پرسیار : حوکمی تەرتیب بۆ دەست نوێژ گرتن ؟
وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە تەرتیب دوو وتە ھەیە :
یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون تەرتیب واجبە بۆ دەست نوێژ ، سەرەتا لە شۆردنی ڕوخسار دەست پێ دەکەیت پاشان ھەردوو دەست پاشان مەسحی سەر پاشان شۆردنی ھەردوو قاچەکان ، ھەر کەسێک ئەندامێک پێش ئەندامێکی تر بخات دەست نوێژی دروست نییە ، ئەمە وتەی شافعی و ئەحمەد و ئەبو عوبێدە و ابن حزم و ابن باز و ابن عثيمينە ، بەڵگە :
(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( فَاغْسِلُوا وُجُوهَكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ إِلَى الْمَرَافِقِ وَامْسَحُوا بِرُؤُوسِكُمْ وَأَرْجُلَكُمْ إِلَى الْكَعْبَيْنِ )) [المائدة : 6].
ئەم ئایەتە بەڵگەیە بۆ واجبی تەرتیب لە دوو ڕووەوە :
(أ) خوای گەورە کاتێک باسی دەست نوێژ دەکات مەسحی سەر خستۆتە نێوان دوو ئەندام کە دەبێت بشۆردرێن کە ھەردوو دەست و قاچەکانن ، بەڵگەیە کە تەرتیب واجبە .
(ب) ئایەتەکە باسی واجبەکانی دەست نوێژ دەکات ، نەک سونەتەکان ، بەڵگەیە کە تەرتیب واجبە .
(٢) ھەموو ئەوانەی باسی دەست نوێژی پێغەمبەریان کردووە بە شێوەی تەرتیب باسیان کردووە ، وە وشەی " ثم " بەکار ھاتووە بەڵگەیە بۆ تەرتیب .
(٣) دەست نوێژ عیابدەتێکە وەک نوێژ تەرتیب بۆی واجبە .
دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون تەرتیب واجب نییە ، ھەر کەسێک ئەندامێک پێش ئەندامێکی تر بخات دەست نوێژی دروستە ، کە ئەمە وتەی مالک و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد ، بەڵگە :
(١) فەرموودەی ربیع بنت معوذ باسی دەست نوێژی پێغەمبەر دەکات درود و سەلامی خوای لێ بێت : (( ھەردوو دەستی شۆرد سێ جار ، وە ڕوخساری شۆرد سێ جار ، وە ئاوی لە دەم و لووتی ڕادا ، ..... )) وفي لفظ : (( فيبدأ فيغسل يديه قبل أن يدخلهما ثلاثا ، ثم يتوضأ فيغسل وجهه ثلاثا ، ثم يمضمض ثلاثا ، ويستنشق ثلاثا ، ..... )) أخرجه أبوداود (١٢٦) ، والدارقطني (٩٦/١) واللفظ الثاني له ، حسنه الألباني في " صحيح سنن أبي داود " (٢٧/١) .
(٢) خوای گەورە باسی دەست نوێژ دەکات ، واو لە ئایەتی سورەت مائدە واوی عطفە نابێتە بەڵگە بۆ تەرتیب .
واتەی ڕاست تەرتیب لەنێوان ھەر چوار ئەندامەکانی دەست نوێژ واجبە ، وەڵام بۆ وتەی دووەم :
(١) فەرموودەی ربیع بنت معوذ معلولە ، چونکە ڕیوایەتی عبداللە بن محمد بن عقیلە .
(٢) ئەگەر فەرموودەکە صحیحیش بێت ئەوە پێش خستنی ڕوخسار بەسەر ئاو لە دەم و لووت ڕادان دروستە ، چونکە دەم و لووت بە ڕوخسار حساب دەکرێن .
(٣) ڕاستە خوای گەورە عطفی کردووە بە واو بەڵام سونەت ڕوونی کردۆتەوە ئەم واوە بۆ تەرتیبە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( واجبە تەرتیب لەنێوان ئەندامەکانی دەست نوێژ ، لەبەر وتەی : " أبدأ بما بدأ اللە بە " أو : " ابدؤوا بما بدأ اللە بە " یەکەم جار ڕوخسار دەشۆین ، پاشان ھەردوو دەستەکان ، پاشان مەسحی سەر ، پاشان ھەردوو قاج دەشۆین . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج١ لاپەڕە ٣٢٣ .
عبداللە بن عبدالرحمان ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( ئەم تەرتیبە ئەوەی باس کراوە لە ئایەتی سورەت مائدە واجبە بۆ دەست نوێژ ، ھەر کەسێک دەست نوێژ بگرێت لەسەر ئەم تەرتیبە نەبێت ئەوە دەست نوێژی دروست نییە ، ھەندێک زانا دەڵێن دەست نوێژی دروستە . .....
سەبارەت بە تەرتیبی ئاو لە دەم و لووت ڕادان ، وە شۆردنی ڕوخسار ، وە تەرتیبی نێوان دەستەکان ، یان تەرتیبی قاچ بۆ قاچی تر ، یان لەنێوان ھەردوو گوێ و سەر ، یەک دەنگی زانایان ھەیە کە سونەتە واجب نییە ، چونکە وەک یەک ئەندام وایە ، ئیلا ئەوە نەبێت پێش خستنی ڕاست باشترە . )) توضیح الأحکام ج١ لاپەڕە ١٩٤ - ١٩٥ .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net