سەردێری پرسیار: ئایا ڕاستە عائیشە و فاطمە ڕێک کەوتن دووبەرەکیان دروست کرد لەسەر دەسەڵات ؟

بەرواری دانان: 2019-08-20 کۆدی پرسیار: 1418

پرسیار:

پرسیار : ئایا ڕاستە عائیشە و فاطمە ڕێک کەوتن دووبەرەکیان دروست کرد لەسەر دەسەڵات ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن ھەرگیز کێشەی ھاوەڵان لەسەر دەسەڵات نەبووە ، وە ئەو ڕیوایاتانەی ھاتوون زۆرینەیان دۆرن یان لاوازن .

عەلی خوا لێی ڕازی بێت کاتێک خیلافەتی گرتە دەست ، ھەندێک لەو والیانەی لابرد کە عوثمان داینابوو ، ئەوانیش : خالدی کوڕی سەعیدی کوڕی عاص و موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان بوو ، کە ھەواڵی لابردنەکە گەیشتە موعاوی یە ڕەفزی کرد و گوتی : لەلایەن کێوە لادەبرێم ؟ وتیان : لە لایەن عەلی یەوە .

ئەویش گوتی : ئەی بکوژانی کوڕەکەی مام لەکوێن ؟ لەکوێن بکوژەکانی عوثمان ؟

ئەوانیش وتیان : جارێ بەیعەت بدە ، دواجار داوای بکوژەکانی عوثمان بکە .

وتی : نەخێر ، بەڵکو بکوژەکانی عوثمان تەسلیم دەکات ، پاشان بەیعەت دەدەم .

ئەمەش لەبەر ئەوە بوو موعاویە وای دەبینی کە ھێز و توانایەکی لە شامدا ھەیە ، ئەم ھێزەی کە ھەیەتی ھەروا بەفیڕۆ نادات و لە تۆلە سەندنەوەی عوثمان دا بەکاری دەھێنێت ، بۆیە وتی : بەیعەت نادەم ھەتا بکوژانی عوثمان نەکوژرێنەوە ، عەلیش دەگوت : بەیعەت بدە ، دواجار تەماشایەکی ئەو مەسەلەیەش دەکەین .

جا جیاوازی نێوان عەلی و موعاویە لەوەدا بوو ، ئەو دووانە کامیان لەپێشە :

عەلی وای دەبینی کە دەبێ پێشتر بەیعەت بدات ، دوای سەقامگیر بوونی ئاسایش و بارودۆخەکە تەماشای بکوژەکانی عوثمان دەکرێت .

بەڵام موعاوی یە مەسەلەکەی بە پێچەوانەوە دەبینی ، یەکەم کار کە دەبێت بیکەن کوشتنی بکوژەکانی عوثمانە و پاشان تەماشای مەسەلەی خیلافەت دەکرێت .

ھەروەھا تەلحە و زوبەیریش ڕەئیان ھەروا بوو ، کە پەلە کردنە لە کوشتنی بکوژەکانی عوثمان ، بەڵام جیاوازی نێوان تەلحە و زوبێر و موعاویە ئەوە بوو کە تەلحە و زوبەیر بەیعەتیان دا بەڵام موعاویە بەیعەتی نەدا .

ھاوەڵان بوون بە سێ کۆمەڵ :

یەکەم : تەلحە و زوبەیر و عائیشە و موعاویە ، وا دەبینن پەلە بکرێت لە کوشتنی بکوژەکانی عوثمان .

دووەم : عەلی و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون ، وا دەبینن یەکەم شت دەبێت بکرێ و ببڕێتەوە خیلافەتە ، لەگەڵ دواخستنی چاو خشاندن بە مەسەلەی بکوژەکانی عوثمان .

سێیەم : سەعد و ابن عمر و ئەبو ھوڕەیڕە و محمدی کوڕی مەسلەمە و ئەحنەف و ئوسامە و ئەبو بەکری سەقەفی ، لەگەڵ زۆرەی ھاوەڵان وا دەبینن دوور گیری بکرێت لە ھەمووان .

ھۆکاری ئەم ڕا جیاوازیەش ناڕوونی باروودۆخەکە بوو ، ئەو کاتەش کاتی فیتنە بوو ، بۆیە کەس نەیدەتوانی لە مەسەلەکە ڕابمێنێت و ڕاستیەکەی بەجوانی بۆ ڕوون بێتەوە .

عەلی وای دەبینی دواخستنی بکوژەکانی عوثمان دوا بخرێت باشترە و مەفسەدەتی کەمترە وەک پەلە نەکردن ، وە نەیدەتوانی بکوژەکانی عوثمان بکوژێت ! چونکە ئەوان دانە دانە ناسراو نەبوون ، ئەگەریش سەرکردەکانیان دیارن ئەوان ھۆز و عەشیرەتیان ھەیە ، بەرگری لێ دەکەن ، سەرباری ئەوەش جارێ فیتنە و ئاشوب ھەر بەردەوامە و ھێشتا ئەمن و ئاسایش بەرقرار نەبووە ، کێ ئەڵێ عەلیش ناکوژن ؟! ھەرواش بوو دوای ئەوە کوشتیشیان .

بۆیە کاتێک خیلافەت گەیشت بە موعاویە ، بەھەمان شێوە بکوژەکانی عوثمانی نەکوشت ؟! بۆ ؟ چونکە ڕەئی وەکو ڕەئی عەلی لێھات ، عەلی ئەمەی بە واقع دەبینی ، موعاویە بە نەزەری ، بەڵام کە خیلافەتی گرتە دەست بە واقیعی و عەمەلی بینی ، بەڵێ ڕاستە موعاویە ھەندێکیانی کوشت ، بەڵام باقیەکەیان ھەر مانەوە ھەتا سەردەمی حەجاج لە خیلافەتی عبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان ، ئەو ھەموویانی کوشت و کەسیانی نەھیشتەوە .

ئەوەی گرینگە عەلی نەیدەتوانی بیانکوژێ ، نەک لەبەر ئەوە دەسەڵاتی نەبووبێ ، بەڵکو لەبەر خاتری ئومەت ئەمەی نەکرد .

———————————————————————————————————

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام