نیکاح ؟
وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە دوو شاھد بۆ نیکاح ، دوو وتە ھەیە :
یەکەم : زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دوو شاھدی پیاو مەرجە بۆ دروستی نیکاح ، وە نابێت شاھدەکان ئافرەت بن ، جا چ چوار ئافرەت بن یان دوو ئافرەت و پیاوێک .
پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لا نكاح إلا بولي وشاهدي عدل )) رواه البيهقي من حديث عمران وعائشة ، وصححه الألباني في صحيح الجامع برقم (٧٥٥٧) .
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نیکاح دانامەزرێت بە شاھدی پیاوێک و دوو ئافرەت ، ئەمە وتەی نەخەعی و ئەوزاعی و شافعی یە .
لەبەر وتەی زوھری : " مضت السنة عن رسول الله صلى الله عليه وسلم أن لا تجوز شهادة النساء في الحدود , ولا في النكاح , ولا في الطلاق " . رواه أبو عبيد , في " الأموال . )) "المغني" (7/8) .
دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەوەی واجب بێت إعلان کردنی نیکاحە نەک شاھد ، ھەر کاتێک نیکاح إعلان کرا ئەوە صحیحە ، جا چ شاھدی ھەبێت یان نە ، کە ئەمە وتەی مالک و ابن تیمییە و ابن عثیمینە .
ابن تيمية ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( گومانی تێدا نییە نیکاح لەگەڵ إعلان دروستە ، ئەگەر چی دوو شاھدیش شاھدی نەدەن . )) " الاختيارات الفقهية " لاپەڕە ١٧٧ .
کەواتە شاھد گرتن و إعلانی نیکاح کردن ئەم سێ حالەتانەن :
یەکەم : دوو شاھد ھەیە و إعلانیش کراوە ، ئەمەیان گومانی تێدا نییە لە ڕاستی نیکاحەکە .
دووەم : دوو شاھد نییە و إعلانیش نەکراوە ، نیکاحەکە دروست نییە .
ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەموو ئومەت یەک دەنگن لەسەر ئەوە ئەگەر عەقدی نیکاح بە نھێنی بکرێت و بێ شاھد ، ئەوە عەقدی نیکاح دانەمەزراوە . )) شرح النووي على مسلم (٢٢٧/٩) .
ابن رشد ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەموو زانایان یەک دەنگن نابێی نیکاح بە نھێنی بکرێت . )) بداية المجتهد)) (١٧/٢) .
ابن العربي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( عەقدی نیکاحی پێویستی بە إعلانە جیاوازی تێیدا نییە ، وە نیکاحی نھێنی ڕێگری کراوە جیاوازی تێیدا نییە . )) عارضة الأحوذي)) (٣٠٦/٤) .
سێیەم : دوو شاھدی ھەیە بێ إعلان ، یان إعلانی کردووە بێ شاھد ، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان .
————————————————————
Www.ferdaws.net