سەردێری پرسیار:ئایا وتەیە ھەیە بڵێت موالاة بۆ دەست نوێژ سونەتە ؟

بەرواری دانان :2019-03-14 کۆدی پرسیار:1076

پرسیار:

پرسیار : ئایا وتەیە ھەیە بڵێت موالاة بۆ دەست نوێژ سونەتە ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن موالاة : شۆردنی ئەندامەکانی دەست نوێژ یەک بە دوای یەک ، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە حوکمی موالاة ، سێ وتە ھەیە :

یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون موالاة واجبە بۆ دەست نوێژ ، کە ئەمە وتەی ئەحمەد و ئەوزاعی و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی ، وتەی کۆنی شافعی یە ، بە لەبیر کردنیش موالاة لاناچێت .

دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون موالاة سونەتە ، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفەیە و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد ، وە وتەی نوێی ئیمام شافعی یە ، وە وتەی ظاهریەکانە .

سێیەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون موالاة واجبە ئەگەر لەبیرت بێ و توانات ھەبێت ، لەسەرت لادەچێ ئەگەر لەبیرت کردبێ ، یان ئەگەر عوزرت ھەبێ وەک ئەوەی ئاوت کەم بێت ، کە ئەمە وتەی مالک و ابن تیمییەیە .

بەڵگەکانی ئەوانەی دەڵێن موالاة واجبە :

(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( یاأیها الذين ءامنوا إذا قمتم إلى الصلاة فاغسلوا وجوهكم وأيديكم .... )) [ المائدة : ٦ ] .

سیاقەکە مەرجە ، وەڵامی مەرج ئەگەر چەند ژماڕەیەک بوون ئەوە دەبێت بەدوای یەک بێت بێ تاخیر بوون .

(٢) عَنْ أَنَسٍ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُ قَالَ : رَأَى النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ رَجُلًا وَفِي قَدَمِهِ مِثْلُ الظُّفْرِ لَمْ يُصِبْهُ الْمَاءُ فَقَالَ : (( ارْجِعْ فَأَحْسِنْ وُضُوءَكَ )) أَخْرَجَهُ أَبُو دَاوُدَ وَالنَّسَائِيُّ.

واتە : ئەنەسی کوڕی مالک خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی : پیاوێک لەلای پێغەمبەر دەست نوێژی گرت ، بە قەد جێگەی نینۆکێک قاچی نەشۆرد ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوی لێ بێت ئەو پیاوەی بینی ، پێی فەرموو : (( بچۆرەوە بەجوانی دەست نوێژەکەت بگرە . ))

" ارجع فأحسن وضوءك " واتە : بگەڕێوە دەست نوێژت بەجوانی بشۆ ، دوو ئەگەری ھەیە :

(أ) لەوانەیە مەبەست پێی شۆردنی ئەو شوێنە بێت کە ئاوی پێ نەگەیشتووە .

(ب) لەوانەیە مەبەست پێی شۆردنی دەست نوێژ بێت لە سەرەتاوە ، پاڵپشتی بۆ ئەمە فەرموودەی خالد بن معدان ھاتووە فەرمانی کردووە بە دووبارە کردنەوەی دەست نوێژ و نوێژ .

خطابی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەمەیان دیارترە بۆ مانا . )) معالم السنن ج١ لاپەڕە ١٢٨ .

(٣) ئەوانەی وەسفی دەست نوێژی پێغەمبەریان کردووە درود و سەلامی خوای لێ بێت ھەموویان باسی ئەوەیان کردووە کە ئەندامەکانی دەست نوێژی شۆردووە یەک بەدوای یەک ، بێ ئەوەی ناوبڕی خستبێتە نێوان ئەندامەکانی دەست نوێژ .

(٤) دەست نوێژ یەک عیبادەتە ، ئەگەر جیاوازی بخەیتە نێوان ئەندامەکان و ناوبڕی بخەیتە نێوانیان ئەوە ناکرێ و نابێت .

بەڵگەکانی ئەوانەی دەڵێ موالاة سونەتە :

(١) خوای گەورە فەرمانی کردووە بە دەست نوێژگرتن ، ھیچ مەرجی دانەناوە بۆ موالاة ، بەڵگەیە چۆن بشۆیت دروستە .

(٢) ھەندێک ئاثار لە ھاوەڵان دەکەن بەڵگە کە قاچ شۆردنیان دوا خستووە بۆ دەست نوێژ .

وتەی ڕاست موالاة واجبە .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەم وتەی سێیەمە وتەی دیار و وتەی ڕاستە ، .... )) " مجموع الفتاوی " ج٢١ لاپەڕە ١٣٥ .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( موالاة مەرجە بۆ دەست نوێژ ، ئەمەش لەسەر ئەوەی ئەگەر وتەی : " فأحسن " لێک بدەیتەوە بە مانای دووبارە کردنەوەی دەست نوێژ ، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان ڕەحمەتی خوایان لێ بێت سەبارەت بە موالاة ئایا مەرجە بۆ دەست نوێژ یان نە ؟ ئەوەی دیار بێت مەرجە ، چونکە دەست نوێژ یەک عیبادەتە ، ئەگەر بەدوای یەک نەشۆیت ئەوە پەرت و جیا دەبێن . )) فیح ذي الجلال والإكرام ج١ لاپەڕە ٣٤٢ .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام