سەردێری پرسیار: پرسیار : مانای ئەم ئایەتە سوودەکانی چیین : (( قُلْ هَٰذِهِۦ سَبِيلِىٓ أَدْعُوٓاْ إِلَى ٱللَّهِ ۚ عَلَىٰ بَصِيرَةٍ أَنَا۠ وَمَنِ ٱتَّبَعَنِى ۖ وَسُبْحَٰنَ ٱللَّهِ وَمَآ أَنَا۠ مِنَ ٱلْمُشْرِكِينَ )) ؟

بەرواری دانان: 2019-02-17 کۆدی پرسیار: 1040

پرسیار:

پرسیار : مانای ئەم ئایەتە سوودەکانی چیین : (( قُلْ هَٰذِهِۦ سَبِيلِىٓ أَدْعُوٓاْ إِلَى ٱللَّهِ ۚ عَلَىٰ بَصِيرَةٍ أَنَا۠ وَمَنِ ٱتَّبَعَنِى ۖ وَسُبْحَٰنَ ٱللَّهِ وَمَآ أَنَا۠ مِنَ ٱلْمُشْرِكِينَ )) ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : خوای گەورە دەفەرمووێت : ((قُلْ هَٰذِهِۦ سَبِيلِىٓ أَدْعُوٓاْ إِلَى ٱللَّهِ ۚ عَلَىٰ بَصِيرَةٍ أَنَا۠ وَمَنِ ٱتَّبَعَنِى ۖ وَسُبْحَٰنَ ٱللَّهِ وَمَآ أَنَا۠ مِنَ ٱلْمُشْرِكِينَ )) [ یوسف : ١٠٨ ] .

واتە : بلێ بە خەلکی : ئەم بانگەوازی تەوحید و یەکتاپەرستییە ڕێگای منە ، بانگەواز دەکەم تەنھا بۆ لای خوا ، لەم کارەشەمدا ھیچ شتێ ناکەم بە شەریکی خوا ، لەسەر چاوڕۆشنی و عیلم و یەقینم لەو کارەمدا ، خۆشم و ھەر کەسێکیش کە شوێنم کەوتووە ، لەسەر چاوڕۆشنی و عیلم و یەقینە ، بلێ خوا پاک و بێگەردە لەوەی کە شەریکی ھەبێت ، منیش بەریم و دوورم لە تەواوی موشریکەکان .

ســـــــــــوودەکانی ئـــــەم ئـــایـــــەتــــە :

سوودی یەکەم : ئەم ئایەتە بەلگەیە دەبێت موسلمان بەری بێت لە موشریکەکان ، یەکێک لە گرینگترین بابەتی بیرو باوەر خۆش ویستن و پشتیوانی کردنی خۆشەویستانی خودایە ، وە دژایەتی کردنی ناحەزان و دوژمنانی خودایە ، ئەم دوو کارە دژاودژی یەکترن ، واتە دۆستایەتی خۆشەویستانی خودا ناکرێت هەتاکو دژایەتی ناحەزانی خودا نەکەیت، خۆش ویستن و ڕق لێ بوونەوە دەبێت لە پێناو خوا بێت ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( پتەوترین گرێی ئیمان ئەوەیە خۆش ویستن و ڕق لێ بونەوە لەبەر خوا بێت و لەڕێگای خوا دا بێت . ))

زانایان دەلێن دروستە مرۆڤ کافری خۆش بوێت خۆش ویستنی سروشتی جا چ لەبەری خزمایەتی یان چاکەی لەگەل کردووە ، بەلام دەبێت بەری بیت لە دینەکەی وە ڕقیشت لێ بێت .

زانایان دەلێن پشتیوانی و خۆش ویستنی کافر ئەم سێ حالەتانەن :

حالەتی یەکەم : ئەگەر خۆشت بوێت و پشتیوانی لێ بکەیت لەبەر کوفرەکەیان ئەمە کوفری گەورەیە .

حالەتی دووەم : ئەگەر خۆشت بوێت و پشتیوانی لێ بکەیت وە رێزی لێ بگری لەبەر دونیا ئەمەیان حەرامە .

