پرسیار : ڕوون کردنەوەتان چییە سەبارەت بە وتەی ابن تیمییە دەفەرمووێت : (( من طلب من الفقراء الدعاء أو الثناء خرج من هذه الآية )) مجموعة الفتاوي ج١١ لاپەڕە ١١١ .
وەڵام : ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( خوای گەورە دەفەرمووێت : " إِنَّمَا نُطْعِمُكُمْ لِوَجْهِ اللَّهِ لا نُرِيدُ مِنْكُمْ جَزَاءً وَلا شُكُورً " [ الإنسان : ٩ ] .
ھەر کەسێک داوای دوعا لە ھەژارەکان بکات یان داوای مەدح لەم ئایەتە دەردەچێت ، ... )) مجموعة الفتاوي ج١١ لاپەڕە ١١١ .
ھەندێک زانایان دەڵێن کەسێک خێر بداتە ھەژارێک پاشان داوای دوعای لێ بکات ، ئەم کردەوەیە پێچەوانەی وتەی خوای گەورە نییە کە دەفەرمووێت : (( إِنَّمَا نُطْعِمُكُمْ لِوَجْهِ اللَّهِ لا نُرِيدُ مِنْكُمْ جَزَاءً وَلا شُكُورًا )) ، چونکە داوای پاداشتی دونیایی لێ نەکردووە ، وە داوای مەح کردنی لێ نەکردووە ، باشتر وایە داوای دوعا لە خەڵک نەکات ، خۆی داوا لەخوا بکات .
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروستە داوای دوعا لە کەسێک بکەیت گومانت بۆ ئەوە بچێت کەسێکی باشە ، جا چ خێرت پێ دابێت یان نە ، بەڵام ھەموو ھەژارێک باش نییە ، زۆر ھەژار ھەن دوورن لە خوای گەورە ، باشتر وایە داوای دوعا لەکەسێک بکەیت بزانیت کەسێکی باشە ، یان گومانت بەزۆری بۆ ئەوە دەچێت کە باشە ، نەک داوا لە کەسێک بکەیت ھەژار بێت ، لە ھەموو حالەتەکان باشتر وایە تەنھا خۆت داوا لە خوا بکەیت ، خوای گەورە دەفەرمووێت : " وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ " [ البقرة : ١٨٦ ] .
باشتر وایە خێر کردن بە پاکی بۆ خوا بێت ، نەک بۆ ئەوە بێت ھەژار دوعات بۆ بکات ، بۆ ئەوەی ئەوەی خێر دەکات پاداشتی کامل وەربگرێت ، ئەگەر نا پاداشتی کەم دەبێت بەگوێرەی ئەو داوایەی کە ھەیەتی لە ھەژار ھەتا دوعای بۆ بکات ، خوای گەورە دەفەرمووێت : " إِنَّمَا نُطْعِمُكُمْ لِوَجْهِ اللَّهِ لَا نُرِيدُ مِنْكُمْ جَزَاءً وَلَا شُكُورًا " [ الإنسان : ٩ ] . )) الأذكار لاپەڕە ٤٠ .
————————————————————————————————
Www.ferdaws.net