پرسیار : ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئافرەتێک شووی کردووە چۆن بێت و چی بکات بۆ ئەوەی خۆشەویست بێت لای ھاوسەری ؟
وەڵام : تەقوای خوا بکە و دەست بە قورئان و سونەتەوە بگرە خوای گەورە لە خۆت ڕازی بکە و شوێن سونەت بکەوە و پشت بەخوا ببەستە ، یارمەتی ھاوسەری خۆت بدە لە خێر و چاکە و کردەوەی باش .
عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه قَالَ : قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : (( رَحِمَ اللَّهُ رَجُلًا قَامَ مِنْ اللَّيْلِ فَصَلَّى وَأَيْقَظَ امْرَأَتَهُ فَإِنْ أَبَتْ نَضَحَ فِي وَجْهِهَا الْمَاءَ ، رَحِمَ اللَّهُ امْرَأَةً قَامَتْ مِنْ اللَّيْلِ فَصَلَّتْ وَأَيْقَظَتْ زَوْجَهَا فَإِنْ أَبَى نَضَحَتْ فِي وَجْهِهِ الْمَاءَ )) رواه أبو داود (1308) وصححه الألباني في "صحيح أبي داود" .
گرینگی بە جل و بەرگ و جوانی خۆت بدە ، لە بەردەم ھاوسەرەکەت بەردەوام پاک و خاوێن بە ، وە خۆت جوان بکە بۆی با ھەمیشە بتبینێ لەسەر جوانترین شێوە ، وە ڕووگەش بە لە لای و بەردەوام زەردەخەنەیەکت ھەبێ ، بەداخەوە ئێمە لەسەردەمێک دەژین زۆرینەی ئافرەتان بۆ دەرەوە خۆیان جوان دەکەن و جل وبەرگی جوان لەبەر دەکەن و ھاوسەری خۆیان پشت گوێ خستووە .
گرینگی بە پاک و خاوێنی مالەوە بدات ، شتەکان جوان دابنێت و ڕێک بخات ، وە ھەوڵ بدات مالەکەی بەردەوام بۆن خۆش بێت ، نەک مال پاک بکاتەوە و بۆن خۆشی بکات تەنھا کاتی میوان ھاتن ، وە زۆر جار میوان لەناکاو دێت فریایی ئەوەش ناکەویت .
ھەروەھا گرینگی بە جۆرەکانی خواردن بدات ، وە خۆی فێرە جۆرەکانی خواردن بکات ، چونکە پیاو لە کار دەگەڕێتەوە حەز دەکات شتێکی خۆش بخوات لە مالەوە لەگەڵ خێزانی خۆی ، وە بە جوانترین شێوە پێشخوازی لە ھاوسەری بکات ، چونکە پیاو زۆربەی جار کە دەگەڕێتەوە ماندووە پێویستی بە ئافرەتە قسەی خۆشی بۆ بکات و پێشخوازییەکی جوانی لێ بکات و زەردەخەنەیەکی بەرامبەر ھەبێت ، ئەم کردەوەیە ئەگەر بەرامبەر بە ھاوسەر بکرێت ، ھاوسەری حەز دەکات بگەڕێتەوە بۆ مالی خۆی و نەچێتە شوێنی تر ، وە ئەو ماندووبوونەی کە ھەیەتی لەبیر دەکات .
ئەگەر ھاوسەرەکەت ڕۆژێک لە ڕۆژان لێت تۆڕە ببێت ، پەلە بکە لە ڕازی کردنی ئەگەر چی ھەڵە لەتۆش نەبێت ، بەم کردەوەیە تۆ دەبیتە ئافرەتی بەھەشت و شایستەی بەھەشت دەبیت ، سەیری بکە ھاوسەرت چی پێ خۆش بیکە ، وە چی پێ ناخۆشە خۆتی لێ دوور بخەوە ، ئەگەر موافقی ئاینی خوا بوو .
زۆر گفتوگۆی لەگەڵ مەکە و دڵت ساف بێت بەرامبەری ، چونکە گفتوگۆ و گومان بەرامبەری خێر و چاکە ناھێنێت ، ئەگەر تاوانت لە ھاوسەری خۆت بینی ئینکاری بکە بە جوانترین شێوە و خوای گەورە بەبیری بھێنەوە ، وە ئەگەر تووشی ناخۆشی و ئازار بووی ئارام بگرە ، پەلە مەکە و کێشەی نێوان خۆت و ھاوسەرت بۆ کەس لە نزیکەکانت باس مەکە ، چونکە ئاشکرا کردنی نھێنی و کێشەی مالەوە زۆربەی جار کێشەی گەورەتر کردووە .
لەم دونیایە کەس نییە ھەڵەی نەبێت ، ئەگەر مرۆڤەکان دڵیان بەرامبەر یەکتر فراوان نەبێت و لەیەکتر نەبوورن ئەوە نابێت کەس سەلام لەکەس بکات ، ژن و مێرد نزیکترین کەسن لە یەکتری ، وە ئەو خۆشەویستییەی لەنێوان ژن و مێرد ھەیە لەنێون ھیچ کەسانێک نییە ، پیاو ئەگەر لە خێزانی خۆی نەبوورێت ئەی لە کێ دەبوورێت ؟! وە ئافرەتیش ئەگەر لە ھاوسەری خۆی نەبورێت ئەی لە کێ دەبورێت ؟! مرۆڤ چەند ئیمانی بەھێز بێت نەرم و نیانی و لێبوردەیی زیاتر دەبێت ، ئەگەر گەورەترین تاوان بەرامبەری بکرێت لێی دەبوورێت و دوعای خێر و چاکە و ھیدایەتیشی بۆی دەکات ، ئەمە ئیمانیداری ڕاستەقینەیە خوا ھیدایەتی ھەموومان بدات بۆ ئەم ئیمانە .
گرینگترین شت ئەوەیە ئافرەت گوێڕایەلی ھاوسەری خۆی بکات ، چونکە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( إِذَا صَلَّتْ الْمَرْأَةُ خَمْسَهَا ، وَصَامَتْ شَهْرَهَا ، وَحَفِظَتْ فَرْجَهَا ، وَأَطَاعَتْ زَوْجَهَا ، قِيلَ لَهَا : ادْخُلِي الْجَنَّةَ مِنْ أَيِّ أَبْوَابِ الْجَنَّةِ شِئْتِ )) رواه الإمام أحمد (1664) من حديث عبد الرحمن بن عوف رضي الله عنه ، وصححه الألباني في "صحيح الجامع" (660) .
واتە : ئەگەر ئافرەت پێنج نوێژی کرد ، وە مانگی ڕەمەزانیش بەڕۆژوو بوو ، وە دامێنی خۆی بپارێزێت ، وە گوێڕایەلی ھاوسەری خۆی کرد ، پێی دەوترێ : بڕۆ بۆ ناو بەھەشت لە ھەر دەرگایەکی بەھەشت بتەوێ .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net