حالەتی سێیەم : ئەگەر خۆشت بوێت و پشتیوانی بکەیت لەبەر ئەوەی چاکەی لەگەل تۆ کردووە یان نزیکی خۆتە ، ئەمەیان دروستە بەلام حەربی نەبێت واتە شەر دژی موسلمانان نەکات .

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( سوودێکی گرینگی ئەم ئایەتە بەری بوون لە موشریکەکان ، ئەوەی بانگەوازی بۆ خوا دەکات بەلکو ھەموو موسلمانێک ، بەلام ئەوەی بانگەوازی دەکات بە پلەی یەکەم ، چونکە پێشەوایە و دەبێت بەری بێت لە موشریکەکان ، لەبەر ئەوەی ئەوان دوژمنی خوان و دوژمنی پێغەمبەرکانی خوان و دوژمنی ئیماندارانن ، (( لا تتخذوا عدوي و عدوكم أولياء )) ھەر کەسێک بەری نەبێت لە موشریکەکان ئەوە تەحقیقی بانگەوازی کردن بۆ خوای نەکردووە ھەتا خۆشی بداتە پاڵی ، ئەمە بابەتێکی گرینگ و گەورەیە . )) إعانە المستفید

سوودی دووەم : ئەم ئایەتە بەلگەیە کە ڕێگای پێغەمبەر و ڕێگای شوێن کەوتوانی ڕاستەقینەی بانگەوازی کردنە بۆ لای خوا و یەکتاپەرستی .

سوودی سێیەم : ئەم ئایەتە بەلگە ھەر کەسێک بانگەوازی نەکات و توانایی ھەبێت بۆ بانگەوازی کردن بۆ لای خوا ، ئەوە لە شوێن کەوتوانی ڕاستەقینەی پێغەمبەر نییە و کەمتەرخەمیەکی زۆری ھەیە .

سوودی چوارەم : ئەم ئایەتە بەلگەیە دەبێت بانگەوازی تەنھا بۆ خوا بکەیت بە ئیخلاسی نەک بۆ ڕیا و سومعە و بەناوبانگ بوون و بەدەست ھێنانی سوودەکانی خۆت .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بانگخوازەکان دەکرێن بە دوو بەش :

(١) بانگخوازی بۆ لای خوا .

(٢) بانگخواز بۆ لای بێجگە لە خوا .

بانگخواز بۆ لای خوا نییەت پاکە و تەنھا دەیەوێت خەلک بگەیەنێت بۆ لای خوا ، بانگخواز بۆ لای بێجگە لە خوا بانگەواز بۆ نەفسی خۆی دەکات ، بانگەواز بۆ خوا دەکات بۆ ئەوەی گەورە و بەڕێز بێت لە نێوان خەلک ، ... )) القول المفید ج١ لاپەڕە ١٦٠ ــ ١٦١

سوودی پێنجەم : دەبێت بانگخواز زانستی بەسوودی لا بێت بۆ بانگەوازی کردن .

خەلک لە بانگەواز کردن بە پێی ڕیز بەندی ئەمانەن :

(١) زانا : ئەوەیە کە ئەدەواتی زانستی خوێندبێت و لەبەر بێت وەک قورئان و فەرموودە و اصول و ... .

(٢) قوتابی زانست : ئەوەیە کە ھەندێک لە ئەدەواتی زانستی بەدەست ھێناوە و لە ڕێگایە بۆ تەواو کردنی .

(٣) بانگخواز : ئەوەندەی بە دەست ھێناوە لە بانگەواز پێی بکات ، بانگەواز ناکات ئیلا بۆ ئەو بابەتانە نەبێت کە تێیگەیشتووە .

(٤) ئامۆژگاری کار : ئەوەیە کە ھەندێک فەرموودەی لەبەر کردووە بۆ ترساندن و ئارەزووو خستنە سەر .

(٥) ئەوەی چیڕۆک دەگێڕێتەوە : ئەوەیە ھەندێک لە چیرۆک و حیکایەتی لەبەر کردووە و بۆ خەلک دەگێڕێتەوە .

سوودی شەشەم : شیرک بەکەم دانانێکی گەورەی تێدایە و دەبێت خوای گەورە پاک ڕابگیرێت و بەدوور بگریت لە شیرک .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام