پرسیار : بۆچی ھەندێک زانا کاتێک وەڵامی پرسیار دەدەنەوە بەزیادەوە وەڵام پرسیار دەدەنەوە ؟
وەڵام : پیاوێک ھاتە لای پێغەمبەری خوا سەلامی خوای لێ بێت وتی : ئەی نێردراوی خوا ئێمە سواری دەریا دەبین ، کەم ئاومان لەلایە ، ئەگەر دەست نوێژ بەو ئاوە ھەڵبگرین تێنوو دەبین ، ئایا دەست نوێژ ھەڵبگرین بە ئاوی دەریا ؟ پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی : (( ئەو پاکە و پاککەرەوەیە ، وە مردارەوە بووشی حەڵاڵە . ))
ئەم فەرموودەیە بەلگەیە موفتی ئەگەر ھەستی کرد پرسیارکەر پێویستی بە وەڵامی تریش ھەیە دەبێت بۆی ڕوون بکاتەوە کە ئەمە لە محاسنی فەتوایە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروستە بە زیادەوە وەڵامی پرسیار بدەیتەوە ئەگەر پێویستی کرد ، ڕووی کردنە بەلگە : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت زیادەی خستە سەر وەلامی پرسیارکەر ، ئەویش بە ڕوون کردنەوەی حوکمی مردار بوو فەرمووی : " الحل میتتە " بۆچی ؟ چونکە ئەمانە ئەگەر کێشەیان بۆ دروست بووبێت لەسەر دەست نوێژ بە ئاوی دەریا ، ئەوەی دیار بێت کێشەی بۆ دروست دەبێت لەسەر مردار بووی دەریاش ، ئەگەر ماسی ببینن بەسەر ئاو کەوتووە و مردووە ، کێشەیان بۆ دروست دەبێت ، ئەمەیان لەپێشترە بۆ کێشە دروست بوون ، لەبەر ئەوە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فێری حوکمی مردار بووی دەریای کرد لەگەڵ ئەوەش پرسیاری نەکرد بوو ، ئەمە ڕێگای قورئانە ، خوای گەورە دەفەرمووێت : " يَسْأَلُونَكَ مَاذَا يُنْفِقُونَ قُلْ مَا أَنْفَقْتُمْ مِنْ خَيْرٍ فَلِلْوَالِدَيْنِ وَالْأَقْرَبِينَ وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَابْنِ السَّبِيلِ وَمَا تَفْعَلُوا مِنْ خَيْرٍ فَإِنَّ اللَّهَ بِهِ عَلِيمٌ )) [ البقرة : ٢١٥ ] ، ئەوان پرسیاریان کرد چی ببەخشن ؟ خوای گەورە ڕوونی کردەوە چی ببەخشن و بە کێ ببەخشن ، لەگەڵ ئەوەش پرسیاری ئەوەیان نەکرد بە کێ ببەخشن ؟ بەلام لەبەر ئەوە ئەوەی ماڵ دەبەخشێت پێویستی بەوە ھەیە بۆ زانینی ئەوە کە ماڵ بە کێ ببەخشێت ، لەبەر ئەوە خوای گەورە ڕوونی کردەوە .
ئەم ڕێگایە ھەندێک زانایانیش بەکاریان ھێناوە ، وەک ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت ، زۆر جار کاتێک باسی بابەتێک دەکات ، باسی شتێکی تریشی ھاو شێوەی ئەو دەکات ، ئەوەی سەیر بێت ھەندێک خەلک ڕەخنەی لێ دەگرن دەلێن : ابن تیمییە باسی ھەندێک شت دەکات پێویستی پێی نییە ، ئەگەر باسی شتێکی کرد باسی چەند شتی تری ھاوشێوەی ئەو شتە دەکات ، بەڵام وەلام دەدرێتەوە بەوەی کە ئەمە ڕێگای قورئان و سونەتە : لە وەڵامدا ئەوە باس دەکرێت ئەوەی پرسیارکەر پێویستی پێی ھەیەتی ئەگەر چی پرسیاریشی نەکرد بێت . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج١ لاپەڕە ٥١ ــ ٥٢ .
ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( ئەم فەرموودەیە بەلگەیە لەسەر فەزلی زیادە وەڵام دانەوە لەسەر پرسیار ، ئەمەش ئەگەر موفتی گومانی بۆ ئەوە چوو پرسیارکەر نەزانە بەو حوکمە ، یان تووشی دەبێت یان پێی تاقی دەکرێتەوە ، ھەروەک مردار بووی ناو دەریا .
ابن العربی دەفەرمووێ : ئەمە لە محاسنی فەتوایە ، وەڵام بدرێتەوە زیاتر لەوەی پرسیاری کردووە ، وەک تەواوکەر بۆ سوود ، ...... )) توضیح الأحکام ج١ لاپەڕە ١٠١ .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net